هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

بنیاتنانەوەی زانکۆی موسڵ بەردەوامە

خالید تائی

image

خۆبەخشان و خوێندکارانی زانکۆی موسڵ بەشداریدەکەن لە کەمپینێكدا بۆ پاککردنەوەی حەرەمی زانکۆکە. [خاوەندارێتی وێنە: تیمی لاوانی نەینەوا بۆ برایەتی]

حکومەتی عێراق و بەرپرسانی خۆجێیی پێکەوە کاردەکەن بۆ تەواوکردنی کاری چاککردنەوە لە زانکۆی موسڵ پێش دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2017-2018 لە ئەیلولدا، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

حەرەمی موسڵ زیانێکی بەرچاوی بەرکەوت دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چەند بینایەکی تەقاندەوە و گڕی بەردایە کتێبخانەی سەرەکی لەکردەیه‌كی تێكده‌رانه‌دا کاتێك چەکدارانی هەڵاتن.

پێش شکستی، داعش 124 بینای زانکۆکەی وەك ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان و بارەگای خۆی بەکاردەهێنا.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا حەیدەر عەبودی وتی ئێستا کە موسڵ بەتەواوی گیراوەتەوە، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی وانەکان لە 1 ئەیلول لە حەرەمی سەرەکی لە خۆرهەڵاتی موسڵ.

عەبودی بە دیارونای وت: "تا ئەو رۆژە، هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەی شوێنە زیانلکەوتووەکانی بەردەوامدەبن."

وتی کاری بنیاتنانەوە بەردەوامە "بە هەوڵە ئەندازیارییەکانی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە" و بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و هاریکاریی ته‌كنیكی کە لەلایەن رێکخراوەکانی وەك یونێسکۆوە پێشکەشکراوە.

وتیشی هەرکات کاری بنیاتنانەوە تەواوبوو، وەزارەت پلانی هەیە حەرەمی کاتیی زانکۆی موسڵ دابخات، کە لە پارێزگای کەرکوك دامه‌زرێنرا دوای ئەوەی داعش دزەیکردە نێو موسڵەوە.

وتی ئەم هەوڵە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وەزارەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و روونیکردەوە کە "حەرەمی بەدیل بۆ زانکۆکانی تکریت، ئەنبار و فەلوجە" پێشتر داخراون.

دوای ئەوەی خۆرهەڵاتی موسڵ ئازادکرا، گروپی گەنجان کەمپینێكی خۆبەخشانەیان رێکخست بۆ پاککردنەوەی زانکۆکە و کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەکەی، عەبودی وتی

ئه‌و خوێندکار و مامۆستایانه‌ی ناوچەکە کە ئاوارە نەبووبوون، دەستیانکردەوە بە وانە ئاساییەکانیان لە بیناکاندا کە زیانی زۆریان بەرنەکەوتبوو، حەزی خۆیان دەربڕی بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی لە زانکۆکەیاندا.

لە سەرەتای تەمموزدا، وەزیری خوێندنی باڵا عەبدولڕەزاق عیسا سەردانی زانکۆکەی کرد و لە یەکێك لە یەکەمین دانیشتنەکانی بەرگری لە تێزی دکتۆرای کۆلێژی زانستدا ئامادەبوو لەدوای داگیرکاریی داعش.

بنیاتنانەوەی چڕوپڕ پێویستە

هەندێك لە بەشەکانی زانکۆکە بەتەواوی تێكشکێنراون، لەکاتێکدا بەشەکانی دیکەی زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا عەبدولڕەحمان وەکاع بە دیارونای وت.

وه‌كاع وتی وەزارەتی پەروەردە ماوەی چەند مانگێکە کاردەکات لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی نەینەوا بۆ بنیاتنانەوەی بیناکانی زانکۆکە.

وتیشی: "تا ئەیلول، هیوادارین بتوانین کاری سەرەکی تەواوبکەین، وەك ئامادەکردنی پۆلەکان، ژوورەکانی ستاف و تاقیگە زانستییەکان."

وەکاع وتی یەکەم ساڵی خوێندنی زانکۆ دوای ئازادکردنی تەحەدایەکی بەرچاو دەبێت بۆ خوێندکاران و ستافه‌كه‌ی.

وتیشی: "بەڵام دڵنیاین دەتوانن بەسەر هەموو سەختیەکاندا زاڵبن تا بنیاتنانەوەی زانکۆکەیان تەواودەبێت."

زانکۆی موسڵ کە 1967 دامه‌زرێنرا، پێکدێت لە 23 کۆلێژی تایبەتمەند لە زانست و [زانستە] مرۆییەکاندا، چه‌ند نەخۆشخانەیه‌كی فێرکاری، مۆزەخانە و نوسینگەی هونەری و راوێژکاری.

ستافێکی 4,281 کەسی هەیە و دەتوانێت زیاد لە 31,000 خوێندکاری بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا لەخۆبگرێت.

پەرلەمانتاری عێراقی عەبیر حسێنی کە ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانە، وتی: "زانکۆکان پشکی شێری وێرانکاری و رووخاندنیان بەرکەوتووە بەدەستی تیرۆیستان."

حسێنی بە دیارونای وت دەستپێکردنەوەی فەرمیی وانەکان لە زانکۆی موسڵ "هەنگاوێکی گرنگ و سەرەکی"یە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە.

وتی: "دەستپێکردنەوەی زانکۆ دەرفەت دەدات بە خوێندکاران، بەتایبەتی ئەوانەی نەیانتوانیوە شارەکە بەجێبهێڵن، تا خوێندنەکەیان تەواوبکەن و قەرەبووی ئەوە بکەنەوە کە لەکیسیان چووە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

زانکۆی موسڵ ناکرێت بەم چارەسەرە رووکەش و هەوڵە خۆجێیە سەرەتاییانە زیندووبکرێتەوە. ئەم پێگە زانستییە پێویستی بە هەوڵی نێودەڵەتی گەورە هەیە. ئەم جۆرە بەیاننامانە بێمانان. ئەی رێگە و تۆڕەکانی گواستنەوە کوان بۆ گەیاندنی ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکاران و پرۆفیسۆر و کارمەندان بۆ پۆلەکان؟ ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری پێش زانکۆ و مامۆستا و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە و کارمەندانی وەزارەتەکانی دیکە. واز لەم خۆنواندنە بهێنن لەسەر حسابی داهاتووی موسڵ و خەڵکە مەینەت دیدەکەی. بۆ جارێك لەخوا بترسن!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌