هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تیمە فریاگوزاریەکان بەردەوامن لە گه‌ڕان به‌دوای خەڵکی زیندووی ژێر داروپەردووه‌كانی رۆژئاوای موسڵ

خالید تائی

تیمەکانی بەرگری شارستانی عێراق بۆ ئەو کەسە رزگاربووانه‌ دەگەڕێن کە گیریانخواردووە لەژێر داروپەردووی بینا روخاوه‌لامدا لە رۆژئاوای موسڵ. [وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی بەرگری شارستانی عێراق]

تیمەکانی بەرگری شارستانی عێراق بۆ ئەو کەسە رزگاربووانه‌ دەگەڕێن کە گیریانخواردووە لەژێر داروپەردووی بینا روخاوه‌لامدا لە رۆژئاوای موسڵ. [وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی بەرگری شارستانی عێراق]

تیمەکانی بەرگری شارستانی عێراق ژمارەیەکی زۆر مەدەنییان گواستۆتەوە کە گیریانخواردبوو لەژێر داروپەردووی بینا روخاوه‌كانی گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵدا، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی نەینەوا چوارشەممە (26 تەمموز) رایگەیاند.

موقەدەم رەبیح ئیبراهیم حەسەن کە سەرپەرشتیی ئەو هەوڵە فیریاگوزاریە دەكات وتی: "تیمەکانی بەرگری شارستانی هەوڵی نایاب دەدەن بۆ رزگارکردنی دانیشتووە گیرخواردووەکان."

حەسەن بە دیارونای وت لەكاتی ئازادکردنی رۆژئاوای موسڵەوە لە 10 تەمموز، 157 مەدەنی لەژێر داروپەردوودا دەرهێندراونه‌ته‌وه‌ و چارەسەریان وەرگرتووە پێشئەوەی ببرێنە په‌ناگاكان.

حەسەن وتی هه‌ر تەنیا ئەم هەفتەیە سەرپەرشتیی رزگارکردنی 33 مەدەنیی کردووه‌، لەنێویاندا ژمارەیەك ژن و منداڵ.

وتیشی: "هەینی رابردوو ئێمە خێزانێکی هەشت کەسیمان رزگارکرد کە گیریانخواردبوو لە ژێرزەمینی ماڵەکەیاندا لە ناوچەی شەعارینی موسڵی کۆندا بۆ ماوەی 25 رۆژ."

هەروەها وتی: "هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان مردنیانی پشتڕاستکردبووه‌وە، ئێمە ئۆپەراسیۆنێکی پشکنینمان ئەنجامدا و دوای کردنەوەی بۆشاییه‌ك لەنێوان پارچه‌ چیمەنتۆ به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتووه‌كاندا سەرسامبووین بە دۆزینەوەیان بە زیندوویی."

وتی: "ئەو ئۆپەراسیۆنی گەڕانە هانی ئێمەی دا کۆششمان دوهێندە بکەین سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان."

بارودۆخی سەخت

حەسەن وتی یەکێك لە ئاستەنگە هەرە گەورەکان ئەوەیە شۆفڵەکان و ئۆتۆمبیلە گەورەکان گونجاونین بۆ بەکارهێنان لە کۆڵانە بەرتەسکەکانی موسڵی کۆندا.

وتیشی: "ئێمە ناچارین ئامێری بچوکتر بەکاربهێنین کە ئەمە بەس نیە بۆ هەوڵێکی وەها گەورە و کاتیش بەفیڕۆ دەدات."

هەروەها وتی شاری کۆنی موسڵ پڕه‌ له‌ ته‌قه‌مه‌نیی نەتەقیوی بەجێماو لەپاش رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە بەربەست دروستدەکات لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردندا و ژیانی کرێکارانی بەرگری شارستانیش دەخاتە مەترسیەوە.

بەرپرسی تیمەکانی فریاگوزاری لە موسڵ، عەقید قوسەی سەعد، بە پارچە تەقەمەنییەکی نەتەقیو کوژرا لە 17 تەمموز لەکاتی ئاراسته‌كردنی شۆفڵێكدا بۆ لابردنی داروپه‌ردووی بینایەکی روخاو لە گەڕەکی موشاهەدە لە موسڵی کۆن. چوار کرێکاری تری بەرگری شارستانیش بریندار بوون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کە 20 تەمموز بڵاوکرایەوە تاکو ئێستا لاشەی 1,429 مەدەنی کە لە شەڕی موسڵدا کوژراون لەژێر داروپەردوودا دەرهێندراونه‌ته‌وه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەی برایان [شه‌قڵیوپه‌قڵی] بۆ رزگارکردن. رزگاریان بکەن، خوا بتانپارێزێت!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌