هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

حەویجە: پێگەی بەهێزی داهاتوی داعش لە عێراق؟

خالید تائی

شەڕکەرانی عێراق لە حەویجەی پارێزگای کەرکوك ئامادەکاری دەکەن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە شارەکەیان. [خاوەنی وێنە: شێخ وەسفی عاسی]

شەڕکەرانی عێراق لە حەویجەی پارێزگای کەرکوك ئامادەکاری دەکەن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە شارەکەیان. [خاوەنی وێنە: شێخ وەسفی عاسی]

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەرکەوتن لە موسڵ، هێزەکانی عێراق چاو دەبڕنە شارۆچکەی حەویجە له‌ پارێزگای کەرکوك کە بووەتە پەناگەی شەڕکەرە هەڵاتووەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

له‌كاتێكدا روبەڕووی شکست دەبێته‌وە لە ناوچەکانی تری وڵاتدا، داعش هەوڵده‌دات پێگەیەکی گەورەتر لە حەویجە بەدەستبێنێت، سەرۆك عەشیرەتی عوبەید، شێخ ئەنوەر عاسی وتی.

عاسی بە دیارونای وت: "گروپەکە دەستیکردووە بە خەندەق لێدان و تونێلی نهێنی" و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری گواستۆتەوە لە ماڵەکانیان بۆ بەکارهێنانی ناوچەکە وەك پێگه‌یه‌كی بەهێزی شەڕ.

وتیشی شەڕکەرانی داعش مین و بۆمبی دەستكردیان چاندووە و خواردنیان کۆکردۆتەوە وەك پێشبینییەك بۆهێرشێكی سەربازیی داهاتوو بۆ رزگارکردنی ناوچەکە.

هەروەها وتی هاوکات دانیشتوانی گیرخواردوو لەناو شارۆچکەکەدا دەڵێن گروپەکە بەزۆر لاوانی ناونوسکردووە و کەمپی راهێنانی کردۆتەوە.

وتیشی دانیشتوان رێگەیان لێگیراوە لە هەڵهاتن و دەترسن گروپەکە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت.

عاسی وتی: "دەستدرێژیەکانی داعش دژی خەڵکی بێچەك بەشێوەیەکی دڕندانە زیادی کردووە. لەو دانیشتوانەی هەڵهاتون بیستومانە کە سەرجەمی ئەو خێزانانە لەسێدارە دراون کە شکستیان هێناوە لە هەڵهاتن لەدەست گروپەکە."

لەناو شارۆچکەکەدا کێشەی کەمیی خۆراك و دەرمان هه‌یه‌. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، زۆربەی سەرچاوە خۆراکیەکانیان گرتووە و دەرمانی ماوە بەسەرچوویان بە دانیشتوان فرۆشتووە.

سەرکردەکانی داعش لە حەویجە کۆدەبنەوە

عاسی وتی: "زۆربەی سەرکردە و شەڕکەرانی گروپەکە لە شارە ئازادکراوەکان هەڵهاتون و توانیویانە بگەنە حەویجە بە سودوەرگرتن لە ناوچە بیابانە فراوانەکەی و دەربەندە زۆرەکانی.

جێگری قایمقامی کەرکوك، رێکان جبوری، بە دیارونای وت لە ئێستادا لەنێوان 2,000 بۆ 4,000 شەڕکەری داعش لە ناوچەکەدا هەن کە بووەتە "پێگەیەکی سەرەکی" سەرکردایەتی گروپەکە.

گروپەکە دەیەوێت سود لەو ناوچە بیابانییه‌ وەربگرێت کە لە باشورەوە درێژدەبێتەوە لە گەیارەی پارێزگای نەینەوا بۆ چیاکانی حەمرین و رۆژهەڵاتی دوز خورماتوو.

جبوری وتی: "ئەوە ناوچەیەکی گەورە و کراوەیە بۆ چەندین پارێزگا لەگەڵ چەند گوند و ناوچە کە پێکەوە گرێدراون." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی كه‌ پێدەچێت گروپەکە وەك دەستپێکی هێرشەکانی بەکاریبهێنێت.

هەروەها وتی: "ئەمە بە بەردەوامی رودەدات لەگەڵ هێرشی سەربازی لە سەرانسەری هێڵی بەرگری هێزە ئەمنیەکاندا" کە بەزۆری مەترسی دەخاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی عەجیل و عەلاس و شارەکانی کەرکوك و شەرگات و تکریت.

جبوری وتیشی: "سەرکردایەتی سەربازی باش مەترسی هەبوونی تیرۆریستان دەزانێت لە حەویجە و رزگارکردنی به‌ ئەولەویەت دادەنێت دوای گرتەوەی موسڵ."

دانیشتوان ئازاردەچێژن لەژێردەستی داعشدا

جبوری وتی داعش دانیشتوان زیندانی دەکات و ئازاریان دەدات و تەنانەت دەیانکوژێت به‌ بیانوی جۆراوجۆر بەبێ هیچ بەزەییەك.

وتیشی زۆربەی دانیشتوان "ژیانیان دەخەنە مەترسیه‌وه‌ بۆ رزگاربوون لەو چەوساندنەوەیه‌ و پێویستە ئازاردانیان لەوە زیاتر بەردەوام نەبێت."

پسپۆڕی ئەمنی و بەرپرسێكی پێشو لە وەزارەتی ناوخۆ، جاسم حەنون، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە پێویستی بە هەماهەنگیی پلەباڵا دەبێت لەنێوان هێزە ئەمنیە جیاوازەکاندا.

حه‌نون داوای دامەزراندنی ژورێکی هەماهەنگیی هاوبەشی کرد کە هێزێكی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین و سامەڕا و رافیدەین لەخۆبگرێت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیسی کەرکوك.

وتیشی هێرشەکە پێویستی بە پلانی ورد هەیە چونکە حەویجە ماڵێکە بۆ هەزاران مەدەنی گیرخواردو و داعشیش مێژویەکی دڕندەی هەیە.

حەنون وتی لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا گروپەکە حەوت پیاویان کوشت بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق.

وتیشی: "ئەوە دوایین بەشی زنجیرەی تاوانەکانی داعشە دژی خەڵکی حەویجە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500