هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

سوریەکان بەنێو مین و مەترسیی كوشتندا هه‌ڵدێن لەدەست داعش لە رەققە

ئاژانسی فرانس پرێس

ئاوارە سوریەکان، کە لە دەوروبەری رەققەی قه‌ڵای رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' هەڵاتوون، گەیشتنە کەمپی کاتیی عەین عیسا لە 1 ئایاردا. بەشی سەرەکیی کەمپەکە پڕبووە، بەڵام ئەو مەدەنییانەی لەدەست داعش هەڵدێن بەردەوام روودەکەنە ئێرە. [دەلیل سڵێمان / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئاوارە سوریەکان، کە لە دەوروبەری رەققەی قه‌ڵای رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' هەڵاتوون، گەیشتنە کەمپی کاتیی عەین عیسا لە 1 ئایاردا. بەشی سەرەکیی کەمپەکە پڕبووە، بەڵام ئەو مەدەنییانەی لەدەست داعش هەڵدێن بەردەوام روودەکەنە ئێرە. [دەلیل سڵێمان / ئاژانسی فرانس پرێس]

بەشی سەرەکیی کەمپی ئاوارەکان لە باکوری سوریا و شارۆچکەی عەین عیسا پڕبووە، بەڵام ئەو مەدەنییانەی لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' هەڵدێن، بەردەوام روودەکەنە ئێرە.

کەمپەکە دۆخی خراپە، بەجۆرێك چادری خۆڵاوی لە بادا دەشەکێنەوە بەسەر چەوێکی سپییدا کە دانیشتوانەکەی بەتۆزێکی سپی دادەپۆشێت.

خەڵکه‌كه‌ چەندین مانگە روو لەم کەمپە دەکەن، بەڵام شەپۆلەکە فراوانتربووە بەهۆی فشاری هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی داعش.

ئەم هاوپەیمانێتییە عەرەبی-کوردییە بەرەو شاری رەققە شاڵاو دەبات، کە گرنگترین قەڵای داعشە لە سوریا هێشتا لەژێردەستیدا ماوە.

تازە گەیشتووەکان لە کەمپە ناوەندییەکە ناچارن پەناببەنە بەر دەرەوەی ناوچەی دیاریکراوی خێوەتهەڵدان، تەنانەت هەندێکجار لەنزیك رێگەکە خێوەت هەڵدەدەن.

بەڕێوەبەری کەمپەکە، جەلال عەیاف، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لەئێستادا زیاتر لە 20,000 کەس لە کەمپەکەدا هەیە و ژمارەیان لە هەر کاتژمێرێكدا زیاتر دەبێت."

وتیشی: "شەش مانگ لەمەوپێش و لە سه‌ره‌تای شەڕی رەققەوە، زیاتر لە 100,000 کەس گەیشتوونەتە کەمپەکە، هەندێکیان لەئێستادا رۆیشتوونەتەوە بۆ گوندەکانیان و ئەوانیدیکە رۆیشتوون تا لەگەڵ خزمەکانیاندا بمێننەوە لە ناوچەکانی تر."

عه‌یاف تکای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەك کرد "یارمەتییەکانیان زیادبکەن بۆ ئاوارەکان، کە ژمارەیان لە توانای ئەنجومەنی خۆجێی شارەکە تێپەڕیکردووە."

بەسەدان پیاو و ژن لە دەوری ئۆتۆمبیلێکی دابەشکردنی کۆمەك ئاپۆرەیان بەستووە، ژنێکیش بوخچەیەکی لە شمەکەکانی رێکخراوی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی لەسەر سەری هەڵگرتووە.

دوور لە ترس و تۆقین

لە شوێنێکی دیکە، ژنان لە دەوری تانکەرێکی سوور بۆ شۆردنی جل کۆبوونەتەوە و دوو کوڕی منداڵکارییش هەوڵدەدەن پێکەوە جلیکانێکی ئاو هەڵبگرن.

منداڵان لە کەمپەکەدا جمەیان دێت، لەنێویاندا ساوایەك لەسەر چەوەکە پارچەیەك پلاستیك دەجوێت، واپێدەچێت بەوە نەزانێت کە تۆزی سپی پانتۆڵە سوورەکەی داپۆشیوە.

لەو نزیکانە، دوو کوڕ لەسەر جۆلانەیەکی کاتی یارییان ده‌كرد، بە گوریسێکی زەرد کە بە چوارچێوه‌یه‌كی ئاسنه‌وه‌ هەڵواسراوە.

لە خێوەتێکیشدا، خێزانێك هەوڵیانده‌دا کۆرپەیەك بە مەمکەمژەیەکی پەمەیی ئارامبکەنەوە کە لەنێو هەندێك لێفەدا پێچرابۆوە لە بێشکەیەکی بەتەل دروستکراودا.

بەڵام سەرەڕای هەموو سەختییەکان، کەمپەکە سەلامەتە و دوورە لەو ترس و تۆقینەی دانیشتوانەکەی دەڵێن روبه‌ڕووی ده‌بوونه‌وه‌ لەژێردەستی داعشدا و لەکاتی هەڵاتنیاندا.

تازە هاتوویەك، ئەبو ئەحمەد، 47 ساڵ، کە لە کێڵگەکانی رەشید لە باکوری شاری رەققە هه‌ڵاتووه‌، باسی لە گەشتێکی پڕنەهامەتی کرد.

وتی: "تەقەیان لە ئۆتۆمبیلەکانمان کرد و ئاگریان بەردایە خێوەتەکانمان لەکاتێکدا هەڵدەهاتین."

ئەبو ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "مینیان لەسەر پردەکان دانا و پێش کشانەوەیان ناوچەکانیان مینڕێژکرد."

خالید، دانیشتوویەكی گەڕەکی سەباحیە لە رەققە، دوو رۆژ پێشتر گەیشتە کەمپەکە و هێشتاش شەکەت دیاربوو.

وتی: "نەماندەتوانی باوەڕبکەین بەوەی گەیشتووینەتە ئێرە."

وتیشی: "داعش رێگە لەوانە دەگرێت کە دەیانەوێت بێن بۆ ئێرە -- زیان بە ئۆتۆمبیلەکانیان دەگەیەنێت تا رێ لە هەڵاتنیان بگرێت."

'گەڕان بەدوای سەلامەتیدا'

خالید وتی: "چەند رۆژێك لەمەوپێش چەندین کەسیان لەسێدارەدا کە ویستبوویان هەڵبێن."

کەسێکی دیکەی خەڵکی رەققە، تەلال، وتی چەکدارانی داعش چاودێریی ئەو کەسانە دەکەن کە خێوەتیان پێیە و دەکرێت لەڕێی هەڵاتندا بەکاریبهێنرێن.

ئەو پیاوە 36 ساڵە وتی: "دۆخەکە زۆر خراپە."

"هەموان لە شارەکەدا بەدوای سەلامەتییدا دەگەڕێن."

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنیا چەند کیلۆمەترێك دوورن لە باکور و خۆرهەڵاتی شاری رەققەوە، بەڵام هێشتا هەوڵدەدەن گەمارۆی بدەن لە خۆرئاوا و باشوورەوە.

دەڵێن دوایین هەڵمەت دەکرێت مانگی داهاتوو دەستپێبکات و ئەمریکا بەڵێنی داوە یارمەتیی زیاتر بدات بۆ بەهێزکردنی هێزەکان پێش کاتی دیاریکراو.

حەمزە حسێن، دانیشتووی گەڕەکی دەراعیەی رەققە، وتی چەکدارانی داعش خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکرد.

وتی: "ئەوان دەوروبەری ناوچەکەیان مینڕێژدەکرد و چوارچێوەی تەختەیان دادەنا کە لە عێراقەوە هێنابوویان."

چوارچێوەکان بەسەر شەقامەکاندا هەڵدەواسرێن و بە جل دادەپۆشرێن تا رێ لەوە بگرن فڕۆکە جەنگییەکان بیانبینن.

وتیشی: "تەنانەت بەری شەقامەکانیشیان بەستووە بە گڵ و چیمەنتۆ."

وتی برازاکەی بە تەقینەوەی مین کوژرا کاتێك هەوڵی هەڵاتنی لە شارەکە داوە.

"لەگەڵ خۆماندا هێنامان و لێرە ناشتمان."

خالید وتی چیتر پشتگیریی خەڵک بۆ داعش نەماوە و خەڵکەکە چاوەڕێدەکەن شارەکە رزگاربکرێت.

وتی: "چیتر کەس تەحەمولیان ناکات."

"هەمووان لە رێگەیەك دەگەڕێن له‌ده‌ستیان رزگاربن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500