تێرۆریزم

هاوسەرانی چەکدارانی داعش هاوکاری هێزەكانی پۆلیسی عێراقی دەکەن

خالید تائی

image

پۆلیسێکی عێراقی یارمەتی ژنان و منداڵان دەدات لەکاتی هەڵهاتنیاندا لە ناوچەکانی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە موسڵ. [خاوەنداری وێنە: پۆلیسی فیدرالی عێراق]

پۆلیسی عێراقی پرسیار لە ژنانی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن بۆ ئەوەی زانیاری بەدەستبخەن لەسەر چۆنێتی کارکردنی ناوخۆیی گروپەکە.

وتەبیژی پۆلیسی فیدرالی، عەقید عەبدولرەحمان خەزعەلی، بە دیارونای وت كه‌ پێنجشەممە (11 تەمموز) پۆلیسی فیدرالی سێ ژنی عێراقی و منداڵەکانیانی لە گەڕەکی موسڵی کۆن گواستۆتەوە و ئەوانیش دانیانناوە بەوەدا کە هاوسەری چەکدارانی داعش بوون.

لە ڤیدیۆیه‌كدا کە لە ماڵپەڕە هەواڵیەکاندا بڵاوبۆوە 6 تەمموز و لەلایەن پۆلیسەوە پشتڕاستکراوەتەوە، هەر سێ ژنەکە دەڵێن بەزۆر هەوسەرگیرییان لەگەڵ چەکدارانی داعشدا کردووە.

خەزعەلی وتی: "ژنەکان لەگەڵ خێزانەکاندا لە گەڕەکی کۆنی نەجەفی رایانکرد دوای ئەوەی پۆلیس راڕه‌وێكی ئەمنی کردەوە بۆ ئەوانه‌ی گیریانخواردبوو. ئێمە توانیمان هاوکاری دەربازبوونیان بکەین و هاوکاری تەندروستی و خواردنمان دەستبەجێ بۆ دابین کردن."

وتیشی: "لەکاتی گواستنەوەیاندا بە هێزەکانمانیان وتووە کە ئەوان بە زۆر و لەژێر هەڕەشەدا هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئەندامانی داعشدا کردووە و مێردەکانیان لە شەڕدا کوژراون."

هه‌روه‌ها ژنەکان ئێستا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

خەزعەلی وتی: "ئێمە دەتوانین زۆر زانیاری درووست و گرنگیان لێوەبگرین لە سەر جیهانی داعش لە ناوخۆدا و چۆن کاردەکەن و پلاندادەنێن. هەر زانیارییەك وەربگرین پاڵپشته‌ك ده‌بێت بۆ هەوڵە هەواڵگریەکانمان."

وتیشی پۆلیس هێشتا پشتڕاستی نەکردۆتەوە کە ئایا ژنەکان دەستیان هەبووە لە کردەوەی تیرۆریستیدا یان نا، به‌ڵام ئاماژەی بەوە کرد کە بە تەواوەتی هاوکار بوون لە بەدواداچونەکانی پۆلیسدا.

هه‌روه‌ها وتی: "کەسێك ئەگەر تاوانی ئەنجام نەدابێت سزا نادرێت و دەتوانێت ببێتە شایەت."

'ئاسته‌نگی گەورە' لە قۆناغی دوای ڕزگاریدا

خەزعەلی وتی ژمارەیەك چەکداری داعش گیراون دوای ئەوەی هەوڵیاندابوو لە موسڵی کۆن ڕابکەن لەگەڵ ئەو خێزانانەی دەگوازرانەوە لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دوایانەدا.

وتی: "چەندین لیستی چەکدارەکان هەیە و دەستگیردەکرێن بەهۆی ئەو کارە هاوبەشانەی کە لەگەڵ خەڵكی ناوچه‌كاندا دەکرێت، چونکە ئەوان دەتوانن بیانناسنەوە."

وتیشی: "خەڵكەکە هیچ لێبوردنێکیان نییە بۆ تیرۆریستەکان تاکو بە ئازادی بێن و بچن، هەر زانیاریەکیش کە دەیدەن بە پۆلیس هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی ئەمنیەت و ئارامی بسه‌پێنین لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا."

ئەندامی کۆمیتەی ئاسایشی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، وتی: "ئەو سێ ژنە بە دڵنیاییەوە سەرچاوەی زۆر گرنگی زانیارین."

شەبیب بە دیارونای وت ئەو زانیارییه‌ هەواڵگرییانەی دەیدەن، یارمەتی هێزە ئەمنیەکان دەدات بۆ ئەوەی بەوردی تێبگەن لە ژیان و پەیوەندیەکانی "هاوسەرە تیرۆریستیەکانیان".

وتی: "ئەمە بابەتێکی دڕكاوی و ئاسته‌نگێكی زۆر گەورەیە بۆ دوای قۆناغی ڕزگارکردنی موسڵ." ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد كه‌ یاساکان پێویستە جێبەجێبکرێن بۆ پاراستنی ئه‌و كه‌سوكارانه‌ی چەکدارانی داعش لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە، كه‌ بە هیچ تاوانێك سزا نەدرابێتن.

شەبیب جەختیكرد له‌سه‌ر گرنگی "پاراستنی مافەکانی هەموو کەسێك بۆ ئەوەی یەکگرتوویی نیشتمانی درووست ببێت و پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی مەدەنی جێبەجێبکرێن بۆ داهاتویەکی گەش لە شارە ڕزگارکراوەکانماندا."

سەروەری یاسا دەبێت بپارێزرێت

شارەزای بواری ستراتیژی و ئەفسەری پێشووی هێزەکانی عێراق، ئەحمەد شەریف، بە دیارونای وت: "ئێمە دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوانەی کە تیرۆریستن و ئەندامانی خیزانەکانیان و ژنەکانیان کە بە ناڕاستەوخۆ یاسایان پێشێلکردووە."

وتی سەرەوەری یاسا کاری خۆی دەکات و لە روانگەی یاساییەوە تەنیا ئەوانە بەرپرسیارن کە بەشداربوون یان پشتگیریی تیرۆریزمیان کردووە.

وتیشی: "تاوانباركردنی خێزانی تیرۆریستەکان به‌ مه‌زه‌نه‌ و بەبێ بەڵگە کارێکە په‌سه‌ندناکرێت. ناتوانین بچینە قۆناغێکی نوێوە ئەگەر به‌هاكانی دادپەروەری و درووستی نه‌خه‌ینه‌وه‌گه‌ڕ بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسەی ساڕێژکردنی زامەکان."

ناوبراو ئاماژەی به‌وه‌ش کرد ئەو خێزانانە دەتوانن خزمەتبکەن وەك سەرچاوەی گرنگی زانیاری، بەتایبەتی لەسەر ئەو تاکتیکانەی کە داعش بۆ راكێشانی دانیشتوانی ناوچەکە بۆناو ریزەکانی بەکاریهێناون.

وتی: "ئه‌م زانیاریانه‌ بەسوودن بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ و شرۆڤەكردنی رادیکاڵبوون و رێگرتن لە جێگیربوونی ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ لە هزری لاوان و مێردمنداڵاندا."

وتیشی: "ئەم زانیاریانە ڕێگامان پێدەده‌ن تۆڕی تیرۆریستەکان ئاشكرابكه‌ین و په‌رده‌هه‌ڵمانین له‌سه‌ر شانە نوستوەکان لەنێو دانیشتوانەکەدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500