هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خەڵکی ئاوارەبووی رەققە دەگەڕێنەوە بۆ ئازادکردنی شارەکەیان لەدەست داعش

ئاژانسی فرانس پرێس

لە دەوروبەری شاری رەققەی سوریا، خەلیل حسێن و هاوڕێکانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە بەرەکانی پێشەوە و خەوندەبینن بە گەڕانەوە بۆ شارەکەیان کە بنکەی جیهادییەکانە و ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لێی هەڵاتن. [ته‌لفزیۆنی ئاژانسی فرانس پرێس]

خەلیل حسێن، 18 مانگ لەمەوبەر لە رەققەی بنکەی سوریای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڵهات، بەڵام ئێستا گەڕاوه‌تەوە و شەڕدەکات بۆ رێخۆشکردن بە دەرکردنی توندڕەوان لە شارەکەی.

ناوبراو كه‌ ته‌مه‌نی 25 ساڵە، یەکێکە لەو چەندین ئەندامەی ئەو هاوپەیمانێتیە کوردی-عەرەبیە کە شەڕی داعش دەکەن و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی ئه‌م شارەی باکورن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ساڵی رابردوو دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنی گرتنی رەققە و دواجار لە سەرەتای ئەم مانگەدا چوونەناو شارەکەوە.

دوای چەند ساڵێكی پڕ له‌ ترس و تۆقین لەژێردەستی داعشدا، ئەوە یەکەمجاربوو حسێن بگەڕێتەوە نێو شارەکەی لەوکاتەوەی هەڵهاتبوو لێی.

دوکەڵ بەرزدەبێتەوە لە بینایەکی شاری رەققەی باکوری سوریا لە 18 حوزەیراندا و لەکاتی هەڵمەتی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بۆ گرتنەوەی ئه‌م قەڵایه‌ی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [دەلیل سڵێمان / ئاژانسی فرانس پرێس]

دوکەڵ بەرزدەبێتەوە لە بینایەکی شاری رەققەی باکوری سوریا لە 18 حوزەیراندا و لەکاتی هەڵمەتی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بۆ گرتنەوەی ئه‌م قەڵایه‌ی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [دەلیل سڵێمان / ئاژانسی فرانس پرێس]

حسێن بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لە رەققە هەڵهاتم چونکە تاوانەکانی داعش چیتر تەحەمول نەدەکران: سزادانه‌كان، سەربڕین، زیندانیكردن، سوکایەتیپێکردن."

حسێن کە لە بەشی خۆرهەڵاتی شارەکە، رومه‌یلە، دەژیا، وتی: "دەمەوێت دووبارە ماڵەکەم بدۆزمەوە بەهەر نرخێك بێت -- تەنانەت گەر بشمرم."

کاتێك هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ یەکەمجار لە 6 حوزەیراندا هاتنەناو شارەکەوە، حسێن لەنێو ریزەکانیاندا بوو.

لە کەناری شارەکە وەستابوو، ملپێچێکی سەوزی بەسەریەوە بەستبوو، بە پەرۆشەوە وتی: "دەمەوێت شارەکەم لە داعش ئازادبکەم."

"تەنیا بۆ ماڵەکەم لێرە نیم، لێرەم تا خەڵکی شارەکەم ئازادبکەم."

'یادەوەریه‌ جوانه‌كان'

رەققە کەوتۆتە ناوچەیەکی بیابانیی دوورەدەست و لە باشورەوە هاوسنوورە بە روباری فورات، پێشئەوەی پێکدادان لە ئازاری 2011 لە وڵاتەکەدا سه‌رهه‌ڵبدات، کەمتر ناسرابوو.

یەکەم پایتەختی پارێزگایه‌ك بوو كه‌ بکەوێتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام جیهادییەکانی داعش لە 2014دا لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان سەند و گۆڕییان بە پایتەختی دیفاکتۆ (ئه‌مری واقع)ی خۆیان لە سوریا.

لەوکاتەوە بووه‌تە هاوواتایه‌ك بۆ خراپترین ستەمکارییەکانی گروپەکە، شوێنی لەسێدارەدانی ئاشکرا و فەرمانی زیندانیکردن بۆ "تاوان"ی وەك جگەرەکێشان و لەبەرکردنی جینز.

بەڵام شارەکە هێشتا جێگەیەکی تایبەتی هەیە لەدڵی خەڵکەکەیدا، لەنێویاندا حسێن کە زەردەخەنە دەکات کاتێك باسی دەکات.

چاوانی دەبریسکایەوە و وتی: "هیچ شتێك لە رەققە جوانتر نیە."

"یادەوەریی جوانم هه‌یه‌ لەگەڵ شەقامە نازدارەکانی، خەڵکە بەخشندەکەی و پێکەوەژیانی نێوان پێكهاته‌كانی."

پێش شەڕ، رەققە نزیکەی 300,000 دانیشتووی هەبوو، زۆربەیان عەرەبی سوننە بوون.

بەڵام دانیشتوانەکەی نزیکەی له‌سه‌دا 20 کورد بوون، لەگەڵ هەزاران مەسیحیی سریانی و ئەرمەنی.

دوای هەڵهاتن لە رەققە، حسێن خۆی لەلای هێزەکانی سوریای دیموکرات تۆمارکرد و پەیوەندییكرد بە ریزی چەکداره‌ کورد و عەرەبەكانیه‌وە، کە زۆربەیان وەك ئەو لە شاری رەققەوە هاتبوون.

'رەققە ئازاددەکەین'

لەتەنیشت خۆیەوە، لە کەنارەکانی شارەکەدا، چەکدارانی هاوڕێی گفتوگۆی شەڕه‌ بەردەوامه‌كان دەکەن، کە تێیدا هێزەکانی سوریای دیموکرات چوار گەڕەکیان گرتۆتەوە، دووان لە خۆرهەڵات و دووانیش لە خۆرئاوا.

بەڵام گەڕەکی رومه‌یلەی حسێن هێشتا لەژێردەستی داعشدایە.

هەندێك لە چەکداران جگەرە دەکێشن، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە وێنەی شارەکە دەگرن.

گروپێك دەستدەگرن، هەندێك چەك بەسەر شانیانەوەیە و سەمای نەریتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست "دەبکە" دەکەن بۆ ئاهەنگ گێڕان له‌خۆشیی پێشڕەوییەکانیان.

ئەبو ساڵح هینداوی، چەکدارێك کە فەرماندەیی ئەندامانی عەرەبی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، وتی: "هەست بەخۆشییەکی زۆر دەکەین."

ئەویش خەڵکی رەققەیە و بەشداریکردووه‌ لە راپەڕین دژی حکومەتەکەی سەرۆك بەشار ئەسەد کاتێك لە 2011 دەستیپێکرد، دواتر پەیوەندییکردووه‌ بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

وەلید خەڵەف لەسەر پیکابێك وەستاوە و چەکێكی ئۆتۆماتیکی پێیە و ئه‌ویش به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی گەڕەکی رومه‌یلەیە و ساڵی رابردوو به‌جێیهیشتووه‌.

ئەم پیاوە 28 ساڵە وتی: "هەشت مانگە ماڵەکەمم نەبینیوە. ناتوانم وەسفی بکەم هەستم چۆنە."

"ماڵەکەمم جێهێشت و هیچم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌برد بەتانی و دۆشەکێك نەبێت."

ئێستا تەنیا یەك شتی لەمێشكدایە.

وتی: "رەققە ئازاددەکەین و بەپشتیوانیی خودا شەڕەکە درێژەناکێشێت."

"جیهادییەکان بۆ هەر کوێیەك بڕۆن، ئێمە بەدوایان دەکەوین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500