هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش بەزۆر کرێکاری بە گەنجانی دێرەزوور دەکات لە بەرەکانی شەڕ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

خاوەن دوکانەکانی شاری مەیادینی سوری زۆریان لێکراوە گونیەی پڕ لە لم لەبەردەم دوکانەکانیان دابنێن بۆئەوەی وەك پێگەی خۆپاراستن بەکاربێت بۆ [ئەندامانی] "دەوەڵتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەندارێتی وێنە: په‌یجی فوراتی فۆتۆگرافی له‌سه‌ر فەیسبوك]

خاوەن دوکانەکانی شاری مەیادینی سوری زۆریان لێکراوە گونیەی پڕ لە لم لەبەردەم دوکانەکانیان دابنێن بۆئەوەی وەك پێگەی خۆپاراستن بەکاربێت بۆ [ئەندامانی] "دەوەڵتی ئیسلامی" (داعش). [خاوەندارێتی وێنە: په‌یجی فوراتی فۆتۆگرافی له‌سه‌ر فەیسبوك]

چالاکوانان بە دیارونایان وت "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆ ئەوەی قەڵغان بۆ چەکدارەکانی دروستبکات پیاوانی گەنجی بەزۆر کۆکردۆتەوە و بە درێژایی هێڵی بەرەکانی جەنگ کاری سەختیان پێدەکات لە پارێزگای دێرەزوور.

پیاوەکان دەبرێن بۆ شاری دێرەزوور و دەشتەکانی ده‌وروبه‌ری، کە لەژێر دەستی گروپەکەدان. لەوێ بەزۆر خەندەقیان پێ هەڵدەکەنن و رەبیەیان پێ دروست دەکەن و ئامێر و کەلوپەلی تریان پێ دەگوازنەوە، لەگەڵ کاری دیکە، بەبێ ئەوەی موچەیان بۆ دابینبکرێت.

جەمیل عابد، چالاکوانی کەمپینی میدیایی دێرەزوور لەژێر گولەباراندا، بە دیارونای وت لە سەرەتای رەمەزانەوە چەکدارەکانی داعش دەستیانکردوە بە دەستگیرکردنی ئەو پیاوانەی تەمەنیان لەژێر 40 ساڵەوەیە لە دێرەزوور و شارۆچکەکانی چواردەوری، وەك: مەیادین و ئەلبوکەمال.

عابد، کە کارەکانی وەستاندووە بەهۆی فشاری رژێم و داعشەوە، کە هەردووکیان لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، وتی: "ئەوان دەبرێن بۆ ئەو شوێنانەی شەڕ کە پێکدادانی تێدایە لەدژی هێزەکانی رژێم و هێزەکانی دژی داعش کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی دەکرێن."

وتی پیاوە لاوه‌کان بە زۆر کاری سه‌ختیان پێده‌كرێت، خەندەقیان پێ هەڵدەکەنن و رەبیەیان پێ دروستدەکەن لە هەلومەرجی زۆر مەترسیداردا، ئەمە لە کاتێکدا چەکدارانی داعش خۆیان دەشارنەوە.

عابد وتی: "ئەمە وایکردووە پیاوان زۆر هاتوچۆ نەکەن لەبەر مەترسی گرتنیان، بەتایبەتیش لەکاتێکدا زۆربەیان بە تەنیا بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن."

وتیشی ئێستا تەنیا لەو کاتانەدا دەچنەدەرەوە کە زۆر پێویستیان بێت و هەوڵدەدەن خۆیان بەدووربگرن لە چاوی چەکدارانی گروپەکە.

عابد وتی یەکێك لەو بەهانانه‌ی چەکدارانی داعش بەردەوام بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی شەرعیەت بە كرده‌وه‌كانیان بدەن ئەوەیە کە پیاوە گەنجەکان بەشداری پێدەکەن لە شەڕی دژ بە "کافران"دا.

وتیشی: "ئەوان گوێنادەنە ژیانی لاوان یان رەوشی ئابورییان یاخود چی بەسەر خیزانەکانیان دێت ئه‌گه‌ر کارنەکەن لەوکاتانەدا کە دوورده‌خرێنەوە. لەوانەشە بکوژرێن یان برینداربن."

داعش لە رەوشێکی ناجێگیردایە

عابد وتی داعش رێوشوێنی دیکەی گرتۆتەبەر بۆئەوەی چەکدارەکانی لە هێرشی ئاسمانی و قەناس بپارێزێت، وەك ئەوەی کە لە مەیادین بە زۆر بەسەر هەموو دوکاندارەکانیدا سەپاندووە گونیەی پڕ لە لم لە بەردەمی دوکانەکانیاندا دابنێن بە بیانوی ئەوەی کە ئەمە بۆ ئەوەیە ئەوان لە تۆپبارانەکان بپارێزن.

وتیشی: "راستیەکە ئەوەیه‌ كه‌ گروپەکە تەواوی شارەکەی کردۆتە شوێنی بەرگریکردن و شارەکە دەگوڕێت بۆ قه‌ڵایه‌كی سەربازی ئه‌گه‌ر شەڕەکە بیگاتێ."

وتی هەروەها داعش باڵاخانە گەورەکانی تەقاندۆتەوە لەگەڵ تانکیی ئاو لە شارەکانی دێرەزوور و مەیادین و ئەلبوکەمال، بۆ رێگری له‌وه‌ی وه‌ك شوێنی نیشانگران بەکاربهێنرێن."

عابد وتی له‌وكاته‌وه‌ی داعش لە موسڵ کەوتە به‌ر ئاگربارانی به‌رده‌وام، "بارودۆخی [دێرەزوور] وەك خۆی نەماوه‌".

وتیشی: "چەکدارەکانی داعش بەردەوام لە هه‌ڵچووندان کە کاریگەرییه‌ك زۆریشی كردۆته‌سه‌ر دانیشتوانەکە، بەتایبەتی كه‌ هەڵهاتن یان جوڵە له‌ناوچه‌كه‌دا تاڕاده‌یه‌ك مه‌حاڵ بووه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500