هەفتەی رابردوو، چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چەند موشەکێکیان نا بە ناحیەی عەزیم لە باکوری خۆرئاوای پارێزگای دیالە، بەمەش کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان ئاگر تێبەردا.
هێرشەکەی 17 ئایار، کە بووە هۆی سوتاندنی ناوچەیەکی فراوانی چێنراو بە گەنم، وایکرد بەرپرسان هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ رزگارکردنی بهروبومهكهی ئهم دانەوێڵه ستراتیژییهی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری ناحیەی عوزهیم، عەبدولجەبار عوبهیدی، وتی: "تیرۆریستان ناوچەکەیان کردە ئامانج بە شەش گولههاوەن پێش ئەوەی هێزە ئاسمانییەکان وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکە بدەنەوە و دوو ئۆتۆمبیل تێکبشکێنن کە لە هێرشەکەدا بەکارهێنرابوون."
هاوەنبارانەکە، بەگوێرەی عوبهیدی، بووە هۆی سوتانی 350 دۆنم لە کێڵگەی گەنم لە ناحیەکە و گوندەکانی نزیكی وەك ئەلبو عیسا لە پارێزگای سەلاحەدین. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.
بە ئامانجکردنی سەرچاوەی ئابووریی خەڵك
عوبهیدی وتی: "داعش هەوڵیدا بەم کارە سەرچاوەی سەرەکیی ژیاریی خەڵك بکاتە ئامانج،" بە تهگهره خستنهبهر دروێنەی گەنم، کە هەموو ساڵێك لە مانگی ئایاردا دەستپێدەکات.
وتیشی: "ناحیەکەمان ساڵانە لەنێوان 40,000 بۆ 50,000 تەن گەنم بەرهەمدەهێنێت لە سەر روبەری 60,000 دۆنم زەوی."
ههروهها وتی: "ئەم تاوانبارانە دەستبەرداری روبەڕوبوونەوەی هێزەکانمان بوون و لەئێستادا، دوای شکستە مەزنەکانیان، پەنا دەبەنهبهر تێکدانی موڵکوماڵی خەڵک و زیاندان لە کەرتی ئابوری و هەوڵە نیشتیمانییەکان بۆ گەیشتن بە پشتبهستن به خۆ لە بەرهەمێنانی گەنمدا."
هێرشەکە یەکەمین هێرشی لەوجۆرە نەبوو. لەکاتی دروێنەکانی رابردوودا، گروپەکە بەمەبەست بۆمبارانی ناوچە کشتوکاڵییەکانی دیالهی كردووه و ئاگری تێبهرداون.
گەورەترینیان لە 8 ئایاری 2014 بوو، کاتێك کێڵگەکانی گەنم لە شارۆچکەی قەرەتەپە کە دهگاته 500 دۆنم، لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ئاگریان تێبەردرا.
چاندنی دانەوێڵە، کە کێڵگەکانی نزیکەی 40٪ی خاكی وڵاتەکە پێكدێنن، یەکێكە لە ستونەکانی بڕبڕەی پشتی ئابوریی عێراق.
حکومەت هەوڵدەدات بگاتە ئاستی پشتبهخۆبهستن لە گەنمدا. ساڵی رابردوو، عێراق 3.5 ملیۆن تەن گەنمی بەرهەمهێنا، لەوەش 300,000 تەن لە پارێزگای دیالە بەرهەمهێنرا. ئاستی گەیشتن بە پشتبهخۆبهستن پێنج ملیۆن تەنە.
رێوشوێنی ئەمنیی زیاتر
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی عوزهیم، محەمەد زەیفان، وتی هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی عوزهیم زیادکردووە بۆ "بەرپەرچدانەوەی هێرشی نوێ لەلایەن داعشەوە".
زهیفان داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد بدەن بەسەر چەکداراندا لەو ناوچانەی لە عوزهیمهوه درێژدەبنەوە بۆ پارێزگای سەلاحەدین و له باکوریشهوه بۆ شارۆچكهی حەویجە لە پارێزگای کەرکوك، کە ئێستا گرنگترین قهڵای ژێردەستی داعشە لە عێراق.
زەیفان بە دیارونای وت ئەم ناوچانە بۆ نزیکەی 250 کیلۆمەتر درێژدەبنەوە. "ئەمنیەتیان باش دابین نەکراوە و پیاوانی چەکدار زۆرجار دزەدەکەنە ناویان و هێرشی موشەك ئەنجامدەدەن بۆ سەر گوندەکانی عوزهیم و هەڕەشە لە ژیانی خەڵک و کێڵگەکانیان دەکەن."
وتی دۆخی ئەمنی هێشتا لاوازە.
وتیشی: "ئەوە راستە تیرۆرستان ناتوانن هێرشی گەورە لەوێ ئەنجامبدەن، بەڵام هەوڵدەدەن ئهو ناوچە بهربهرهڵایانه بەکاربهێنن تا ئازادانە بسوڕێنەوە."
رێوشوێنی تر بۆ رێگرییكردن
بەرپرسانی ناوچەکە لە دیالە دەستیانکردووە بە پەرەپێدانی بەرگریی مەدەنی و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیك بە کێڵگەکان تا بەزویی ئاگرەکە بکوژێننەوە پێشئەوەی ناوچەیەکی فراوانتر بگرێتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵ لە عوزهیم، قوسەی دولهیمی، وتی ژووری ئۆپەراسیۆن کە سەرپەرشتیی ههڵمهتی دروێنە دەکات، مۆڵهتی دا به رێوشوێنی دەستبەجێ بۆ رزگارکردنی ئەو دانەوێڵەیەی کە ماوە.
دولهیمی بە دیارونای وت گرنگترین هەنگاوەکان بریتین لە "جێگیرکردنی گەورەترین ژماره له دروێنەكهرانی کشتوکاڵی لە کێڵگە گەنمیەکانی هاوسێی سنووری کارگێڕیی سەلاحەدین، کە ناوچەی خەمڵێنراوی چێنراو لەنێوان 5,000 بۆ 6,000 دۆنمدایە".
وتی: "سەرەتا دەستدەکەین بە دروێنەکردنی ئەم کێڵگانە، پێش دروێنەکردن لە کێڵگەی ناوچە سەلامەتەکان." ههروهها ئاماژهشی كرد بەوەی ئەولەوییەتیشیان بۆ بەبازاڕکردنی دانەوێڵەکانیان دەبێت بۆ عەمبارەکانی وەزارەتی بازرگانی.
وتیشی بەشی کشتوکاڵی دهستدهكاته وهرگرتنی داواکارییهكانی جوتیاران بۆ قەرەبووكردنهوه و سەرژمێری ئەنجامدەدات و راپۆرتی سەرەتایی زیانەکان ئامادەدەکات.
دولهیمی وتی: "ئەوەی روویدا هێرشێکی تیرۆرستیی بوو، کردەیەکی تێکدان بوو کە پێویستە دووبارەنەبێتەوە."