لەکاتی هەڵاتندا لە ماڵەکەی لە گەڕەکی زەنجیلی له خۆرئاوای موسڵ لەگەڵ خێزانەکەیدا، مەریەم ئەحمەد سەمیری، 13 ساڵان فیشهكی نیشانگرێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەر دەموچاوی کەوت.
لە 1 حوزەیراندا، خێزانەکەی مەریەم و گروپێكی دیکە هەوڵی هەڵاتنیان لە ماڵەکانی خۆیان دەدا لە شارەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو پارێزگارییهی یەکەکانی سوپای عێراق لەو دەوروبەرە دابینیدهكهن.
کاتێك مەریەم برینداربوو، سەربازە عێراقییەکان بەپەلە فریاگوزاریی سەرەتاییان پێگهیاند و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەیەك لە هەولێر.
چالاکوانی بواری خێرخوازی، محەمەد یونس عوبێدی، وتی فیشهكی نیشانگرەکە لەنێوان چاوانی دا، پێست و ئێسکی بەشی خوارەوەی ناوچەوانی بڕی، کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی زیانی بە چاوی راستی جیوبی بۆشایی ناولوتی گەیاند.
عوبێدی کە خۆبەخشانە سەرپەرشتیی چارەسەركردنی مهریهم دەکات، وتی دوای ئەنجامدانی تاقیكردنهوهی سەرەتایی، ئەو تیمە تەندروستییەی چارەسەری مەریەم دەکەن بڕیاریان دا هەر زوو دەستبكهن بە کارکردن، چونکە کێمی زۆری کردبوو.
عوبێدی بە دیارونای وت مەریەم پێویستی بە سێ نەشتەرگەریی هەستیار هەیە.
وتی: "یەکەم شت چاوە زیانلێکەوتووەکە دەردەهێنرێت. دووەم نەشتەرگەریی چاککردنەوەی ئێسکی نێوان لوت و رێچکەی هەناسەدانە، لەگەڵ ئەو زیانە کەمەی بەر چاوی چەپی کەوتووە."
وتیشی لە دوایین قۆناغی چارەسەرکردنیدا، مەریم نەشتەرگەریی جوانکاریی بۆ دەکرێت، کە بریتییه له چاندنی ئێسك و پێست لە شوێنی بریندارییەکەدا.
زۆر کەس دەستدرێژدەکەن بۆ یارمەتی
کاتێك مەریەم گەیشتە نەخۆشخانە لە هەولێر، عوبێدی کەمپینێکی سەر ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رێکخست و داوای پشتگیری و کۆمەكی دەستبەجێی بۆ کرد.
وتی: "خەڵکێکی زۆر دەرگیرە بە دۆخی کارەساتباری مەریەمەوە. زۆرکەس لەناو وڵاتەکە و لە دەرەوە پەیوەندییان پێوەکردم، پرسیاری ئەویان دەکرد كه چۆن دەتوانن یارمەتیی بدەن."
وتی: "بەخشینمان لە 20 کەسەوە پێگەیشتووە هەریەکەی لەنێوان 100 بۆ 1,000 دۆلاردایە و هەندێك کەس ئامادەبوون پارەی چارەسەرکردنەکەی بدەن."
عوبێدی وتی هەندێك خێرخواز سەردانی مەریەمیان کردووە لەو نەخۆشخانەیهی چارەسەری لێ دەکرێت، دیاری و جلی نوێیان بۆ هێناوە تا پشتگیریی خۆیان دەرببڕن و ورەی بەرزبکەنەوە لەکاتێکدا چارەسەری بۆ دەکرێت.
باوکی مەریەم، ئەحمەد سەمیر، بە دیارونای وت ئەو سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە پشتگیریی کچەکەی دەکەن.
وتی: "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتیی رزگارکردنی كچەکەم مەریەمیان داوە و پرسیاریان له بارودۆخی کردووە و زەحمەتیان کێشاوە بە هاتنە نەخۆشخانە و لەنزیکەوە ئاگاداری دۆخی بوون."
"ئەمە سروشتی راستەقینەی خەڵکی ئێمەیە، کە هەمیشە ئامادەن کاری باش بکەن و پێکەوەبن لە دۆخە سەختەکاندا."
نزادەکرێت تا جارێکی تر پێبکەنێت
باوکی وتی مەریەم یەکەم نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت دوای ئەوەی کێمی دەموچاوی لابرا.
وتیشی: "بەهیوام هەمووان نزای بۆ بکەن تا سەرکەوتوانە نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامبدات و بتوانێت دووبارە پێبکەنێت."
وتی ئەوانەی ئەو زیانەیان بە کچەکەی گەیاند ویژدانیان نیە.
پرسیاری کرد: "چ جۆرە بیروباوەڕێك رێگە بە تیرۆریستان دەدات منداڵ و مەدەنیی بێچەك بکەنە ئامانج؟" وتیشی: "کۆتاییان نزیکە و رسوایی و مەرگ چاوەڕێیانە بەدەستی هێزە چەکدارەکانمان."
شەممە (10 حوزەیران) هێزەکانی عێراق زەنجیلییان گرتەوە و بهمهش تەنیا گەڕەکێکیان هێشتەوە لە دەستی داعشدا پێش ئەوەی بگەنە بنکە ستراتیژییهكهی له موسڵی کۆن.
عەلی دیوەچی کە چالاکوانێکی دیکەیە و لە هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی مەریەم بەشدارە، وتی هاوکات عێراقییەکان بە هەموو توێژ و پێشینەیەکەوە پشتگیریی مەریەم دەکەن و بهمهش بەرجەستەی رۆحیەتی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن.
دیوەچی داوای لە خەڵك کرد کە بەردەوامبن لە بەخشین بەجۆرێك کە دەگونجێت لەگەڵیان.
وتی: "مەریەم کچێکە بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە و بەسەر برینەکانیدا زاڵدەبێت و چاکدەبێتەوە تا بتوانێت وەك سیمبۆڵی یەکێتی و بەرەنگاری بمێنێتەوە."