دوای ساڵێك لەوەی هێزەکانی عێراق بەری رۆژئاوای ئەم شارەی پارێزگای سەڵاحەدینیان ئازادکرد لە دەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، هەزاران مەدەنی بە گیرخواردوویی ماونهتهوه لە بەری رۆژهەڵاتی شارەکەدا.
گەمارۆی گروپەکە بۆ سەر بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە، لە بەری رۆژهەڵاتی روباری دیجلە، بووەتە هۆی کەمیی خۆراك و بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ ئهو نزیکەی 25,000 مەدەنییهی لهوێ گیریانخواردووە، بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت.
بهرپرسهكان وتیان هەر رۆژیك لە هێرشی رزگاركردن دوادەکەوێت مەینەتیەکانی مەدەنییان زیاددەکات، کە سەرەڕای ئەگەری روبەڕوبوونەوەی قاتوقڕی، دانیشتوان روبەڕووی زیادبوونی توندوتیژیش بوونهتهوه لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لە ناوچەکەدا.
قائیمقامی شەرگات، عەلی داودە، بە دیارونای وت: "دوای ئەوەی بەری رۆژئاوا چاککرایەوە نزیکەی ساڵێك لەمەوبەر، ئێمە پێشبینیمانکرد یەکە سەربازیەکان بەرەو بەری رۆژهەڵات بجوڵێن بەڵام ئەمە رووینەدا."
وتیشی بەری رۆژهەڵاتی شارەکە کە لە 30 گەڕەك و گوند پێك دێت لەژێردەستی داعشدا ماوە.
داودە وتی "گەمارۆی تیرۆریستان بۆسەر دانیشتوان بووە هۆی ئەوەی زۆربەی خۆراكهكان لە بازاڕ نەمێنێت،" لهكاتێكدا شتە ماوەکانیش بە نرخی یهكجار بهرز دەفرۆشرێن.
وتیشی نیشانگرانی داعش خەڵکه مەدەنییهكهیان کردۆتە ئامانج لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە و بەبێ جیاوازی موشەکیان ئاراستەی ئەو ناوچانە کردووە.
داودە وتی داعش رۆژهەڵاتی شەرگاتی بەکارهێناوە وەك رێڕەوێکی ئارام بۆ گەیشتن بە حەویجە و ئاماژەشیدا بهوهی لە 5 تەمموزدا داعش هێرشی کردە سەر گوندی ئیمام غەربی، کە دەکەوێتە نێوان شەرگات و شارۆچکەی گەیارەوه لە پارێزگای نەینەوا لە باشوری موسڵ.
هەروەها وتی: "تیرۆریستە هێرشکەرەکان چەندین کەسی گوندەکەیان، بەزۆری ژن، برد بۆ رۆژهەڵاتی شەرگات و دواتر گوێزرانەوە بۆ حەویجە کە ژنەکان وەك بەندە فرۆشران."
هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان لە 17 و 18 تەمموز لانیکەم 40 ئەندامی داعشیان کوشت کە خۆیان حەشاردابوو لە گوندەکەدا و بەتەواوی ئازادکرا لە 20 تەمموز.
داودە وتی شەڕکەرانی داعش "لاشەی مردووەکانیان گواستەوە بۆ رۆژهەڵاتی شەرگات بۆ ناشتن".
دانیشتوان چاوەڕێی ئازادکردنن
بەڕیوەبەری رۆژهەڵاتی شارۆچکەکە، وەسمی سوحن، وتی داعش سودی لە دواکەوتنی هێرشی ئازادکردنەکە وەرگرتووە بۆ قوڵکردنەوەی هەژمونی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی دوای روخانیان لە موسڵ.
سوحن بە دیارونای وت لە کاتی هێرشەکەی بۆ سەر ئیمام غەربی داعش نزیکەی 30 خێزانی لە گوندەکە برد بۆ رۆژهەڵاتی شەرگات.
وتیشی: "چەکدارەکان سێ پیاویان لە رفێندراوەکان کوشت کە یەکێکیان ئەفسەرێکی ئەمنی بوو و ئێمە لەڕێگەی ئەو وێنە و تۆمارانەوه ناسیمانەوە کە تیرۆریستان لەسەر ئینتەرنێت بڵاویانکردەوە و دوانەکەی تر پێدەچێت مەدەنی بن."
سوحن وتی ئەو رووداوانە "جدیەتی بارودۆخەکە و گەورەبوونی مەترسیەکە دەردەخەن" و ئاماژەشیدا بهوهی كه داعش نزیکەی هەموو رۆژێك بە بارمتەگرتن و کوشتن ئەنجامدەدات.
هەروەها وتی: "خەڵكیش رووبهڕووی مهترسیی قاتوقڕی بوونهتهوه." ئاماژەشیدا بهوهی زۆربەی خەڵك ئهوه دهخۆن کە توانیویانە لە باخچەکانیاندا بیچێنن.
وتیشی: "هەموو شتێك نرخی گران بووە" و ئەندامانی داعش بۆخۆیان دەستیانگرتووە بەسەر ئەو خۆراکە کەمەدا کە ماوەتهوه.
ئەندامی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، عەدنان فەرەج، داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە خێرایی بجوڵێت بۆ وەدەرنانی داعش لە شەرگات.
فەرەج بە دیارونای وت: "بارودۆخی رۆژهەڵاتی شەرگات لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت" و دانیشتوانیش روبەڕووی کەمیی خۆراك و نەخۆشی و چەوساندنەوە بوونهتهوه.
وتیشی ناوچەکە بووەتە پێگەی بەهێزی داعش و جەختیکردەوە كه "چالاکیەکانیان دەبێت تێکبشکێنرێن بە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی شەرگات."