هێزەکانی پێشمەرگە بەمدواییانە سەرکەوتوبوون لە بەدواداچون و رزگارکردنی 36 ئێزیدی رفێندراو لە شەنگال کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه دەستبەسەرکرابوون لە باکوری عێراق بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ.
زۆربەی ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنهكهی 30 نیساندا رزگارکران منداڵ بوون.
بەرپرسی نوسینگەی کاروباری رفێندراوانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆك، حسێن قەیدی، بە دیارونای وت لە رێی سەرچاوەکانی خۆیەوە، نوسینگەکە توانیی ئەوه دهستنیشان بكات كه دەستبەسەرەكان لەکوێ حەشاردرابوون.
وتیشی پێنج پیاو و پێنج ژن و 26 منداڵ رزگارکران بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمنیی عێراق، بەبێئەوەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرابکات.
هەروەها روونیکردەوە: "ئێمە نامانەوێت وردەکاری بدەین بۆ پاراستنی ژیانی رفێندراوانی تر و بۆئەوەی بتوانین ئازادیانبکەین و بیانگێڕینەوە بۆ خێزانەکانیان."
لە 21ی نیسان،پۆلیسی فیدراڵیی عێراق کچێکی 11 ساڵی ئێزیدی لەدەستی داعش ئازادکرد بەناوی فەرەح دەخیلهەرکە پێشرەوییانکرد بەرەو ناوچەی تەنەکی موسڵ.
رزگارکردنی بەندکراوەكانی تر
داعش هەزاران ئێزیدیی دهستگیركرد کاتێك شەڕکەرانی هێرشیانکردە سەر شەنگال لە تەموزی 2014. دوایئەوەی ناوچەکە رزگارکرا لە کۆتایی 2015، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەدان کەسیان ئازادکرد.
قەیدی وتی بەڵام داعش هێشتا 3,400 بەندکراوی ئێزیدیی لهلایە -- کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن -- لە ناوچەکانی ژێردەستیدا.
وتیشی: "زانیاریمان هەیە سەبارەت بە دەستبەسەرکراوانی تر و دەزانین لەکوێن. لە داهاتویەکی نزیکدا رزگاریاندەکەین لەدەستی تیرۆرستان."
هەروەها وتی: "کاتێك ئازادمانکردن، [36 بەندکراوەکە] لە بارودۆخێکی سایکۆلۆژی و جەستەیی خراپدا بوون. ژیانیان سەخت بوو؛ تیرۆرستان وەكو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا کردبوون و روبەڕووی چەندین جۆری ئەشکەنجەو چەوساندنەوەیان کردبوون."
وتیشی: "هەرکە رزگارمانکردن، دەرمان و خۆراکمان بۆ دابینکردن، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها شوێنی حەوانەوەمان بۆ دابینکردن و ئێستا لەبارودۆخێکی باشدان."
هەندێکیان رزگاریان نەبوو
هێزەکانی عێراق تائێستا نزیکەی 30 گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە لە پارێزگای نەینەوا کە سەدان قوربانیی ئێزیدییان تێدایە کە لەلایەن داعشەوە کوژراون.
راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، حسێن قاسم حەسوم، وتی ئاستی توندوتیژی کە دژی ئهم كهمایهتییه ئەنجامدرا، یارمەتیدانی هەموو رزگاربووانی ئێزیدیی دەستی داعشی ستهمكار دهكاته ئەرکێك.
وتیشی رزگاربووان پێویستیان بە یارمەتی و گەڕانەوە دهبێت بۆ دۆخی ئاسایی تا کۆسته دەروونیهكانیان چاكببێتهوه کە لەلایەن داعشەوە توشیانبووە و ههروهها دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا و کارکردنی رێکخراوە حکومیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئەوە.
هەروەها وتی: "زۆربەیان بوونەتە قوربانیی توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژیی سێکسی،" لەکاتێکدا ئەوانیتر ناچارکراون واز له ئایینی خۆیان بهێنن و بیگۆڕن."
رفێندراوان دەگەڕێنەوە بۆ شەنگال
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، سەیدۆ حسێن تاتانی، بە دیارونای وت رفێندراوه ئێزیدییهكان لە ئۆپەراسیۆنێکدا رزگاركران کە لە ناوچەی بەعاجی رۆژئاوای موسڵ ئەنجامدرا، کە لەژێردەستی داعشدایە.
وتیشی: "رفێندراوان هەموویان خەڵکی شەنگالن و دەستبەجێ دوای رزگارکردنیان براون بۆ شارۆچکەکەیان و پێداویستییهكانیان بۆ دابینکراوە."
هەروەها وتی حکومەتی خۆجێی نەینەوا پشتیوانیی هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ ئازادکردنی ئێزیدیەکان و هەموو ئەوانەی تر کە لهلای داعش به بەندکراوی ماونهتهوه.
تاتانی وتی: "داوا لە دەسەڵاتدارانی نیشتمانی دەکەم کە بایەخێکی زۆر بەو کێشەیە بدەن. هیوادارین هەموو کەسێك یارمەتیدەربێت بۆ هێنانەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ ناو خێزان و خۆشەویستانیان و کۆتاییبێت بە تاڵی و ئازارچهشتنیان."