بە دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرهەڵاتی موسڵ، لەئێستادا دانیشتوان دەتوانن پێناسی باری کەسێتیی مەدەنیی یاسایی دەربهێنن لەگەڵ بەڵگەنامە یاساییەکانی دیکە.
لەوکاتەدا کە داعش فەرمانڕەوایی شارەکەی دەکرد، گروپەکە دەستیگرت بەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی هاوڵاتیاندا و گۆڕینی بە بەڵگەنامە و بڕوانامەی نایاسایی خۆی.
ئهمڕۆ کاربەدەستانی عێراق کاردەکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو پاشاگەردانیەی داعش دروستیکردووە لە تۆماری هاوڵاتیاندا ههروهها بۆ تۆمارکردنەوەی بەڵگەنامەی لەدایکبوون و مەرگ و گرێبەستی هاوسەرگیریی.
رۆژانە بە دەیان هاوڵاتی دەبینرێن ریزیان بەستووە لەبەردەم نوسینگەی بەڕێوەبەرێتی رەگەزنامە لە شارۆچکەی بەرتەلە، خۆرهەڵاتی موسڵ، لە چاوەڕوانیی نۆرەیاندا بۆ بەدەستهێنانی ناسنامە و بەڵگەنامەی نوێ.
محەمەد سهڵاح، 37 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکەی موسەننا، وتی زۆر دڵخۆش بووە به لەدایکبوونی كچەکەی حەنین زیاد لە ساڵێك لەمەوپێش، بەڵام هەرگیز لەدایکبوونی تۆمارنەکردووە لە بەڕێوەبەرێتی تەندروستیی شارەکە، کە داعش ناوی نابوو دیوانی تەندروستی، تا "بەڵگەنامەیەکی بەدەست نەگات لەلایەن گروپێکی تیرۆریستییەوە".
سهڵاح بە دیارونای وت: "دڵنیابووم ئازادکردنی بهڵگهنهویستی شارەکەمان بەڕێوەیە [و] نەمویست کچەکەم هیچ ناسنامەیەکی پێبێت فەرمی نەبێت، تەنانەت گەر ببێتە هۆی لەدەستچوونی ژیانی خۆم."
وتی: "دوای لێکۆڵینەوە، کچەکەم لە تۆماری مەدەنیی خێزانەکەمدا تۆمارکرا و ناسنامەی باری مەدەنیم بەدەستهێنا لەگەڵ بەڵگەنامەی رەگەزنامە [بۆی]."
چاککردنەوەی بێسهروبهری و تێكدانهكانی داعش
پەرلەمانتاری عێراقی، ئینتیسار جبوری، ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی بۆ [کاروباری] ژنان، خێزان و منداڵان وتی داعش پاشاگەردانی و داڕمانی خستهناو هەموو کایەکانی ژیان، لەنێویاندا بەڵگەنامەی فەرمیی هاوڵاتیان.
جبوری بە دیارونای وت کاتێك [پرۆسەی] رزگاری دەستیپێکرد و هاوڵاتیان ئازادبوون لە حوکمی چەکدارەکان، "هەوڵە نیشتیمانییەکان بۆ بەهێزکردنی مافی هاوڵاتیان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاستەنگانە بوون کە پەیوەندییان بەو کێشەیەوە هەبوو".
وتی بۆ ئەو دایك و باوکانەی ناسنامەی فەرمی یان تۆماری مەدەنییان هەیە، ئاسانە منداڵەکانیان تۆماربکەن کە لەکاتی فەرمانڕەوایی داعشدا لەدایکبوون.
دایك و باوکان تەنیا پێویستیان بە فەرمانێکی دادگا هەیە بۆ سەلماندنی خزمایەتی لەگەڵ دوو شایەت و دەبێت ئاگاداری بەڕێوەبەرێتی تەندروستیش بكهنهوه له لهدایكبوونیان، تا منداڵەکانیان ناسنامەیان پێبدرێت.
بەگوێرەی جبوری، گەر دوو کەسەکە هاوسەرگیرییان کردبێت و بەڵگەنامەی نایاساییان هەبێت لەلایەن داعشەوە و منداڵیان بووبێت، دەبێت سەرەتا بەشێوەیەکی یاسایی لەدادگا هاوسەرگیرییەکەیان تۆماربکەن.
وتی: "لە دۆخێکدا ژنێك هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی عێراقی کردبێت لەکاتی فەرمانڕەوایی داعشدا و مێردەکەی مردبێت، ونبووبێت یان جێیهێشتبێت، مافی ئەوەی هەیە سکاڵای یاسایی تۆماربکات، مافەکانی لە دادگا بەدەستبهێنێت و منداڵەکانی تۆماربکات بەناوی دایك و باوکیانهوه."
جبوری وتی ژن مافی ئەوەشی هەیە کە "بەیاسایی هاوسەرگیرییەکە هەڵبوەشێنێتەوە گەر زۆری لێکرابوو و بە ویستی ئازادی خۆی نەیکردبوو، وەك هاوسەرگیریی بەزۆر لەگەڵ چەکدارانی داعش".
وتیشی: "هەوڵدەدەین بەسەر هەر بەربەستێکدا زاڵبین کە کاربکاتە سەر دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی خەڵک."
پسپۆڕی یاسایی و سەرۆکی رێکخراوی کلتوری یاسایی، تارق حەرب، وتی دادوەریی عێراقی هەوڵدەدات ئەو شتانە چاکبکاتەوە کە داعش خراپی کردووە لە سیستمی باری مەدەنیدا.
وتی ئەو گروپە تیرۆریستییە چەندین کێشەی لە موسڵ بەجێهێشتووە.
حهرب بە دیارونای وت هەرچەندە ئەم کێشانە "نوێ نین، لەبەرئەوەی لە ئەنبار و دیالە و سەلاحەدین ئەزموونکراون". وتیشی: "لەمڕۆدا دادگا و بەڕێوبەرێتیهكانی نەینەوا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وەك هاوهڵەکانیان پێشتر لە پارێزگا رزگارکراوەکاندا کردیان."
ههروهها وتی دادوەری چارەسەریی بۆ هەموو کێشەکان دۆزیوەتەوە، تەنانەت بۆ دۆخی ناوازە و ئاڵۆزیش، تا دڵنیابێت لەوەی بەڵگەنامەی فەرمی دەردەکرێت بۆ هاوڵاتیان و مافی خۆیان بەدەستدەهێنن کە بۆیان دەستەبەرکراوە لە دەستوردا.
کاریگەرییه دەروونییهكانی فەرمانڕەوایی داعش
چالاکوانی مافی مرۆڤی عیراقی و بەرپرسی رێکخراوی ئەمەل، هەنا ئەدوەر، وتی دادگاکان زۆر کێشەی یاسایی پەیوەست بە تۆماری لەدایکبوون و مەرگ و هاوسەرگیری یەکلایی دەکەنەوە.
وتی بەڵام کایەیەکی گرنگی دیکە کە نابێت فەرامۆشبکرێت بەهۆی فەرمانڕەوایی داعشەوە ئەو گرێ دەروونییە گەورەیەیە کە تووشیئەو ژنانە بووە کە زۆریان لێکراوە شووبکەن یان لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لاقەکراونو منداڵیان لەوان بووە.
ئەدوەر بە دیارونای وت زۆرێك لەو ژنانە لە دۆخێکی دەروونیی سەختدا دەژین و نایانەوێت بچنە دادگاکان یان نووسینگە فەرمییەکان و تەنانەت ددان بە منداڵەکانیاندا بنێن، کە هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە.
وتی لەم دۆخانەدا "دادگا پێویستە دستوەربدات و [کاربکات] لەگەڵ رێکخراوەکاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرێیانە و یارمەتیدانی ژنەکان بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا و بوونەوه به بەشێك لە کۆمەڵگە".
وتیشی: "پێویستمان بە پسپۆڕی تەندروستیی دەروونیی زیاتر هەیە لەگەڵ هەوڵێکی درێژ و ناوازە تا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت."