هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

منداڵانی داعش: نەوەیەك بەبێ شوناسی فەرمی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

منداڵانی سوری دیمەنی ڤیدیۆیەکی داعش دووبارە دەکەنەوە کە لە دومای دەوروبەری دیمەشق بینیویانە لە ئازاری 2015. پسپۆڕان نیگەرانی دەردەبڕن دەربارەی چارەنوسی ئەو منداڵانەی لە چەکدارانی گروپەکە لەدایکبوون. [عەبد دومانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵانی سوری دیمەنی ڤیدیۆیەکی داعش دووبارە دەکەنەوە کە لە دومای دەوروبەری دیمەشق بینیویانە لە ئازاری 2015. پسپۆڕان نیگەرانی دەردەبڕن دەربارەی چارەنوسی ئەو منداڵانەی لە چەکدارانی گروپەکە لەدایکبوون. [عەبد دومانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

بوونی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئاکامی کارەساتباری هەبووە بۆ منداڵانی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی دەکەن، له‌گه‌ڵ هاتنه‌كایه‌ی نەوەیەکی نوێ کە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نیە.

پسپۆڕان بە دیارونایان وت بێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی رەسەنی نەتەوەییان، ئەم منداڵانە به‌ ناچاری توشی ئاستەنگ ده‌بنەوە لە ژیانی رۆژانەیاندا و لەو کۆمەڵگانەدا کە لە خۆیان گرتوون.

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام، کە لە قاهیرە نیشتەجێیە وتی: "کێشەی ئەو منداڵانەی لە دایك یان باوکێك لەدایکبوون کە لەگەڵ داعشدایە، یان لەدایکدەبن، کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتووی سوریا."

به‌سام بە دیارونای وت: "ئەم منداڵانە، نەتەوەی دایك و باوکیان هەرچییەك بێت، لەلایەن هیچ دەزگایەکی عەرەبی یان بیانییەوە تۆمارنەکراون، بۆیە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نیە."

وتیشی: "بەگوێرەی یاسا، هەر بوونیان نیە."

هه‌روه‌ها وتی: "کاتێك کێشەی داعش کۆتایی دێت، قەیرانی سوریا چارەسەردەبێت و شتەکان ئاسایی دەبنەوە، تەنانەت بۆ ئاستێکی زۆر نزمیش، ئەوان بە منداڵانێك دادەنرێن کە دایك و باوکیان نیە، یان بە دەستەواژەی حکومەت، ’تۆمارنەکراون‘ یان ’بدون‘یان پێدەوترێت."

پارێزەرە سورییەکە روونیکردەوە كه‌ بەگوێرەی یاسای سوریا، تۆماری کەسی تازەلەدایکبوو پێویستی بە گرێبەستی هاوسەرگیریی فەرمی هەیە کە لەلایەن دەزگایەکی حکومیی شەرعییەوە دەرکرابێت.

وتی: "بۆیە تۆمارکردنی منداڵێك کە لە باوك یان دایکێکی چەکداری داعش لەدایکبووبێت لەڕووی یاساییەوە ئەستەمە، چونکە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکە لەلایەن لایەنێکی نایاساییەوە دەرکراوە."

هه‌روه‌ها وتی لەوەش زیاتر، ئەو گرێبەستە هاوسەرگیرییانەی لەو ناوچانە دەرکراون کە لەژێردەستی داعشدان، تۆمارنەکراون "هەربۆیە ئەستەم دەبێت یاساییبوونی هاوسەرگیرییەکە بسەلمێنرێت".

مەحمود ئەمین، مامۆستای خانەنشین و دانیشتووی رەققە، وتی ئاکامی ئەم جۆرە کەیسانە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە رەققە، کە ئەو منداڵانەی لە دایکوباوکی داعشن پێیاندەوترێت ’بدون‘.

ئه‌مین بە دیارونای وت: "زۆر کچی سوری ناچارکراون هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارانی داعش بکەن و ژمارەیان بەتەنیا لە پارێزگای رەققە بە سەدان کچە. ژنان و خێزانەکانیان تووشی کێشەی سەلماندنی دایکوباوکایەتی بۆ منداڵەکانیان دەبنەوە، چونکە هاوسەرگیرییەکەیان بە نافەرمی و لەلایەن مەلاکانی داعشەوە ئه‌نجمدراون."

وتیشی: "زیاتر لەوەش، بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی لەدایکبوون لە دکتۆرێکەوە کە منداڵەکەی لەبەردەستدا بووە، ئەستەمە، چونکە به‌ فه‌رمانی داعش ده‌بێت منداڵەکان بەچاودێریی مامان لەدایکببن."

بۆمبی کات-بۆدانراو بۆ کۆمەڵگە

مامۆستای سۆسیۆلۆژی لە زانکۆی قاهیرە، بەسمە حوسنی، وتی کێشەی ئەو منداڵانەی لە ئه‌ندامانی داعشن، یەکێکە "لە خراپترین کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان کە کۆمەڵگەی سووری رووبەڕووی دەبێتەوە".

وتی دامودەزگاکانی دەوڵەت دەبێت لەدوای ماوەیەك ئەم منداڵانە بخەنە دەزگای تایبەتییەوە تا دۆخی دەروونییان هەڵبسەنگێنن و له‌وه‌ دڵنیابننه‌وه‌ ئاخۆ هیچ مەترسییەکیان بۆ کۆمەڵگە ده‌بێت یان نا.

وتیشی: "ئەمە کاریگەریی بۆ سەر ئەو منداڵانە خۆیان ده‌بێت کە دایك و باوکیان نه‌ناسراوه‌، چونکە هەست بە نادادپەروەری دەکەن."

هه‌روه‌ها وتی ئەمە وێنایان بۆ کەسێتیی خۆیان تێکدەشکێنێت و "توڕەییەکی قووڵ دژی دایك و باوك و کۆمەڵگە" دەخاتە دڵیانەوە کە دوورنیە ببێتە هۆی تێکچوونێكی به‌هێزی رەفتاریان.

حوسنی وتی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی دەکرێت رێگرێك بێت له‌ ده‌ستگه‌یشتنیان به‌ خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییه‌ کۆمەڵایەتییه‌كان هه‌ر لە هاوسەرگیری و خزمەتگوزاریی پزیشكی و دامەزراندنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سودمه‌ندبوون له‌ مافەکانیان، وەك مافی دەنگدان.

"ئەوەی داعش دەیەوێت تەنیا بەرهەمهێنانینەوەیەکی نوێیە کە بەتەواویی دڵسۆزبن بۆی و ئەمەش بانگەشەکردنی بۆ زیادکردنی هاوسەرگیری و هاندانی لاوان بۆ هاوسەرگیری و منداڵخستنەوە رووندەکاتەوە،" شیکاروانی سەربازی و پسپۆڕی کاروباری قاعیدە، لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد، کە خانەنشینە لە سوپای میسردا، وتی.

ناوبراو وتی ئەمە دڵنیایی دەبەخشێت بە هەبوونی چەندین منداڵ بۆ کەمپەکانی راهێنان کە داعش دروستیکردوون، وەك "بێچوەشێرانی زەرقاوی" لە ناوچەی غۆتەی دیمەشق کە بنیاتنراوە بۆ دروستکردنی هێزێك بۆ داهاتووی گروپەکە.

وتیشی رەنگە باشتربێت چی زووترە ئەم کێشەیە باسبکرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500