هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

په‌نابه‌ره‌ مەسیحیەکانی عێراق دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئەندامی میلیشیایەکی مەسیحی کە ئه‌ركی پاراستنی شارۆچکەی زۆرینە مەسیحیی قەرەقۆش (حەمدانیە)ی پێسپێردراوه‌، لە بەردەم میحرابی کڵێسایەکی چۆڵدا نوێژ دەکات 5 ئایار. "دەوڵەتی ئیسلامی" 2016 لە قەرەقۆش دەرکرا. [فازل سینا/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامی میلیشیایەکی مەسیحی کە ئه‌ركی پاراستنی شارۆچکەی زۆرینە مەسیحیی قەرەقۆش (حەمدانیە)ی پێسپێردراوه‌، لە بەردەم میحرابی کڵێسایەکی چۆڵدا نوێژ دەکات 5 ئایار. "دەوڵەتی ئیسلامی" 2016 لە قەرەقۆش دەرکرا. [فازل سینا/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان ئەو خێزانانەی لە ماڵەکانیان دەرکرابوون بەهۆی سزادانی ئایینیه‌وە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ به‌ره‌به‌ره‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ لە وڵاتانی دراوسێوە.

وتیان بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات زۆرتر بۆ باشتربوونی رەوشی ئەمنی دەگەرێتەوە لەو ناوچانه‌دا كه‌ لەده‌ست گروپەکە رزگارکراون، بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا.

سکرتێری گشتی هێزەکانی بابیلۆن، رایان کلدانی، بە دیارونای وت لەگەڵ سەرۆکە ناوخۆییه‌ مەسیحیەکان کاردەکات بۆ گەڕانەوەی سەدان خێزانی مەسیحی بۆ وڵاتەکەیان، کە کەیسی پەنابەرییان لە وڵاتانی دراوسێ رەتکراوەتەوە.

هێزەکانی بابیلۆن میلیشیایەکی مەسیحیە شەڕ دژی داعش دەکات.

کەلدانی وتی رەتکردنەوەی پەنابەرییان "لە حاڵه‌تی نادڵنیاییدا هێشتوونیه‌ته‌وه‌، نە دەتوانن بگەڕێنەوە نە پارەی ئەوەیان هەیە لەو وڵاتانەدا بمێننەوە."

لە سەردانێکی ئەم دواییانەیدا بۆ بەیروت، کەلدانی وتی خۆی چاودێریی گەڕانەوەی 63 خێزانی ئاوارەی مەسیحیی کردووە، لە کۆی 1,800 كه‌ به‌ره‌به‌ره‌ دەستده‌كەن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق.

وتی باڵوێزی عێراق لە بەیروت شکستی هێناوە لەوەی رێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ كارئاسانیی گەڕانەوەیان، له‌وانه‌ لابردنی مه‌رجی ئەو بڕە پارەیەی خێزانەکان دەبێت بیده‌ن.

وتیشی ئه‌و بڕه‌ لە نێوان 350 دۆلار بۆ 400 دۆلارە بۆ هەر تاکە کەسێك.

هه‌روه‌ها وتی: "زۆربەی ئەو بەربەستانە کۆتاییان پێهات لە رێگای چەند کەسایەتییه‌کی دەوڵەمەندی مەسیحیی عێراقیەوە." وتیشی کە لیژنه‌یه‌كی تایبەتیی پێكهێناوه‌ کە ئه‌و پارە (غه‌رامه‌)یه‌ی بۆ زۆرێك لە خێزانەکان داوە.

پاڵپشتیەکەیان بریتیبووە لە چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکان، کە رێگربوون لە گەڕانەوەی مەسیحیە عێراقیەکان و بلیتەکانی فڕۆکە لە بەیروتەوە بۆ بەغدا.

وتی: "زۆربەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە خەڵكی ناوچه‌كانی دەشتی نەینەوان لە پارێزگای نەینەوا و گەڕاونەتەوە بۆ شار و گوندە ڕزگارکراوەکانیان بە هاوکاریی هێزە ئەمنیە عێراقیەکان."

وتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان پێویستی بە هاوکاریی حکومەت هەیە چونکە ئەو ئەرکە زۆرترە لەوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکە کەسەکان ته‌نها خۆیان ئەنجامی بدەن.

بانگه‌واز بۆ پاڵپشتیی حکومەت

ئەندام پەرلەمانی عێراقی، جۆزێف سڵێوە، وتی کۆمەڵگەی مەسیحی ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیە لە عێراق و داوای لە حکومەت کرد سەرچاوەی زیاتر دابین بکات بۆ داواکاریەکانیان.

سڵێوە، کە نوێنەری مەسیحییەکانە لە پەرلەمان، بە دیارونای وت داوای لە دەزگاکانی حکومەت کردووە ئەرکی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەئەستۆبگرن، پێدانی پارەی غه‌رامه‌کان گارانتی بكه‌ن لە بری ئەوان و هاتوچۆیان بۆ دابینبکەن.

وتی وەزارەتی هاتوچۆ تاکو ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە کە بلیتی هێڵی ئاسمانی عێراقی دابینبکات بۆ گەڕانەوەی مەسیحییە عێراقیەکان لە بەیروتەوە.

وتیشی: "وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئەو یارمەتیە داواکراوەی جێبەجێنەکردوە بۆ هێنانەوەی مەسیحییەكان، نەك هەر لە بەیروتەوە، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی دراوسێشەوە وەك تورکیا و ئه‌رده‌ن."

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بەعشیقە زه‌نون یونس بە دیارونای وت شارۆچکەکەی ئەو، کە جاران دانیشتوانێکی زۆری مەسیحیی لێبووە، ئێستا بەخێرهاتنەوەیان دەکات.

وتیشی: "دانیشتوانی بەعشیقە و ناوچەکانی تری نەینەوا پێكه‌وه‌ کاردەکەن" بۆئەوەی یەکێتیی نێوانیان دووباره‌ پێکبێتەوە وەك پێشتر، بەر لە سەرهەڵدانی داعش."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەوانه‌ میلیشیا نین؛ بەڵکو لقێکی حەشدی شەعبین.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌