ئەم هەفتەیە زیاد لە دە ژنی خۆکوژ رێگرییان لێکراوە و کوژراون لە خۆرئاوای موسڵ، دەزگای دژەتیرۆر هەینی (7 تەمموز) رایگەیاند.
وتەبێژی دەزگاکە سەباح نوعمان بە دیارونای وت: "لە سێ رۆژی رابردوودا، هێزەکانمان بەرپەرچی چەند هێرشێکی ژنە خۆکوژەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)یان داوەتەوە کە نێردرابوون تا ههڵمهتی رزگاركردنی موسڵی کۆن خاوبکەنەوە."
وتی چەکدارانی داعش لە موسڵی کۆندا له سهنگهرگیریدان.
وتیشی: "لانیکەم 17 [خۆکوژی ئافرەت]مان کوشتووە کە هەوڵیاندەدا خۆیان بە هێزەکانمان و ئەو خەڵکەدا بتەقێننەوە کە لە ناوچەی شەڕ هەڵدێن."
نوعمان وتی زۆربەی ئەوانەی کوژراون "عێراقی نین، یان ژنی ئەو چەکدارانەی داعشن کە لەلایەن هێزە رزگارکەرەکانەوە کوژراون یان هێرشی خۆکوژییان ئەنجامداوە".
دوایین کارت
وتی: "گروپەکە ژنان وەك چەکێك لە شەڕدا بەکاردەهێنێت، وەك پەنابردن بۆ دوا کارتی خۆی لە هەوڵێکدا بۆ هێشتنەوەی دوایین ناوچەكانی ژێردەستی."
وتیشی: "ئەمە ئاماژەی شکستە."
نوعمان وتی هێزەکانی دژە-تیرۆر ئەم هەفتەیە زیانی گەورەیان بە گروپەکە گەیاند، زیاد لە 900 چەکداریان کوشت كه لە گەڕەکە کۆنەکاندا جێگیربووبوون.
وتیشی: "هەندێکیان ویستیان بەنێو رووباری دیجلەدا تێبپەڕن تا دزەبکەنە نێو خۆرهەڵاتی موسڵهوه، بەڵام هێزەکانمان بەدوایاندا دەگەڕان."
پێشئەوەی رێ بە خەڵکی هەڵاتوو بدەن بچنە ناوچە سەلامەتەکانەوە، هێزەکانی عێراق داوایان لێدەکەن کراسەکانیان دابنێن تا دڵنیابن لەوەی پشتێنی بۆمبڕێژکراویان لەخۆیان نەبەستووە.
بەڵام له پشکنینی ژناندا زهحمهتییان دێتهڕێ.
چەکدارانی داعش ئەمە دەقۆزنەوە بەوەی خۆیان وەك ژن دەگۆڕن تا لەگەڵ خەڵکی هەڵاتوودا خۆیان رزگاربکەن یان هێرشی خۆکوژی ئەنجامبدەن هەر کە نزیکی یەکە سەربازییەکان بوونەوە.
نوعمان وتی، "هێشتا خۆکوژی پیاو و ژن لە موسڵی کۆندا ماون." وتیشی: "رێیان پێنادەین هەڕەشە لە خەڵکە بێچەکەکانمان بکەن یان هێرشبکەنە سەر هێزەکانمان."
وتیشی: "چەندین هەفتەیە شەڕدەکەین لە بەرەیهكی شەڕدا كه تابێت ئاڵۆزتردەبێت، بەڵام خەریکە ئەرکەکەمان تەواودەکەین."