حکومەتی عێراقی پلانێکی کورتخایەنی داناوە وەك هەنگاوی یەکەم بۆ چاککردنەوەی ئەو کاولکاریە بێشومارەی جەنگ لەگەڵ "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێنای بۆ ژێرخانی رۆژئاوای موسڵ.
پلانە 100 رۆژیەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەربەسەتە سەرەکیەکانە وەك لابردنی خۆڵ و خاشاك و بوژاندنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان بۆئەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دەستبکەنەوە بە کارکردن.
ههروهها رێگاخۆشدەکات بۆ پلانێکی 10 ساڵەی بونیاتنانەوە کە ههموو ئهو شارانهی تری عێراق دەگرێتەوە کە لە داعش ڕزگاربوون.
راوێژکاری سەرۆکی شارەوانی موسڵ، دورەید حیکمەت توبیە، بە دیارونای وت: "پلانە کورتخایەنەکە - پلانە ١٠٠ رۆژیەکە - بەم نزیکانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
وتی: "هێزە ئەمنیەکان هێشتا خەریکی پاککردنەوەی باڵەخانە و خانوەکانن لە رۆژئاوای شارەکە بۆئەوەی دڵنیابن تیرۆریست و مینیان تیادا نەماون. هەرکاتێك ناوچەکە بەتەواوەتی پاککرایەوە ئێمە دەست بەکارەکان دەکەین."
توبیە وتی هەوڵەکانی چاککردنەوە یەکەمجار چڕدەبنەوە لەسەر شەقام و پردەکان لەگەڵ خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا.
پرۆژەکان لەلایەن حکومەتی خۆجێی نەینەواوە جێبەجێدەکرێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی.
توبیە وتی سەرەتا دەستدەکەن بە پاککردنەوەی شەقامەکان لە پاشماوەی تەقەمەنیەکانی شهڕ و پاشان کردنەوەیان و دواتریش دەستدەکەن بە چاککردنەوەی پردە گرنگهكان، بەتایبەتی پردی کۆنی شارەکە، کە بە پردی ئاسنین دەناسرێت.
وتیشی ئەم کارە زۆر گرنگە چونکە دەبێتە هۆکاری جموجۆڵی ئوتومبیلەکان و کەلوپەلەکان، کە پێویستن بۆ زیاتر بونیاتنانەوە.
ههروهها وتی پلانەکە وێستگە و تۆڕەکانی وزە و ئاو دەگرێتەوە و پێشبینیشی كرد کە نزیکەی لە سەدا 90 رۆژئاوای موسڵ زیانی پێگهیشتووه یان خاپووربووه.
توبیه وتی:" کات و هەوڵی زۆرمان پێویسته بۆئەوەی بەتەواوەتی شارەکە درووستبکەینەوە." جەختیشیکردەوە لهوهی كه پلانەکەی ئێستا "هەنگاوێکی زۆرباشە بۆ گەیشتنە چارەسەر بۆ پێداویستیە هەنوکەییەکان لەم کاتەی ئێستادا."
وتی لە شەش مانگی رابردوودا گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵ، بەتایبەتی شارە کۆنەکە، شەڕی ناوشاری زۆر سەختی بەخۆوە بینیوە، کە بووە هۆی تێکشکانێکی داپڵۆسێنەرانە بۆ داعش و کۆنتڕۆڵی تەواوەتی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە.
ئەندامی کۆمیتەی خزمەتگوزاریەکانی شارەوانیە کاتیەکەی نەینەوا، حوسامەدین عەببار، وتی پلانە 100 رۆژیەکە "بۆ چاكردنهوهی ئهو ژێرخانهیه كه زۆر خراپ تێكنەچوون بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، هەرچەند زۆر کەمیش بن، بخرێنەوە کار."
عەببار بە دیارونای وت پلانەکە لابردنی خاشاك و ئۆتۆمبیلە سوتاوەکانیش لەسەر شەقامەکان لهخۆدهگرێت بۆ رێگەخۆشکردن بۆ گەڕاندنەوەی هاتوچۆ.
وتی: "هەوڵێکی سنوورداری بەپەلەیە بەڵام گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی یەکەم نیشانەکانی ژیانی ئاسایی لەو گەڕەکە کارەساتبارانە."
عەببار وتی زۆرترین زیان به ماڵان كهوتووه و پێویستیان بە چاککردنەوە ههیە و "ههر بهتهنها موسڵی کۆن پێویستی بە 20,000 یەکەی خانوبەرەی نوێ ههیە."
پلانی بونیاتنانەوەی 2018 بۆ2027
وەزارەتی پلاندان رایگهیاند كه موسڵ و ئەو شارانەی ڕزگارکراون یان زیانیان پێگەشتووە بەهۆی تیرۆریزمەوە بەشێکن لە پلانێکی گەورەی بونیاتنانەوە کە ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات و بەردەوامدەبێت تاکو 2027.
وتەبێژی وەزارەتەکە، عەبدولزەهره هینداوی، وتی پلانە 10 ساڵیەکە یەکێکە لە "گەورەترین و بەرفراوانترین" پلانە ستراتیژیەکانی وەزارەتەکە.
هینداوی بە دیارونای وت: "پلانەکە سێ رێچكهی پێكهوهگرێدراو بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی گەشەکردن له شاره بەرکەوتوەکاندا."
وتی: "یەکێکیان رێچكهی کۆمەڵایەتیە، کە پەیوەستە بە بەهێزکردنی تواناکان لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و پاڵپشتیکردنی ئهو گروپە ناسکانهیه كه بە ئاگری داعش سوتاون."
ههروهها وتی: "رێچكهیهكی ئابووریشمان هەیە کە پهیوهسته بە پێشکەوتنی هەموو چالاکیە ئابووریەکانهوه،" لەکاتێکدا رێچكهی سێیەم بنیاتنانەوە و کاراکردنەوەی ژێرخانه.
وتیشی پلانەکە 100 ملیار دۆلار بودجەی بۆ تەرخانکراوە، کە لە بودجەی ساڵانەی دەوڵەت و هاوکاریە ئابوریەکانی وڵاتانی خۆبەخش دەیدەنە عێراق دابین دەکرێت.
توبیە هیوای خۆی دەربڕی لەسەر کۆنفرانسی وڵاتانی بهخشنده کەبڕیارە سەرەتای 2018 دەستپێبکات لە کوەیت و وتی "سەرئەنجامی ئەرێنی دەبێت بۆ هاوکاری بونیاتنانەوەی ئەوەی کە تیرۆریستەکان لەناویانبرد."
وتیشی: "ئێمە چاوەڕێێ هاوکاریین، ئاماژهشمان له زۆر وڵاتهوه بهدهستگهیشتووه کە ئامادەن پشتگیریمان بكهن، ئەمەش دڵخۆشمان دەکات."
شاری موسڵی کۆن وێرانبووه لە هێرشه ئاسمانی و بۆردومانەکاندا. خەڵکی موسڵی کۆن پشتگوێخراون سهبارهت به کرێ خانووهكانیان. هەتاکو کەی؟
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت