مەرگی رۆژانەی منداڵان بەهۆی بەدخۆراکی و نەخۆشییەوە بۆتە "هەواڵی ئاسایی" بۆ ئەو ئاوارە سورییانەی پەنایان بردۆتە بەر کەمپی روکبان لە ناوچەی بێلایەنی سەر سنووری ئەردەن-سوریا، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
کەمپەکە بهردهوام لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە هێرشی دەکرێتەسەر، لە ئاکامی ئەوەشدا هەموو رێکخراوە فریاگوزارییەکان کارەکانیان لەوێ هەڵپەساردووە.
جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی خێڵەکیی تەدمور و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرانی نوسینگەی فریاگوزاری لە کەمپی روکبان، محەمەد ئەحمەد دهرباس، وتی دۆخی کەمپەکە "لە هەموو روویەکەوە کارەساتئامێزە".
دهرباس بە دیارونای وت تەنیا چارەسەرێكی تەندروستی كه هەبێت لە کەمپەکە ئهوهیه كه لەلایەن کلینیکێکی سەر سنوورەوە پێشکەشدەکرێت، "کە بە مەبەستی چارەسەری دۆخی لاوەکی یان کتوپڕ دانراوە".
وتی: "جگه لهوه، خزمەتگوزاریی تەندروستی لە کەمپەکەدا بوونی نیە، بەتایبەتی خزمەتگوزاری منداڵان و پیر و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە."
وتیشی کەیسی مەترسیدار دەگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئەردەن بۆ چارەسەر، بەڵام پرۆسەی گواستنەوە قورسە و سنووردارە تەنیا بۆ ژمارەیەك رووداو.
سەختیی چوونەناوەوە
کەمپی روکبە ساڵی 2015 دامەزرا بۆ وەرگرتنی ئەو مەدەنییە سورییانەی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش لە تەدمور، قەریەتەین، رەققە و دێرەزور هەڵدەهاتن.
لە سەرەتادا، چەند خێمەیەك بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر بەربەستی سنوریی نێوان ئەردەن و سوریا دامەزرێنران، بەڵام ناوچەکە زوو بووە چادرگەی هەمیشەیی بۆ هەزاران ئاوارە، بەتایبەتی خێڵەکییەکانی ناوچەکە.
کارمەندی فریاگوزاریی روکبان، تاریق نوعەیمی، بە دیارونای وت لەئێستادا کەمپەکە نشینگەی نزیکەی 100,000 ئاوارەیە.
ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی خۆکوژێکی داعش حەوت سەربازی ئەردەنیی کوشت لە بنکەیەکی سەربازی کە کەمتر لە میلێك لە کەمپەکەوە دووربوو، ئەردەن ناوچەکەی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" لەقەڵەمدا و چیتر رێی بە ئاوارەکان نەدا سنورەکانی ببڕن.
وتی: "چادرگەکە لە خاکێکی بیابانیی زۆر سەختدایە و ئاوارەکان هەمیشە تووشی زریانی لمین و هەندێكجاریش لافاوی کتوپڕ دەبنەوە."
نوعەیمی وتی لە نیساندا لافاو و با بە دەیان خێمەی هەڵکەند و زۆر خێزان بەبێ پەناگە مانەوە.
جگه لهوهش، کەمپەکە دابڕاوە، هیچ رێگەیەك بە ناوچەکانی دیکەوە نایبەستێتەوە، کە وادەکات گواستنەوەی خۆراك و ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵکەکەی سەخت بێت.
نەبوونی خۆراك و دەرزیی كوتان
نوعەیمی وتی بەرپرسانی ئەردەن 600 مەتری سێگۆشە ئاوی خواردنهوهیان له بیرهكانهوه بە تەنکەر دابینكردووه بۆ کەمپەکە. وتیشی ئەم بڕە بەپێی پێویست نیە "بە رەچاوکردنی ئەوەی [ژمارەی] دانیشتوانی کەمپەکە بەردەوام زیاددەکات".
دهرباس وتی ئەو بڕە خۆراکەی دەگاتە روکبان لەو گروپانەوە کە لە ناوچە ئازادکراوەکانی سوریادا کاردەکەن "بڕێکی زۆرکەمە"، ئاماژەشی كرد بەوەی نەبوونی خۆراك کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر منداڵان هەیە.
وتیشی هەموو رۆژێك ژمارەیەك کۆرپە دەمرن بەهۆی نەبوونی خۆراك و ئاوەوە، لەکاتێکدا نەبوونی دەرزیی كوتان، منداڵان رووبەڕووی مەترسیی توشبوون بە هەموو جۆرە نەخۆشییەك دەکاتەوە.
دهرباس وتی ئەنجومەنی خێڵەکیی تەدمور بەرپرسە لە ئاسایشی کەمپەکە و بەڕێوەبەرێتییهکی پۆلیسی دامەزراندووە کە لەلایەن 100 لاوی خۆبەخشەوە پاسەوانیی دەکرێت، کە کێشەکان یەکلایی دەکەنەوە لەنێوان دانیشتوانی کەمپەکە هەرکات بێنهكایهوه.
وتی ئامانجیشیانە هەر هەوڵێکی داعش بۆ دزەکردنە نێو کەمپەکە بزانن لەڕێگەی تێکەڵبوون بە ئاوارە نوێیەکانەوە.
ههروهها وتی: "بەڕێوەبەرێتیی پۆلیس لەگەڵ لایەنەکانی سوپای سوریای ئازاد هەماهەنگی دەکات لە ناوچەکە بۆ دەستێوەردان لە دۆخی کتوپڕدا. لایەنەکانی سوپای سوریای ئازاد پارێزگاریی دەرەکیی تەواو پێشکەشدەکەن بۆ کەمپەکە لەدژی هەر هێرشێك لەلایەن تیرۆرستانەوە."
'هیچ ئەلتەرناتیڤێك نیە'
سەرەڕای دۆخی روکبان، زۆر خێزان هێشتا هەموو رۆژێك دەگەنە کەمپەکە لە درێرەزور و رەققەوە بۆ هەڵاتن لەو شەڕەی لە ناوچەکەیاندا تاوی سەندووە.
دانیشتویهكی کەمپەکە، باسم عەقەیدات، 40 ساڵ، بە دیارونای وت مەدەنییە هەڵاتووەکان "هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان نیە".
وتی: "دۆخە ناهەموارەکە هەمووانی هەراسانکردووە و بۆتە هۆی هەڵگیرسانی کێشە کە هەندێكجار دەگاتە شەڕەتەقە."
وتی خۆراك و ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی نیە "تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت پارەیان هەیە". ئاماژهشی كرد بەوەی دۆخی ئەمنیی کەمپەکە زۆر نیگەرانکەرە بەهۆی نەبوونی هێزی ئەمنیی بهردهوامهوه بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاساییش.
عەقەیدات وتی لەڕووی خوێندنەوە، هەندێك هەوڵی خۆبەخشانە هەبووە بۆ دامەزراندنی خوێندنگەی کاتی لە خێمە گەورەکاندا. بەڵام نەبوونی شمەك، بەرنامە، کتێب و پێداویستییەکانی دیکە کردوونی بە شوێنی یاری و هیچی تر.
وتیشی: "یەکێك لە دۆخە کارەساتبارەکانی کەمپەکە فڕێدانی پاشەڕۆیە لە دەرەوە و ئاوەڕۆی کراوەیە" کە بووهته هۆی بڵاوبوونەوەی زۆری مشك و مار و مێشومەگەز کە لە گەرمای هاویندا ژمارەیان زیاددەکات و ههروهها بووهته هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.