هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

سەدان کەس نەخۆش دەکەون لە کەمپی ئاوارەکانی موسڵدا

ستافی دیارونا و راپۆرتەکانی ئاژانسی فرانس پرێس

ئاوارەکانی عێراق بۆ وێنەگرتن دەوەستن لە کەمپی حەسەن شام لە 10 حوزەیرانی 2017. دوو رۆژ دواتر، ژەهراویبونێکی زۆر لە کەمپەکەی دەرەوەی موسڵ سەدان کەسی ناچاركرد بە هانابردن بۆ چارەسەری بەپەلە. [محەمەد شاهید/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئاوارەکانی عێراق بۆ وێنەگرتن دەوەستن لە کەمپی حەسەن شام لە 10 حوزەیرانی 2017. دوو رۆژ دواتر، ژەهراویبونێکی زۆر لە کەمپەکەی دەرەوەی موسڵ سەدان کەسی ناچاركرد بە هانابردن بۆ چارەسەری بەپەلە. [محەمەد شاهید/ئاژانسی فرانس پرێس]

لێشاوێك له‌ ژەهراویبوون به‌ خۆراك کە پێدەچێت پەیوەندیی بە ژەمێکی بەربانگی دووشەممە (12 حوزەیران)ەوە هەبێت، سەدان هاوڵاتیی عێراقیی نەخۆشخست لە دوو کەمپی ئاوارەکان لە دەرەوەی موسڵ کە بووە هۆی ئەوەی سەدان کەس پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبێت.

800 حاڵەتی ژەهراویبوونی خۆراك هەن دوای ژەمێکی شەوی دووشەممە، فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا درەنگانی سێشەممە رایگەیاند.

راگەیەندراوەکە هەواڵە سەرەتاییەکانی رەتکردەوە سەبارەت بە مردنی دوو هاوڵاتی، لەنێویاندا منداڵێك.

وتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی كۆچبه‌ران، جۆێل میڵمان، وتی 312 کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

وتیشی ئەو خواردنەی خواردویانە بەشێك بووە لە ژەمی بەربانگ و پێکهاتووە لە برنج، ماست، گۆشتی مریشك و شۆربا کە لە خواردنگەیەك کڕدراوە لە هەولێر لەلایەن رێکخراوێکی کۆمەکبەخشی قەتەرییەوە.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، سه‌یف بەدر، رایگەیاند كه‌ سەرچاوەی سەرەکیی ژەهراویبوونەکە ئاشکرادەکرێت دوای لێکۆڵینەوەیه‌كی قوڵتر لە رووداوەکە.

روداوەکە لە کەمپی ئاوارەکانی حەسەن شام و خازه‌ر روویدا، دوو لەو چه‌ندین کەمپەی ناوچەکە لە دەوروبەری موسڵ، کە هێزەکانی عێراق شەڕی ریکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی لێ دەکەن.

تیمە پزیشكییه‌كان ده‌ستبه‌كارده‌بن

بەڕێوەبەری کەمپی خازه‌ر، رزگار عوبێد، بە دیارونای وت کە بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدایە لە شەوی دووشەممەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان و دابینکردنی چاودێریی پزیشكی بۆ هەموو ئەوانەی نەخۆشکەوتوون.

وتیشی: "هەرکە حاڵەتە یەکەمەکانی ژەهراویبوون دەرکەوتن، دەستبەجێ فەرمانگەی تەندروستی هەولێرمان ئاگادارکردەوە سەبارەت بە رووداوەکە."

هەروەها وتی ئەمبوڵانس و تیمی پزیشکی و دەرمان لە رێکخراوە ناوخۆییەکانەوە دەستبەجێ گه‌یشتنه‌ کەمپەکە.

عوبێد وتی ئەوانەی نەخۆشکەوتن نیشانەكانی وەك رشانەوە و سکچونی توندیان لێده‌ركه‌وت، لەکاتێکدا ئەوانی تر بورانەوە یان توشی ئازاری گەدە بوون.

وتیشی ژەهراویبوونەکە بەهۆی 2,000 ژەمە خۆراکی ئامادەکراوەوە بووە كه‌ لە کەمپەکان دابەشکران بۆ بەربانگ کە پێکهاتبوو لە برنج، گۆشتی مریشك، فاسۆڵیا و نان.

عوبێد وتی: "پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی، سەردانی کەمپەکەی کرد و رێنمایی دا بۆ کردنەوەی لیژنەیەکی فەرمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. حەوت کەسی بەرپرس لە ئامادەکردنی خۆراکە ئاڵوده‌بووه‌كه‌ دەستگیرکراون."

وتیشی بەڕێوەبەرێتی کەمپەکە ژەمە خۆراکی ئامادەکراوی راگرتووە بۆ گەیشتن بە کەمپەکە لەلایەن هەر رێکخراوێکەوە بێت.

عوبێد وتی بەڕێوەبەرایەتیەکە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوەی تەوالێتەکان و شوێنەکانی تری کەمپەکە، ئاوی خواردنەوە و بەشە مادەی پاککردنەوەیان زیادکردووە و کاتژمێری پێدانی کارەباشیان زیادکردووە.

وتیشی: "ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500