هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

بەرنامەی فریاگوزاری لە موسڵ بۆ منداڵانی دایك و باوك 'نەزانراو' دامەزرا

خالید تائی

کاردانەوەی ئه‌و منداڵه‌ عێراقییانه‌ی شایەتی هێرشێکی خۆکوژی بوون لەکاتێکدا خەڵکی موسڵی کۆن هەڵدەهاتن لە 23 حوزەیراندا. لەوکاتەوە حکومەت پلانێکی فریاگوزاریی داناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەوانەی هەتیوکەوتوون. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

کاردانەوەی ئه‌و منداڵه‌ عێراقییانه‌ی شایەتی هێرشێکی خۆکوژی بوون لەکاتێکدا خەڵکی موسڵی کۆن هەڵدەهاتن لە 23 حوزەیراندا. لەوکاتەوە حکومەت پلانێکی فریاگوزاریی داناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەوانەی هەتیوکەوتوون. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق دووشەممە (24 تەمموز) رایگەیاند بەرنامەیەکی فریاگوزاریی بەگەڕخستووە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو منداڵانەی دایك و باوکیان نازانرێت لە موسڵ.

بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، لەم رۆژانەی دواییدا، "بە دەیان" منداڵی هەتیوکەوتوو لەژێر داروپەردووی بیناکانی موسڵدا دەبینرێن، هەندێکیان دەکرێت نەوەی خۆکوژەکان بن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی خۆشگوزەرانی ژن و منداڵ لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، عەبیر چەلەبی، وتی وەزارەت، بە هەماهەنگیی لەگەڵ خانەی بەڕێوەبردنی قەیرانی حکومەت، نیازیەتی "بەرنامەیەکی مرۆیی لەخۆبگرێت بە پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی نازانرێت دایك و باوکیان کێن".

عه‌بیر بە دیارونای وت: "بەرنامەکە ئەو منداڵانە لەخۆدەگرێت کە چارەنوسی دایك و باوکیان نادیارە." وتیشی لە هەندێك دۆخدا دیارنیە ئایا دایك و باوکیان کوژراون لەکاتی شەڕدا یان هێشتا ماون.

هه‌روه‌ها وتی ئەو بەرنامەیە منداڵانی جێهێڵراو یان هەتیوکەوتووی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەخۆدەگرێت.

وتی وەزارەت "بڕیارە ئەو منداڵانەی لەلایەن هێزە ئەمنیە عێراقییەکانەوە پێبگات و رادەستی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی پزیشكییان بکات بۆ چارەسەری تەندروستی و چاکسازیی دەوروونی پێشئەوەی بگوێزرێنەوە بۆ هەتیوخانە".

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی منداڵە تەنیاکان

چەلەبی وتی: "وێنە و وەسفی منداڵه‌ عیراقییه‌كان لە میدیادا بڵاودەکرێتەوە تا دایك و باوك و خزمەکانیان بتوانن بیانناسنەوە."

وتی كاتێك منداڵەکان ناسرانەوە، دەدرێنەوە بە خێزانەکانیان دوای ئەوەی پەیوەندییە خێزانییەکەیان پشتڕاستکرایەوە و ئاماژەشی كرد بەوەی تا ئێستا، 15 منداڵ رادەستی دایك و باوکیان کراونەتەوە.

بەڵام گەر کەس داوای لەوشێوەیەی نەکرد، لەناو بینای هەتیوخانەکەدا دەمێننەوە بۆ ساڵێکی تەواو و دواتر ئامادە دەبن تا لەخۆبگیرێن [لەلایەن خەڵکه‌وە]، بەگوێرەی چەند پێوەری پتەوی یاسایی و لێکۆڵینەوە لە دایك و باوکی لەخۆگری پێشبینیکراو.

چەلەبی وتی لە دۆخی منداڵانی نا-عێراقییدا، وەزارەت هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوی دروست تا رادەستیان بکاتەوە.

وتیشی: "وەزارەت بەمدواییانە چوار منداڵی بەدەستگەیشتووە کە پێدەچێت لە دایك و باوکی چیچانی بن." هه‌روه‌ها پێشبینیی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ ژمارەی منداڵانی رزگاربووی دایك و باوك نەزانراو زیادبكات.

لەوکاتەوەی سەره‌كوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆتایی شەڕی موسڵی رایگەیاند دوو هەفتە لەومەبەر، هەندێك لە پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە موسڵی کۆندا ماونەتەوە.

هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵیانداوە لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە دەریانپەڕێنن و باوەڕ وایە زۆربەی چەکدارانی داعش کە لەدوایین شەڕەکاندا کوژراون ئەو بیانییانە بن کە تا كۆتایی شەڕیانکرد و بەدەیان هەتیویان لەدوای خۆیان جێهێشتووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500