وێرانەكانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی نەینەوا، کە دیوارە به دوكهڵ رەشهەڵگهڕاوهکانی تەنراون بە جێگافیشەك و داروپەردوو زەوییەکەی داپۆشیوە، بەمدواییانە بووە شوێنی بەرهەمێکی نوێی شانۆیی خوێندکاران.
شوێنی نمایشی شانۆییەکە، بهناونیشانی "تکت و گەشتیاران"، پڕاوپڕی دەقەکە بوو کە نمایشی زیاد لە دوو ساڵ داگیرکردنی موسڵی دەکرد لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە و مەینەتی خەڵکەکەشی، تا رزگارکردنی.
شانۆییەکە له نوسین و دەرهێنانی زافر سەباح بوو کە مامۆستایه لە پەیمانگاکە و تیمی بەرهەمهێنانی شانۆییەکەش خوێندکارانی لە بەشی جیاوازەوە تێدابوو، لەنێویاندا شانۆ، ئەکتەری، دانانی مۆسیقا و خۆشنوسی.
ژمارەیەکی کەم کورسی هەبوون بەهۆی بەربەستەکانەوە لە شوێنی نمایشهكهدا.
سەرۆکی کاتیی پەیمانگاكه، فەلاح عەبد حەمدون، بە دیارونای وت: "بەرهەمەكه وەك راهێنانێك وابوو بۆ فیستیڤاڵێکی گەورەتری هونەری کە بەمزوانە نمایشدەکرێت لە شارەکەدا."
هەروەها رەنگدانەوەی سوربوونی خوێندکاران و ستافەکەیە لهسهر زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا تا دیمەنی هونەری و ئاساییبوونهوهی بارودۆخ جارێکی تر باڵبكێشێتهوه بهسهر موسڵدا.
وتیشی: "بەرهەمی هونەری نابێت بكهوێتهژێر کاریگەریی قەیران و جەنگهكانهوه، لەهەرشوێنێك بن." ههروهها وتی: "دەبێت خەڵك رووبەڕووی کاتە سەختەکان ببنەوە بە تەرکیزکردنە سەر هونەر و داهێنان و ژیان، وەك له دۆخی ئەمڕۆی موسڵدا."
گەڕانەوەی هونەریی موسڵ
مۆسیقاری عێراقی سەلیم سالم بە دیارونای وت هونەرمەندانی موسڵ هەستیان بە مەترسی کرد هەر کە داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت و هەڵاتن بۆ ناوچەی سەلامەتتر. ئاماژەی بەوەشکرد کە بەدرێژایی قەیرانەکە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ چەندین هونەرمەندی شارەکەدا.
وتی زۆر هونەرمەند و مۆسیقار و شانۆنوس دوای ساڵانێك لە ئاوارەیی و مەینەتیکێشان ئێستا گەڕاونەتەوە و سوورن لەسەر ژیاندنهوهی دیمەنی هونەری و پێشبینیی ئەوەشی كرد كه هێواش هێواش هەمووان بگەڕێنەوە.
وتیشی: "پێموانیە بواری هونەری رابوهستێت. بەپێچەوانەوە، لە جاران باشتر دەبێت، دوای ئەوەی تیرۆریستان شکستیان پێهێنرا و لەناوبران."
وتی بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە بوژاندنەوەی ئاسان بێت.
ههروهها وتی ئەمڕۆ هونەرمەندانی موسڵ رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبنەوە، لەنێویاندا ورەی نزم، کە دەکرێت کاریگەریی هەبێت بۆسەر بەرهەمە هونەرییەکانیان و ئاماژەی بەوەشکرد کاتی دەوێت تا هونەرمەندان جارێکی دیکە پڕبەرهەم ببنەوە.
پاڵپشتیی حکومەتی عێراق
سالم داوای لە حکومەتی عێراق کرد ژێرخانی روخاوی شاری موسڵ بنیاتبنێتەوە تا هونەرمەندان بتوانن بەتەواوی تواناوە دەستبکەنەوە بە کار.
وتی: "گەر بەدەوامبن لە کارکردن لەناو داروپەردووهكاندا و لەم دۆخە سەختەدا، ئەوە تەنیا هی داهێنانکارییانە کە دەبێت دەستخۆشییان لێبکرێت بۆ ئهوه."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هیام عەبدال، وتی دەسەڵاتی ناوخۆیی سوورە لەسەر پشتگیریکردنی بواری هونەری بۆ دەستپێکردنەوەی بۆنە و بەرهەمه کلتوری و ئەدەبیهكان له موسڵ.
عەبدال وتی چەند رۆژێك لەمەوبەر، داوایەکی لە گروپێك شاعیرانەوە پێگەیشت بۆ یارمەتیدانی رێکخستنی فیستیڤاڵێکی شیعری لە موسڵ و کارکردن لەگەڵ كاربهدهستاندا بۆ بەدیهێنانی فیستیڤاڵەکە.
فیستیڤاڵهكه لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات و بەرپرسانی حکومەتیش ئامادەی دەبن.
وتی: "سەرەڕای سادەییان، ئهو فیستیڤاڵهی بهڕێوهیه و ههوڵه هونەرییه تاکەکەسییهكانی دیکە رەنگدانەوەی حەزی خەڵکی نەینەوایە بۆ زیندووکردنەوەی دیمەنی هونەری، هەرچەندە كهموكرتیش بن لهچاو ئهوهدا کە پارێزگاکە دەیەوێت بەدەستیبهێنێت،."
عەبدال ئهوهی پشتڕاستکردەوە كه بە گەڕانەوەی شانۆ بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان، دەسەڵاتی خۆجێیی مەبەستیەتی پەیمانگاکە لە نزیكترین دەرفەتدا بکاتەوە.
ناوبراو بەهیوابوو کە بەرهەمی هونەریی زیاتر لەوێ نمایشبکرێت، بۆئەوەی هونهری نمایش جارێکی دیکە لە موسڵ چالاکببێتەوە.