دەرمانی نایاسایی لە ژێردەستی گروپێکی تیرۆرستیدا دهتوانێت لەچەند رێگەیەکەوە زیانبهخشبێت، شارەزایانی عێراقی بە دیارونایان وت.
ئەوان دەڵێن وهك دهزانرێت شەڕکەرانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەرمانی نایاسایی وەك کاپتاگۆنیان بەکارهێناوە بۆ روبەڕوبوونەوەی شەکەتی لە شەڕدا کە حەبەکان دەبنە هۆی بهخشینی هەستێکی شادی و بەکارهێنەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هێوردەکاتەوە.
بەڵام کۆمەڵناسی عێراقی، محەمەد عەبدول حەسەن، بە دیارونای وت سەرکردایەتیی داعش ئەوەشیان دۆزیوەتەوە کە ئەو ماددە هێورکەرەوەیە یارمەتیدەرە بۆ رازیکردنی شەڕکەرانی ئاسایی تا ببنە خۆکوژ بەهۆی ئەو هەستی چاونهترسییهوه کە دروستیدەکات.
وتیشی گروپەکە ئێستا روبەڕووی کەمیی دابینکردنی شەڕکەر بووهتەوە کە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە ئامادەن خۆیان بتەقێننەوە.
حەسەن بە دیارونای وت زۆربەیان لەکاتی ئەنجامدانی هێرشدا لە عێراق و سوریا کوژراون، لەکاتێکدا ئەوانی تر لەشەڕدا کوژراون.
وتیشی: "دوای لەدەستدانی ئەو ئەندامانەی کە بڕوایان بە ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی هەیە، گروپەکە ناچار بووە گروپێکی جیاوازی خۆکوژ بهگهڕبخات."
هەروەها وتی چەندین ساڵ مێشكشتنەوە پێویسته بۆ رازیکردنی شەڕکەر بۆ ئەنجامدانی ئهم ئهركه خۆکوژییانه، بەڵام ماددهی وەك کاپتاگۆن یارمەتیدەر دەبێت تا پرۆسەکە خێراتر بکات.
مادده بێهۆشکەرهكان و پۆرنۆگرافی و توندوتیژی
عەبدول حەسەن وتی ئەو ماددانهیان پێدهدرێت لهپاڵ بەڵێنی كهوتنهناو نیعمهتی سێکس و کچانی عهزرادا لەودونیادا، ئەگەر خۆکوژەکان پلەی شەهیدبوون بەدەستبهێنن.
وتیشی: "خۆکوژەکان وێنەی رووتیشیان پیشاندهدرێت بۆ وروژاندنی ئهو هەستی مهستییه بۆ ئەوەی بکەونە ژێر خەیاڵی ژیانێکی نمونهییهوه کە هەرگیز خەونیشیان پێوە نهبینیوه و یارمەتیدەریشبێت بۆ بردنەدەرەوهیان لەم بوونه ناههمواره."
وتیشی داعش -- هەروەها گروپە تیرۆریستیەکانی ئێستا و رابردووش -- هیچ کێشەیەکیان نەبووە لە بەکارهێنانی مادده بێهۆشکەرهكاندا هەرچەندە ئەوانە لە ئیسلامدا قەدەغەکراون چونکە یاسایەکی ئایینی بەکاردەهێنن کە دەڵێت پێویستی زاڵدەبێت بەسەر قەدەغەکراودا.
گروپەکە بەپێی راپۆرتەکان فەتوایەکی دەرکردووە کە رێگە بە بەکارهێنانی کاپتاگۆن دەدات بەو پێیەی "ئاسانکاری بۆ جیهاد" دەکات.
عەبدول حەسەن وتی پیاوە ئایینیەکانی سەر بەداعش دەیانەوێت قەدەغەکراوەکانی ئیسلام رەتبکەنەوە، جا ههرچییهك بێت، ئهگهر خزمەت بە ئامانجی گروپەکە بکات.
بەرپرسی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە پارێزگای زیقار، عەلی فەوازی، وتی کاپتاگۆن لە ژمارەیەك وڵات قەدەغەکراوە بەڵام لە بازاڕی رەشدا هەیە لە چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەنێویاندا عێراق.
وتیشی کاپتاگۆن، کە پێشتر بە رەچەتە دەدرا چیتر لەلایەن پزیشکانەوە رێگەپێدراو نیە بەهۆی خاسیەتی خووپێوەگرتنیەوە و لەعێراقدا قەدەغەکراوە، کە وەك وروژوێنەرێکی دەماری کاردەکات.
بەکارهێنەران دەڵێن توشی بەئاگاییەکی درێژخایەن دەبن لەگەڵ کەمبوونەوەی ئارەزوی خواردن و زیادبوونی ئارەزوی چالاکی سێکسی.
بەڵام فەوازی بە دیارونای وت کاریگەرییە لاوەکیەکان دەشێ کارەساتاوی بن، وەك ئاڵودەبوون، وڕێنەکردن، خەمۆکی زۆر و لەدەسدانی هەستەکان.
هەبوونی ئەو ماددە هۆشبەرە دەبێتە هۆی زیندانیکردنی دەستبەجێ.
ئاڵودەبوون داهات بۆ داعش درووستدەکات
سەرەڕای بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ هاندانی شەڕکەرانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی، داعش بازرگانی بە دەرمانەکەوە کردووە لە عێراقدا، ئەو ماددە ئاڵودەکەرەی بەخراپی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆی.
دەسەڵاتدارانی عێراق لە 2015 ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی داعشیان ئاشکراکرد بۆ بەقاچاخهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ناوچه باکورییهكانی گروپەکەوه بۆ پارێزگاکانی باشوری عێراق.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی حکومی، هێزە ئەمنیەکان گروپێکیان گرت کە بەرپرسی رێگایەکی قاچاخی داعش بوون و دەستیشیانگرت بەسەر 12 ملیۆن حەبی نارکۆتیکدا.
دادوەری دادگای رەسافە، عومەر خەلیل، لە راگەیەندراوێکدا وتی ئەو قاچاخچیانەی کاریاندەکرد لە رێگاکە بەرەو پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست لە عەین تەمر دەستگیرکران لە پارێزگای کەربەلا کە 12 ملیۆن حەبیان پێبوو.
وتیشی: "لێکۆڵەرەوان پشتڕاستیانکردەوە کە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە بۆ داعش."