بانکی ناوەندیی عێراق دووشەممە (19 حوزەیران) پشتڕاستیکردەوە کە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی پارەی ئەنباری خستۆتە لیستی رەشەوە بەهۆی تێوەگلانیهوه لە گواستنەوەی پارە بۆ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و قاعیدەوە.
وتەبێژی بانکی ناوەندی، یوسر جەبار، بە دیارونای وت: "بانکەکە [یەکشەممە] کۆمپانیای کەوسەر بۆ ئاڵوگۆڕی پارەی خستە لیستی رەشەوە، کە [بنكهكهی] لە قائیمی پارێزگای ئەنبارە."
جهبار وتی: "کۆمپانیاکە، کە لەلایەن عومەر محەمەد رەحیم کوبەیسییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت، تێوەگلاوە لە دابینکردنی دارایی و پاڵپشتی بۆ گروپە تیرۆرستییەکان."
وتیشی بانکەکە هەنگاوی توندی ناوە بۆ رێگرتن لە هەر ئاڵوگۆڕێکی بانکی یان دارایی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتیمانی بكات.
جهبار روونیکردەوە: "کاتێك لەلایەن بەشی کۆنترۆڵ یان داراییەوە دەربارەی ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕانە ئاگاداردەکرێینەوە، دەستبەجێ کۆمپانیای پەیوەندیدار قەدەغەدەکەین، هەموو مامەڵەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵدا دەوەستێنین و سەرمایەکەی سڕدەکرێت."
رێگرتن لە پاڵپشتی دارایی
جەبار وتی: "ئۆفیسێکی تایبەت هەیە لە بانکەکەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شۆردنەوەی پارە. لەڕووی کارگێڕییەوە سەربەخۆیە، بەگوێرەی یاسای عێراقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارە شۆردنەوە و پاڵپشتی دارایی تیرۆریستانی ژمارە 39 ساڵی 2015."
وتیشی یەکێك لە ئەولەویەتە باڵاکانمان شەڕکردنە دژی هەموو چالاکییەکی پەیوەندیدار بە پاڵپشتی دارایی تیرۆریزمەوە. ههروهها وتیشی یارمەتیدەربووە لە "رێگرتن لە مامەڵە داراییەکانی داعش و پاراستنی سیستمی دارایی وڵاتەکە دژی قۆستنەوە لەلایەن گروپە تیرۆرستییەکانەوە".
جهبار وتی: "لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تائێستا، نزیکەی 100 کۆمپانیای گواستنەوەی پارە و پیشهوهرانی بانکمان خستۆتە لیستی رەشەوە."
وتیشی ئەم کۆمپانیایانە لە موسڵ و کەرکوك و بەغدا نوسینگەیان هەبووە.
ههروهها وتی: "عێراق پابەندە بە هەموو ستاندارد و بڕیارەکانی ئۆفیسی کۆنترۆڵی کاڵا بیانییهكانی سەربە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بۆ شەڕکردن دژی پشتگیریی دارایی تیرۆرستان."
جهبار وتیشی: "هەوڵەکانمان لە چاودێری و جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە ستایشیانکراوە لەلایەن سیستمی دارایی نێودەوڵەتییەوە و لەئێستادا عێراق بۆتە ئەندامێکی کاریگەری ئەو سیستمە."