هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هەڵاتوانی موسڵ باس له‌ بەکارهێنانیان دەکەن وەك قەڵغانی مرۆیی لەلایەن داعشەوە

خالید تائی

سەربازێکی عێراقی دانیشتوویەکی موسڵی لەباوەشگرتووه‌ کە توانیویەتی بەسەلامەتی لە شارەکە هەڵبێت سەرەڕای گرتنی خەڵکی مەدەنی وەك بارمتە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ لەو چەند شوێنە کەمەی هێشتا لەژێردەستیدایە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی]

سەربازێکی عێراقی دانیشتوویەکی موسڵی لەباوەشگرتووه‌ کە توانیویەتی بەسەلامەتی لە شارەکە هەڵبێت سەرەڕای گرتنی خەڵکی مەدەنی وەك بارمتە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ لەو چەند شوێنە کەمەی هێشتا لەژێردەستیدایە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی]

ئەو عێراقیانەی لە موسڵ هەڵهاتون بە دیارونایان وت کە هەزاران کەسی مەدەنی هێشتا وەك بارمتە گیراون لە رۆژئاوای موسڵ لەلایەن شەڕکەرانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌.

دەڵێن دانیشتوان هەڵبژرادەیەکیان پێدەدرێت لەنێوان مردن لە بەرەکانی شەڕدا وەك "شەهید" یان کوژرانیان لەلایەن داعشەوە.

عومەر غەسان، 28 ساڵ، یەکێك بوو لەوانەی لە گەڕەکی ئیسڵاح زه‌راعی هەڵهات لە 12 ئایار پێشئەوەی هێزە ئەمنیەکان بیگرنەوە لەدەست داعش.

غەسان بە دیارونای وت چەکدارەکان خێزانەکەیان و خێزانی تریشیان دەستبەسەرکردبوو لە ماڵەکانیاندا و بەکاریاندەهێنان وەك قەڵغانی مرۆیی.

روبەڕوبوونەوەی دوو هەڵبژاردە

وتیشی: "ئەوان ترساندیانین بە کوشتنمان ئەگەر رابکەین یان ئەگەر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانەکانیان نەبین."

هەروەها وتی: "هەوڵیاندا خۆیان بپارێزن بە بەکارهێنانی ئێمە." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە گروپەکە خۆی حەشاردەدات لەناو ماڵە تایبەتەکاندا و سەربانەکان به‌كارده‌هێنێت وەك پێگەی نیشانگره‌كانی.

غەسان وتی داعش بە دانیشتوانی وت بەهەشت چاوەڕێیان دەکات ئەگەر بمرن لەکاتی پاراستنی چەکدارەکاندا. هەروەها ئەگەر ئەوە هەڵبژێرن پەیوەندی بە شەڕەوە بکەن له‌پاڵ گروپەکەدا، ئەوا وەك "شەهید" دەمرن.

وتیشی: "ئەوان دوو هەڵبژرادەیان پێداین -- یان ئێمە دژیان دەوەستین و بەدەستی ئەوان دەکوژرێین، یان پشتیوانییان دەکەین و دەمرین" لە شەڕەکاندا.

هەروەها وتی: "بەڵام دواتر، نیشانگرانی هێزە ئەمنیەکانمان راویان نان و ژیانێکی تازەمان بۆ نوسرایەوە."

ئەبو ئەحمەد، 46 ساڵ، کە داوایکرد نازناوێكی بۆ بەکاربهێنرێت لەبەر هۆکاری ئەمنی، یەکێکی ترە لە رزگاربووانی گەڕەکی ئیسڵاح زه‌راعی. ئەحمەد بە دیارونای وت ئەگەر هێزەکانی عێراق لەکاتی خۆیدا نەگەیشتبان، ئەو و شەش ئەندامی خێزانەکەی ئێستا مردبوون.

وتیشی: "ئەوان [ئەندامانی داعش] خەریكبوو لەناومان بەرن دوایئەوەی ئێمەیان وەك بارمتە گرت. نەیاندەویست ئێمە بە زیندوویی بەجێبهێڵن لەکاتی مانۆڕەکانیاندا کە شەڕیاندەکرد و لەماڵێکەوه‌ بۆ ماڵێکی تر دەچوون."

ئەبو ئەحمەد وتی: "خودا لە مردنێکی دڵنیا رزگاریکردین و تیرۆریستانی تێکشکاند لەسەردەستی سەربازە ئازاکانمان."

لاوازبوونی تواناییه‌كانی شه‌ڕ

داعش ئێستا نزیکەی له‌سه‌دا پێنجی رۆژئاوای موسڵی لەژێردەستدایە -- تەنیا چەند گەڕەکێکی کەم لە دەوروبەری موسڵی کۆندا.

نزیکەی 300,000 مەدەنی هێشتا گیریانخواردووە لە شارەکەدا، هەندێکیان ئەوانەن کە بەجێهێشتنی ماڵەکانیان رەتدەکەنەوە.

بەرپرسی راگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، سەعید مەموزینی، وتی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان لە شارەکەدا "زۆربەی شەڕکەرانی گروپەکەی لەناوبرد و هەموو سەرچاوەکانی چەك و تەقەمەنیانی تێکشکاند لەگەڵ بارەگاکانیان."

مەموزینی بە دیارونای وت بەڵام چەکدارەکان "بەردەوامن لە بوونیان بە مەترسییەکی سەرەکی بۆسەر خەڵکی مەدەنی گیرخواردوو لە ژێردەستیاندا."

وتیشی: "لەوکاتەوەی شەڕ دەستیپێکرد له‌ رۆژئاوای موسڵ، نزیکەی 350 مەدەنی کوژراون لەئەنجامی بەکارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی [لەلایەن داعشەوە]."

هێزەکانی عێراق لە 2 نیسان لاشەی 16 مەدەنییان دۆزییەوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، کە بە گولـلە کوژراون لەکاتی هەوڵدانیاندا بۆ هه‌ڵهاتن لە موسڵی کۆن.

شارەزای بواری ئەمنی و بەرپرسی پێشوی وەزارەتی ناوخۆ، جاسم حەنون، بە دیارونای وت داعش "رێ بەخۆیدەدات ژیانی خەڵکی بێتاوان بخاتە مەترسیه‌وه‌ و بیانکوژێت بەهەر بارودۆخ و بیانویەك بێت."

وتیشی ئەندامانی گروپەکە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی كوشتنی خەڵکی مەدەنی و بەکارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی و کردنە ئامانجیان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو كاتێك هەڵدێن.

حەنون وتی "زۆربەی قوربانیان" لەئەنجامی ئەو جۆرە هێرشانەوە مردوون.

وتیشی دوای ئازادکردنی گەڕەکەکانی حاوی کەنیسە و 30 تەموز و ناوچەی شوقه‌ق هەرەمات، ئەندامانی داعش لە هەموو لایەکەوە گیریانخواردووە لە موسڵی کۆندا.

هەروەها وتی: "ئەوان بەمدواییانە کاتی تەواویان نیە بۆ جموجۆڵ و تواناییه‌كانی شه‌ڕیان لاوازدەبێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بەداخەوە راپرسیەکە لە لایه‌نێكه‌وه‌یه‌ کە داعشی خۆشدەوێت! ناكرێت مه‌زه‌نه‌بكرێت ئەبو بەکر بەغدادی چووبێت بۆ ئێران.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌