پۆلیسی فیدراڵی عێراق سێشەممە (8 ئاب) ئاشکرایکرد پلانیان هەیە بۆ خافڵگیركردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە بەکارهێنانی تەکتیکی نوێ لە شهڕی داهاتوودا بۆ ئازادکردنی شاری تەلەعفەر له پارێزگای نەینەوا.
وتەبێژی پۆلیسی فیدراڵی، عەقید عەبدولڕەحمان خەزعەلی، بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ راهێنانی چەند یەکەیەکی هەڵبژێردراومان تەواوکرد لە فیرقەی 5 و 3ی هێزەکانمان، لەگەڵ لیوای نیشانگر و یەکەی شهڕكهری دیکە."
خەزعەلی وتی ئەم یەکانە "سێ هەفتە راهێنانی سەربازی لەسەر شێوازی مۆدێرنی شهڕ"یان کردووە، بەبێ دەرخستنی وردەکاریی زیاتر دەربارەی قەبارەی یەکەکان و جۆری ئەو راهێنانهی پێیاندراوه.
ناوبراو تەنیا جەختی لەوەکردەوە کە هێزەکانی عێراق "دوژمن تووشی شۆك دەکەن بە تەکتیکی نوێی شهڕ کە جیاوازن لەوانەی لە ئازادکردنی موسڵدا بەکارهاتن".
وتی فەرماندەیی هاوبەشی سوپا پلانێکی چڕوپڕی داڕشتووە بۆ گرتنەوەی تەلەعفەر و وتیشی پۆلیسی فیداراڵی "بەشداریدەکات لەگەڵ هێزەکانی تردا بۆ بهتهواوی ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا و لەناوبردنی داعش".
وتیشی هێزەکانی پۆلیس لەئێستادا "ئهركی گهوره ئهنجامدهدهن لە ناوچەكانی ژێر بەرپرسیاریێتیاندا، کە لە بەشی خۆرئاوای موسڵەوە درێژدەبێتەوە بۆ قەزای گەیارە لە باشوری شارەکە".
ههروهها وتی: "کاردەکەین بۆ هێشتنەوەی ناوچەکە، پاراستنی ئارامی، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوە."
مانگێك لە پێشڕەوی
خەزعەلی وتی لە مانگی رابردوودا، هێزەکانی پۆلیس توانییان 47 تیرۆریست دەستگیربکەن کە خۆیان لەنێو خێزانە ئاوارەکاندا شاردبوهوە و لەگەڵیاندا هەڵاتبوون لەکاتی شەڕی موسڵی کۆندا.
وتیشی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بوونههۆی "دۆزینەوەی 184 پشتێنەی بۆمبڕێژکراو لە حەشارگەی چەکدارەکاندا لە [موسڵ]، چوار شوێنکاری دروستکردنی بۆمب و سێ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، لەگەڵ پوچەڵکردنەوەی 20 ماڵی بۆمبڕێژکراو".
وتی: "هەروەها دەستمانگرتووە بەسەر بڕێکی زۆر لە چەك و موشکهاوێژی جۆراوجۆردا لەکاتی پشکنیندا، بەگشتی 2,170، لەنێویاندا، هاوەن و موشەکهاوێژ و سیستمی پەیوەندیگرتن."
خەزعەلی وتی هەروەها لەنێو [كهلوپهله] دەستبەسەرداگیراوەکاندا "10 تەن نیتراتی ئامۆنیۆم و پێنج بەرمیل ماددەی سی-4 و ماددەی مەترسیدار کە بەکارهاتوون لە دروستکردنی بۆمبی دەستکردی وێرانکەر و مین بە کاریگەریی کیمیاییەوە" ههبوون.
وتیشی لە 7 تەمموزەوە، هێزەکانی پۆلیس پشکنینی ئەمنییان ئەنجامداوە لە 1,614 ماڵ و بینادا.
ههروهها وتی پۆلیسی فیدراڵی بەردەوامە لە هەوڵەکانی "بۆ دابینکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ خەڵکی موسڵ و رێگەنەدان بە دەستپێکردنەوەی چالاکی تیرۆریستی".