هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق خێزانەکانی داعش لە کەمپێکی نزیك موسڵ دەپشکنن

خالید تائی

ژنانی ئاوارەی کەمپی بەرتەلە کۆمەکی خۆراکیان پێدەگات لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، لە وێنەیەکدا کە 15 تەمموز بڵاوکراوەتەوە. هێزەکانی عێراق خێزانی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' دەگرن و لێکۆڵینەوەیان لە کەمپەکانی ناوچەکە لەگەڵدا دەکەن. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەرگیراوە]

ژنانی ئاوارەی کەمپی بەرتەلە کۆمەکی خۆراکیان پێدەگات لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، لە وێنەیەکدا کە 15 تەمموز بڵاوکراوەتەوە. هێزەکانی عێراق خێزانی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' دەگرن و لێکۆڵینەوەیان لە کەمپەکانی ناوچەکە لەگەڵدا دەکەن. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەرگیراوە]

لە کەمپێکی نزیك موسڵ کە له‌ژێر پاسەوانییه‌كی زۆردایە، هێزەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی خێزانی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن.

کەمپەکە، نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی موسڵ و لە شارۆچکەی بەرتەلە، تەنیا خێزانی ئەو چەکدارانەی داعشی تێدایە کە هەڵاتوون یان لە شەڕی موسڵدا کوژراون.

بەرپرسان رایانگەیاند لەنێو کەمپەکەدا، کە 9 تەمموز کرایەوە، هێزەکانی عێراق پشتڕاستی ناسنامەی ئەندامانی خێزانه‌كانی داعش دەکەنه‌وه‌ تا دڵنیابن لەوەی تێوەنەگلاون لە تاوان یان پشتگیریكردنی چەکدارەکان.

راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا دورەید حیکمەت بە دیارونای وت کەمپەکە نزیکەی 1,000 کەسی تێدایە کە "هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و فریاگوزارییان پێدەگات" و لەلایەن بەرپرسانی خۆجێیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

وتی: "کەمپەکە هاوشێوەی کەمپەکانی دیەکەیە بۆ ئاوارەکان لە شارۆچکەکانی خازه‌ر و گەیارە، چونکە نێوەندی تەندروستی تێدایە بۆ چارەسەری هەموو دۆخەکان و خێزانەکان شمەکی فریاگوزاری و خۆراك و ئاویان پێدەگات."

وتیشی: "ئەندامانی ئەم خێزانانە زۆربەیان ژنن و مێردەکانیان چەکداربوون لە ریزەکانی داعشدا، لەنێویاندا هەندێکیان سکپڕن و ئەوانیدیکە دایکی منداڵی بچوکن. هەروەها لاو و پیاویان تێدایە."

هه‌روه‌ها وتی لیژنەیەکی ئەمنیی تایبەت تۆماری تایبەتی ئەم کەسانە رووبه‌ڕووی داتابەیسێك ده‌كه‌نه‌وه‌ کە زانیاری هەواڵگری و شایەتیدانی خەڵکی ناوچەکەی تێدایە.

پێویستی به‌ بنیاتنانەوە

حیکمەت جەختیکردەوە لەسەر پێویستی به‌ "نێوەندی چاکسازی بۆ ئەو خێزانانەی بە کردەی تیرۆریزم یان پشتگیریی داعش تاوانبارنەکراون، بەتایبەتی ئەو ژنانەی ناچارکراون هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو چەکدارانە بکەن و منداڵیان لەوان بووە".

وتی ئەم خەڵکە لەگەڵ تیرۆیستاندا ژیاون "بە ماوەیەکی درێژ و بەدەستی ئەوانەوە ئازاریان چەشتووە و رەنگە تاڕادەیەك كه‌وتبێتنه‌ژێر كاریگه‌ریی بە بیروڕا توندڕەوەکانیانه‌وه‌." وتیشی: "نابێت بەبێ چارەسەری چاکسازی جێبهێڵدرێن و دەبێت تیماری دەروونییان بۆ بکرێت تا یارمەتییان بدات بچنەوە نێو کۆمەڵگە."

لە 20 حوزەیراندا، ئەنجومەنی قەزای موسڵ دەنگی دا لەسەر "قەدەغەکردنی رێگەدان بە گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش بۆ شوێنەکانی خۆیان لە موسڵ و دەرکردنی ئەو خێزانانەی کە ئێستا لە شارەکەدا دەژین".

بەڵام ئەم بڕیارە کاردانەوەی دوولایەنەی لێکەوتەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شەبیب سەبعاوی وتی کێشەی ئەم خێزانانە پەرلەمانی عێراق رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دایه‌كی راستەقینه‌ ده‌كاته‌وه‌ کە دەبێت چاره‌سه‌ری بکات.

بناغەیه‌ك بۆ سەقامگیری

سەبعاوی وتی: "دەبێت بناغەیه‌ك دابنێین و لەئێستاوە ده‌ستیپێبكه‌ین، بۆ سەقامگیری و دادپەروەری لە [موسڵ] بە بەخشینی ماف بە قوربانیانی تیرۆریزم و لەخۆگرتنی منداڵانی بێتاوانی خێزانەکانی داعش تا لە ژینگەیەکی گۆشەگیردا نەژین و نەبنە توندڕەو یان دوژمنی کۆمەڵگە."

لەلایەکی دیکەوە، پشتیوانانی قەدەغەکردنه‌كه‌ وەك ئامرازێك دەیبینن بۆ رێگرتن لە کاردانەوە دژی ئەو خێزانانە هه‌ر لەبەرئەوەی پەیوەندییان بە چەکدارانەوە هەبووە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا محەمەد نوری عەبد رەبه‌ وتی: "ترسی گەڕانەوەی ژینگەی گونجاو بۆ تیرۆریستان بەسە بۆ پاساودان بە قەدەغەکردنی گەڕانەوەی خێزانی چەکداران لەئێستادا."

ره‌به‌ بە دیارونای وت: "ئەگەری گەڕانەوە هەیە، بەڵام تەنیا دوای تەواوکردنی پرۆسەی پشکنینی [ئەمنی] و جیاکردنەوەی بێتاوانان لەوانەی دەستیان بە خوێن سوورە یان یارمەتی ئه‌و خزمانه‌ی خۆیان داوه‌ كه‌ سه‌ربه‌ داعش بوون لە ئەنجامدانی تاوانەکانیاندا."

وتی لە کەمپەکەدا، خێزانەکانی داعش "پارێزراون و بە وردی چاودێری ده‌كرێن لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و كاربه‌ده‌ستانی ناوخۆییه‌وه‌".

وتیشی ئەوان بە پرۆسەیەکی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدا دەڕۆن بۆ دڵنیابوون لەوەی پاکن لەڕووی ئەمنییەوە و ئاماژەی بەوەشکرد "گەر بێتاوانییان بەڕاستی سەلمێنرا، بێگومان دەگەڕێنەوە بۆ ژیان لەنێو خەڵکدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

تکایە ئاگادارمان بکەنەوە سەبارەت بە خێزانی ئەندامانی داعش لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە. ئەوان کەی دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان؟ ئێمە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەوانەین کە هەڵخەڵەتێنراون. داوا لە خوا دەکەم بیانحەسێنێتەوە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌