تیمهكانی لاوان سەردانی خوێندنگاکان دەکەن لە بەشە رزگارکراوەکانی موسڵ بۆ ئەوەی ۆێرکشۆپی دژە تیرۆریزم بۆ منداڵان و هەرزەکاران پێشکەشبکەن كه دهشێت كاریگهریی نەرێنیی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لهسهربێت.
رێکخراوی ئەلفات بۆ گەشەسەندن و بنیاتنانەوە، کە بەرنامەکان بەڕێوەدەبات، راهێنانی بە چەندین گەنج کردووە تا ببنە سەرۆکی ناوخۆیی بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری میانڕەو لەناو کۆمەڵگەکانیاندا.
یهكێك لهوانه چالاکوانی موسڵ، دونیا عەماره کە وتی لە چەندین بەرنامەی راهێناندا بەشداریی کردووە پێشئەوەی ئهركی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکەی پێببهخشن.
عهمار به دیارونای وت: "دوو مانگ لەمەوبەر دەستمانكرد بە خولهكان و بۆ ئهوهش خوێندنگاکانمان هەڵبژارد چونکە ئهو گروپی تەمەنانهیان تێدایه کە زۆرتر دهكهونهژێر کاریگەریی سهرلێشێوان و گومڕایی رۆشنبیرییهوه."
وتی: "ئێمە بەرنامەیەکی پەروەردەیی چەند بەشمان داناوە کە جهخت دهكاتهسهر بەرەنگاربوونەوەی ئایدیا توندڕەو و بەلارێدابراوەکاندا بۆ گەشەپێدانی بههاكانی ئاشتی و پێکەوەژیان و نیشتمانپەروەری."
وتیشی خوێندکاران قسەیان بۆ دەکرێت بەپێی قۆناغەکانیان.
ههروهها وتی: "لەگەڵ خوێندکارانی ناوەندی و دواناوەندیدا باسی ئەو شتانە دەکەین بۆئەوەی گۆڕانکاریەکان و دەرەنجامە ئەرێنیەکانی یەکسەر بیبینین."
زۆربەی خوێندکارە گەنجەکان توشی کێشەی دەروونی بوون لەبەرئەوەی کوشتنی خەڵكیان بینیوە یان لاشەیان بینیوە لەسەر شەقامەکان لە ژیانی راستهقینهدا یاخود لە رێگای پروپاگەندەکانی داعشەوە.
درێژەکێشانی کێشە دەروونیەکان
عەمار وتی تیمەکان زۆر زیاتر گوێ دەدەنە خوێندکارە منداڵەکان و یاری و چالاکیەکانی کات بەسەربردن پێشکەشدەکەن، وەك شێوەکاری و موسیقا و یاریەکان بۆ ئەوەی هانیان بدەن بۆ کارکردن و هەمئاهەنگیی گشتی.
وتی بۆ ئەوەی میراتیی دەروونی و رۆشنبیریی داعش بەتەواوەتی لە موسڵ نەهێڵدرێت، دەبێت کاری زۆر لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامبدرێت و بگهیهنرێت به هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە.
وتیشی: "خەڵك هێشتا لەژێر کاریگەریی شۆك و ترسدان. ئێمە دەبێت دڵنیایان بکەینەوە و هانیان بدەین بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی و بۆ هەتاهەتایە ئەو بەشەی سەردەمی تیرۆریزم [لە ژیانیاندا] بسڕنەوە."
ئەلفات دوای ڕزگارکردنەوەی رۆژهەڵاتی موسڵ و ئارامبونەوەی رەوشی ئەمنی دەستی بە بەرنامەکانی کرد لەسەر راهێنانی منداڵەکان لە دژی توندڕەوی.
موهەنەد عومەری، کە سەر بە ئەلفاتە، بە دیارونای وت وەزارەتی پەروەردە کراوەبوو بەڕووی ئەوەدا کە ئەو بۆچوونانەی [رێکخراوەکە] بخاتە ناو بەرنامەی خوێندنەوە.
وتی رێکخراوەکە تاکو ئێستا 9 تیمی 50 کەسیی لاوانی پێکهاتوو لە کچ و کوڕ راهێناوە لەناو موسڵدا بۆ رێبهڕایهتیكردنی بەرنامەکە و تاکو ئێستا [بەرنامەکە] گەیشتۆتە 300 لەو خوێندنگایانهی کراونەتەوە لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە.
ناوبراو بە دیارونای وت: "بەرنامە روناکبیریەکە بۆکاریگەردانان لەسەر مدناڵەکان پاڵیان پێوەدەنێت بۆ ئەوەی بەتایبەتی ئهو ئایدۆلۆژیا توندڕەو و نادادپەروەره رەتبکەنەوە کە تیرۆریستەکان ههوڵیاندابوو پێیان بفرۆشن و لەبری ئەوه بیروبۆچوونە میانڕەوەکان لهخۆبگرن."
دروستکردنی داهاتوویەکی روناکتر
عومەری وتی: "ئێمە دەمانەوێت کەشێك درووستبکەین کە تیایدا بتوانن سەرنجیان لەسەر درووستکردنی دواڕۆژیان بێت و ببنە ئەندامی چالاك بۆ گەشەپێدان و درووستکردنی کۆمەڵگەکانیان."
وتیشی: "لهئێستادا هەر بەرنامهیهكی هۆشیاركردنهوه هەفتەیەك دهخایهنێت و پاشان ئهو تیمەی ئهركهكهی پێسپهردراوه دەگوازێتهوه بۆ خوێندنگایەکی دیکە."
عومەری وتی: "وەك بەشیك لە پلانەکانی داهاتوومان، ئەو خولانه لە ناو مزگەوتەکانیشدا سازدهكرێن بۆ ئەوەی ئهو گروپانهی ئامانجمانه گەورەتر بکرێن و پاشان بەرەو گەڕەکانی رۆژئاوای موسڵ دەچین دوایئەوەی بەتەواوەتی لەدەست داعش دهسێنرێنهوه."
وتی چالاکیەکانی دیکەی ئەلفات بەرنامەیەکی تیادایە کە فریاگوزاریی خێرا فێری خوێنداکارانی قوتباخانەکان دەکات و پشتگیریی دەروونیشیان دەکات و باسی لەوەشکرد کە 120 دەرچووی کچ و کوڕ تاکو ئێستا بڕوانامەیان وەرگرتوە له دهستهی پزیشكی نێودهوڵهتی.
سەرۆکی ئهنجومهنی قهزای موسڵ، بەسمە باسیم، بە دیارونای وت: "هەوڵی گەورەی خۆبەخش دەدرێت لەلایەن لاوانی موسڵەوە بۆئەوەی خزمەتی خەڵکەکەیان بكهن و شارەکەیان بونیادبنێنهوه."
وتی: "یەکێك لە گرنگترین شتەکان کە ئەوان ئێستا دەیکەن شەڕکردنە لە دژی ئایدۆلۆژیای داعش و پاککردنەوەی مێشكی منداڵان و هەرزەکاران."