رەشنوسی یاسایەك کە وروژاندنی تائیفی و رەگەزی بەتاواندەکات مانگی پێشوو خرایهبهردهم پەرلەمانی عێراق.
هەوڵی ناساندنی یاسایەك کە سزای ئەو کەسانە دەدات کە ناکۆکی تائیفی دەوروژێنن لە 2014 دەستیپێکرد، کاتێك رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی رێكخراوی عێراقییانی ناتائیفی کەمپینێکی جەماوەرییان بۆ دەرکردنی وەها یاسایەك رێکخست.
لەوکاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە یاساناسان و پارێزەران و توێژەران بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد کە داوای خێرا جێبەجێکردنی دەکرد.
ساڵێك دوای ئەوەی ئەو کەمپینە دەستیپێکرد، پەرلەمانتارانی عێراقی واژۆیان کۆکردەوە بۆ داڕشتنی یاساکە، بەڵام داواکارییەکان هێواش هێواش کەمبوونەوە بەهۆی ئهو رووداوە سیاسی و ئەمنیانەوە کە باڵیانكێشا بهرسهر عێراقدا.
سەرۆکی رێكخراوی عێراقییانی ناتائیفی، حەسەن فالح، وتی قایلبوونی حکومەت بۆ دەرکردنی رەشنوسی یاساکە "کەڵەکەبوونی هەوڵێكی زۆرە لەلایەن زۆرێك لە لایەنە جەماوەری و مەدەنییەکانەوە و لە ماوەی سێ ساڵدا".
فالح بە دیارونای وت: "داواکارییهكهمان دهربارهی پێویستی بوو به دەرکردنی یاسایەکی تایبەت کە سزای هەموو ئەو کەسانە بدات کە تائیفیەت و رەگەزپەرستی دەوروژێنن و ئەوانەش کە هەوڵدەدەن یاری بە گوتاری كینهئامێز بکەن کە هەوڵدەدات ناکۆکی بخاتەنێو خەڵکەوە."
پێویستی به یاسایەکی تایبەت
دەستوری عێراق و یاسای دیکەی وەك مادەی 4ی یاسای دژە تیرۆر، باس لە گوتار و کاری تائیفی دەکەن.
فالح وتی بەڵام ئەم یاسایانە بەڕاستەوخۆ باس لەم جۆرە لە تاوان ناکەن و هیچ دەقێك نیە تاوانێكی لەوجۆرە لەخۆبگرێت یان هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر دژی ئەوانەی بەم جۆرە تاوانە تاوانبارکراون.
وتیشی: "داڕشتنی یاساکە شتێکی باشە، بەڵام پێویستمان بە میکانیزمێکی کاریگەرە بۆ جێبەجێکردنی لە واقیعدا."
فالح پێشنیازی کرد کە "دەزگای ئەمنی وکۆمەڵایەتی" دابمەزرێنرێت بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی پێشێلکاری دژی ئەو یاسایە و دەستگیرکردنی ئەوانەی پێشێلیدەکەن.
سەرۆکی ناوهندی عێراقی بۆ بیری سیاسیی، ئیحسان شەممەری، وتی داڕشتنی ئەو یاسایە کە وروژاندنی تائیفی بەتاوانبکات بەشێکە له "هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی دەستکەوتی بەرچاو کە لەدژی تیرۆریزم لە موسڵ بەدەستهاتوون".
شهممهری بە دیارونای وت بە دووبارە خستنەبەرباسی ئەم یاسایە، حوکمەت دەیەوێت "دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ زیادکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی و ساڕێژکردنی برینەکان، هەروەها مەبەستێتی دژی هەر کەمپینێك یان وتارێك بوەستێتەوە کە سەرکەوتهكان دەشێوێنێت".
وتی یاساکە لەسەر بنەمای مادەی 7ی دەستوری عێراقە کە گرتنهبهر یان وروژاندنی رەگەزپەرستی و تیرۆریزم و تائیفیەت قەدەغەدەکات.
وتیشی: "هەروەها لە کرۆك و بنەماکانی یاسای تاوانی عێراقییەوە وەرگیراوە، کە باس لە کێشەی شەڕی تائیفی و بەتاوانکردنی ئەو کیان و کەسانە دەکات کە بانگەشەی بۆ دەکەن."
شەممەری وتی دەبێت یاساکە واژۆبکرێت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دوای ئەوەی کۆدەنگیی هێزە سیاسییەکان بەدەستهێنرا "بۆ دەرکردنی وەك پێویستییەکی نیشتیمانی".
پرسینەوە لە پێشێلکاران
پەرلەمانتاری عێراقی، عەبدولڕەحمان لوێزی، کە پشتگیریکار و بانگەشەکاری یاسا نوێیەکەیە وتی زیندووکردنەوەی یاساکە هەنگاوێکی "ئەرێنی"یە.
لوێزی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی به "چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرسینەوە لەهەر کەس یان کیانێك کە بانگەشە بۆ تائیفیەت یان رقوكینه دەکات و بەشداریدەکات لە هەڕەشەکردن لە یەکێتیی وڵاتەکە و سەلامەتیی خەڵکەکەی".
لوێزی بە دیارونای وت رەشنوسەکە دەبێت بەبێ دواخستن بکرێت بە یاسا و جەختیشکردهوە لە پێویستی به "ویستێکی سیاسیی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و نەهێشتنەوەی وەك نامەیەکی پشتگوێخراو".
وتی: "بێگومان دەبێتە بابەتێك بۆ گفتوگۆ و پێشنیازی زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییە پەیوەندیدارەکان. رەنگە بەندی یاسایی بۆ زیادبکرێت، لێی بسڕدرێتەوە یان هەمواربکرێت تا پێدەگات و دوایین دەنگی لەسەر دەدرێت تا بکرێتە یاسا."
لە بەیاننامەیەکدا دوای خولی 18 تەمموز، ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند کە رەشنوسەکە قبوڵکراوە "وەك هەوڵێك بۆ هێشتنەوەی یەکێتی و تەبایی خەڵك و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکاندا".