هه‌واڵه‌كانی عێراق
گواستنەوە

له‌گه‌ڵ لاوازبوونی داعشدا ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەوانیی مەدەنییدا دەکرێتەوە

خالید تائی

کۆمپانیاکانی هاتوچۆی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دووبارە لە عێراقدا کاردەکەن. [خاوەندارێتیی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی هێڵی ئاسمانیی عێراق]

کۆمپانیاکانی هاتوچۆی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دووبارە لە عێراقدا کاردەکەن. [خاوەندارێتیی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی هێڵی ئاسمانیی عێراق]

کۆمپانیاکانی هاتوچۆی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دووبارە لە عێراقدا کاردەکەن.

کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) موسڵ و شارەکانی دیکەی گرت لە حوزەیرانی 2014، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان کە ئاسمانی عێراقیان بەکاردەهێنا دابەزین بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە، زۆر کۆمپانیای هاتوچۆی ئاسمانییش ئاسمانی عێراقیان بە ناوچەی جەنگ لەقەڵەمدا.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە، سالم موسا، وتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، وەزارەتەکە دەستیکرد بە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوی هاتوچۆی ئاسمانیی نێودەوڵەتی، رێکخراوی هاتوچۆی ئاسمانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی و هێڵە ئاسمانییەکان.

موسا بە دیارونای وت لە ماوەی ساڵێکدا، گفتوگۆکان هەوڵیاندا بەرپرسانی هێڵە ئاسمانییەکان قایلبکەن به‌ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی عێراقدا، "بەتایبەتی بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەوە کە هێزە عێراقییەکان دژی داعش تۆماریاندەکرد".

وتی سەرەنجام ئەم هەوڵانە سودیان هەبوو، بەوەی هێڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان دەستیانکردەوە بە گەشت لە ئاسمانی عێراقدا.

وتیشی: "دوو رێچکەی گەشتی ئاسمانی لەئێستادا كاران لە باکورەوە بۆ باشوری وڵات، لەگەڵ ئەگەری رێچکەی زیاتر بۆ گرتنه‌خۆی ئەو بڕە هاتووچۆ ئاسمانییەی پێشبینی دەکرێت."

هه‌روه‌ها وتی وەزارەتەکە سیستمی کۆنترۆڵی ئاسمانیشی پەرەپێداوە "بە تەکنیکی نوێ و رادار و راهێنان بە کارمەندان بۆ بەکارهێنانیان".

موسا وتی لەئێستادا رۆژانە 150 فڕۆکەی گەشتیاری دەگەنە عێراق، لەکاتێکدا پێشتر 20 بۆ 25 فڕۆکە دەگەیشتن لە ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیای ناوچەکەوە.

وتیشی زیادبوون لە گەشتی رۆژانەدا ئاماژەیەکی باشبوونی دۆخی ئەمنییە.

هه‌روه‌ها وتی: "گەشتی راستەوخۆمان هەیە بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و گفتوگۆ هەیە بۆ کردنەوەی رێچکەی ئاسمانیی نوێ لەگەڵ وڵاتانی وەك یۆنان و سربیا و بێلاروس."

موسا وتی بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوە هەوڵدەدەن مۆڵەت بۆ هێڵی ئاسامانیی عێراق بەدەستبێنن بۆ گەشتکردن بە ئاسمان و خاکی ئەوروپادا و نیشتنه‌وه‌ لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا، دوای رەچاوکردنی مەرجەکانی ئاژانسی سەلامەتیی گەشتی ئاسمانیی ئەوروپا.

وتیشی: "هەنگاوی بەهێزمان ناوە لەمبارەیەوە و بەهیواین ئاکامێکی ئەرێنیمان دەستبکەوێت لە مانگی داهاتوودا."

ترسی ئەمنی كه‌مده‌بێته‌وه‌

پەرلەمانتاری عێراقی و بەرپرسی لیژنەی خزمەتگوزاری له‌ پەرلەمان، نازم ساعدی، وتی زیادبوونی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی عێراقدا "ئاماژەیە بەوەی عێراق دووبارە بەڕووی جیهاندا دەکرێتەوە".

ساعدی بە دیارونای وت ئەوەش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات کە "ترسە ئەمنییەکان کەمبوونەتەوە لە ئەنجامی ئەو قوربانیانەی هێزە عێراقییەکان داویانە".

وتی: "لە ده‌ره‌نجامی [ئەم قوربانیدانەدا]، هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوە بۆ زیندووکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بە ئاسمانی عێراقدا سەرکەوتووبووە."

وتیشی بەشی چاودێریی هێڵی ئاسمانیی عێراق "رۆڵێکی بەرچاو"ی هەبووە لە کردنەوەی رێچكە بۆ هێڵە ئاسمانییە مەدەنییەکان و دڵنیاکردنەوەی گەشتێکی سەلامەت و ئارام.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم رووداوە هانی کۆمپانیای گەشتی بازرگانی زیاتر دەدات عێراق هەڵبژێرن بۆ گەشتێکی سەلامەت، بەتایبەتی چونکە لەسەر نەخشە کەوتۆتە شوێنێكه‌وه‌ کە سەرەڕێی گەشتی نێوان وڵاتانی هه‌ردوو نیوەی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی گۆی زه‌وییه‌وه‌."

ئابوریناس، باسم جەمیل ئەنتوان، وتی دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی بازرگانی دەکرێت بۆ ئابوریی عێراق ئەرێنی بێت و "پەیامێکی بەهێز دەنێرێت بۆ جیهان کە هەڕەشەی تێرۆریزم چیتر وڵاتەکەی قاونەداوە".

ئەنتوان بە دیارونای وت ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەی لە وڵاتەکەدا هەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500