قائیمقامی فەلوجە عیسا سایەر چوارشەممە (28 حوزەیران) بە دیارونای وت پۆلیسێك کوژرا و نۆ کەسی دیکە برینداربوون لە تەقینەوەیەکدا کە ئامانج لێی ئەو خێزانانە بوون لە پارکێکی گشتیی پارێزگای ئەنباردا ئاهەنگی دووەم رۆژی جەژنی رەمەزانیان دەگێڕا.
سایهر وتی هێرشەکە درەنگانێکی دووشەممە روویدا لە پارکێکی گشتیی جەنجاڵدا بەوانەی خۆشییان لە جەژن دەبینی لە ناوەڕاستی فەلوجەدا.
وتیشی: "بۆمبێکی دەستکرد لەلایەن هێرشبەرێکی نەناسراوەوە لکێنرابوو بە ماتۆڕێکەوە کە نزیك بە پارکی سەرەکیی شارەکە دانرابوو کاتژمێر 11ی شهوی دووشەممە تەقییەوە."
ههروهها وتی پۆلیسێك کوژرا و دوانی دیکە برینداربوون، وتیشی کە "حەوت مەدەنی بە سووکی برینداربوون".
سایەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی تۆمەتبارکرد بە هێرشەکە.
وتی: "ئەمە قێزەونیی ئەندامانی داعش نیشاندەدات و هەوڵیان بۆ تێکدانی خۆشییهكانی جەژن لە هاوڵاتیان و شێواندنی دۆخی سەقامگیری لە فەلوجە ساڵێك دوای رزگارکردنی."
فەلوجە لە 26 حوزەیرانی 2016 بەتەواوەتی لەدەست داعش سەندرایەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە کەمتر لە مانگێك بەردەوامبوو.
رێوشوێنی زیاتری ئەمنی
سایەر وتی: "هێزەکانی عێراق هەنگاوە ئەمنییەکانیان زیاترکردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، بەتایبەتی لە بازاڕهكان و پارکه گشتیهكان و پارکهكانی کاتبەسەربردندا."
وتیشی: "کەمپینێکیشیان بەگەڕخستووە بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەران و کۆکردنەوەی زانیارییدا دەربارەی شوێنهكانیان."
وتی دۆخی فەلوجە سەقامگیرە و جەختیکردەوە لەوەی كه ئهو هێرشه نەبووە رێگر لەبەردەم هاوڵاتیاندا لە سەردانکردنی شوێنەکانی کاتبەسەربردن و ئاهەنگگێڕانی جەژن.
پێشتر و سێشەممە (27 حوزەیران)، دەنگۆی تەقینەوەی کوشندەی هاوشێوە هەبوو نزیك بە پارکێكی کاتبەسەربردن لە رەمادی پایتەختی پارێزگای ئەنبار.
قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، چوارشەممە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و وتی کە "هەواڵەکە بەتەواوەتی بێبنەمایە".
عهوسهج بە دیارونای وت "هیچ خەلەلێکی ئەمنی نەبووە و دۆخەکە لە شارەکەدا بەتەواوەتی سەقامگیرە." جهختیشیكردهوه لەوەی رەمادی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هیچ رووداوێکی تیرۆرستیی تێدا تۆمارنەکراوە.
قائیمقام تکای لە میدیاكان کرد وردبن لە بڵاوكردنهوهی ههواڵ و زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو وەربگرن.
وتیشی: "ئەو جۆرە هەواڵانە خزمەت بە نیازی تیرۆریستان دەکەن لە چاندنی ترس و تۆقین لەنێو هاوڵاتیاندا."