هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

خوێندکارانی عێراقی خۆپیشاندان دەکەن دژی دەستێوەردانی ئێران

خالید تائی

خوێندکارانی زانکۆی قادسیە لە شوباتدا خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی خزمەتگوزاریی باشتر لە زانکۆکەدا. [خاوەنی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی زانکۆی قادسیە]

خوێندکارانی زانکۆی قادسیە لە شوباتدا خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی خزمەتگوزاریی باشتر لە زانکۆکەدا. [خاوەنی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی زانکۆی قادسیە]

رووداوەکانی ئەمدواییەی پارێزگای دیوانیەی باشووری عێراق ئاماژەن بە نائارامییەکی زۆر لەنێو خه‌ڵكی عێراقدا لەدژیدەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیاندا، شیکاروانان بە دیارونایان وت.

لە 10 نیساندا خۆپیشاندانێك دروستبوو لەکاتی بۆنەیەکدا لە زانکۆی قادسیە کە سەرکردەی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەقی سەر بەئێران لەوێبوو.

ئەو دەمەی قەیس خەزعەلی سەرکۆنەی دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانی کرد لە کاروباری عێراقدا، بەڵام باسی رۆڵی ئێرانی نەکرد، بە سەدان خوێندکار ده‌ستیانكرده‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە... بەغدا ئازاده‌، ئازاده‌".

پێكدادان كه‌وته‌ نێوان پاسەوانە تووڕەبووەکانی خەزعەلی و خوێندکارەکان و دواتر تەقەیان بە ئاسماندا کرد بۆ بڵاوکردنەوەیان.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە، حەیدەر شەممەری، بە دیارونای وت: "کێشەی نێوان دوولایەنەكه‌ بە قسە دەستیپێکرد و گۆڕا بۆ شەڕ لە هۆڵی بۆنەکەدا."

هۆڵی زانکۆکە لەلایەن زانکۆکەوه‌ بەکرێ درابوو بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە مۆڵەتیان بەدەستهێنابوو بۆ بەستنی کەرنەڤاڵەکە.

شەممەری وتی ئەوە "هەڵە"یەك بوو، "چونکە رێیدا بە هێزی سەربازی بێتەناو حەرەمی زانکۆوە، کە بەهیچ جۆرێك رێگەپێدراو نیە".

وتی: "دوای پێکدادانەکە، خوێندکارەکان هۆڵی بۆنەکانیان جێهێشت و خۆپیشاندانێکیان رێکخست کە تیایدا 200 بۆ 300 خوێندکار چەندین دروشمیان دووبارەکردەوە، هەندێکیان دژە-ئێرانی بوون و دەنگی تەقە دەبیسترا کە بە ئاسماندا دەکرا بە ئامانجی بڵاوپێکردنەوەی خۆپیشاندەران."

وتی تیمێکی نوسینگەی سەره‌كوەزیران لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە و ئاکامەکانیان دەکات. وتیشی ئەم رووداوانە ئاماژەن بە ئارامبوونەوەی دۆخەکە بەراورد بە سەرەتای هەڵگیرسانیان.

بێ ئۆقرەیی فراوانتر بەرامبەر ئێران

دواتر و لە هەمان رۆژی خۆپیشاندانی زانکۆکەدا، بنکەکانی حیزبی شیوعی عێراق لە دیوانیە هێرشیان كرایەسەر بە دوو بۆمب کە بووە هۆی زیانی ماددی بە بیناکەیان.

لە بەیاننامەیەکدا، حیزبەکە کەسانێکی تۆمەتبارکرد کە ناوزەدیکردبوون بە "یاخیبوو لە یاسا"، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "بەدوای ئەوانەدا بگەڕێن کە تێوەگلاون و ژیان و ماڵیان لە زیادەڕۆکاران بپارێزن".

هەندێك دەزگای میدیایی هێرشەکەیان پەیوەستکرد بە عەسائیب ئەهل حەقەوە، وتیان کوڕی بەرپرسێکی حیزبی شیوعی هۆكاری درووستبوونی خۆپیشاندانه‌كه‌ی زانکۆکە بووە.

رووداوەکانی زانکۆی قادسیە ئاماژەن بە بێئۆقرەییەکی فراوانتری جەماوەری لە عێراقدا بەرامبەر بە دەستێوەردانی ئێران، توێژەر لە سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، یەحیا کوبەیسی، وتی.

كوبه‌یسی بە دیارونای وت: "بابەتی ئێران لە عێراق زۆر کێشەی پێوەیە، بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە."

وتیشی: "ئەوە ئاشکرایە کە بەشێك لە کۆمەڵگەی شیعە ئۆقرەیان نەماوە بەرامبەر دەستێوەردانی بێ پێشینەی ئێران لە عێراقدا."

زانکۆکان دەبێت بێلایەن بمێننەوە

شیکاروانی سیاسیی، ئەحمەد شەریفی، بە دیارونای وت راکێشانی زانکۆکان بۆ نێو هاوکێشەی سیاسی و رێگەپێدانیان بۆ بوونە شوێنی هەڵبژاردن و کەمپینی حزبییانە یان نمایشی سەربازی، کێشەیەکی جددیە.

شه‌ریفی وتی: "ئەوەی لە زانکۆی قادسیە روویدا شکستێکی گەورە دەسەلمێنێت کە چەندجار هۆشداریمان بەرامبەری داوە کاتێك وتمان زانکۆ دەزگایەکی پەروەردەییە و دەبێت وابمێنێتەوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەبێت."

وتیشی: "تێوه‌گلانی دەزگا ئەکادیمییەکان له‌ ململانێ و کێشەکان و بە سەربازیکردنیان کێشەیەکە هەڕەشە لە شكۆ و بونیادی هەموو دەزگاکانی دەوڵەت دەکات، سەرەڕای کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر رەوشی ئەمنی و دۆخی پەروەردەیی لە وڵاتەکەدا."

شەریفی جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی "کۆنترۆڵکردنی ریتمی بزووتنەوە سیاسییەکان و نەخستنەناوەوەی کێشەکان بۆ نێو حەرەمی زانکۆکان".

لە بەیاننامەیەکدا، زانکۆی قادسییە خه‌می خۆی پیشاندا دەربارەی رووداوەکانی 10 نیسان و جەختیکردەوە لەوەی "بەردەوامدەبێت لە بوونە مینبەری زانستی و خۆی لە رکابەرییە سیاسییەکان بەدووردەگرێت، لە خزمەتی کۆمەڵگە و دەوڵەتدا".

وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، عەبدولڕەزاق عیسا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "زانکۆکان نابنە بەشێك لە هاوکێشە سیاسییەکان. رێیان پێنادرێت بەکاربهێنرێن لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتیی."

عیسا وتیشی ئەو سەرۆکایەتی زانکۆیەی "سەربەخۆیی زانکۆ ناپارێزێت" پێداچوونەوە [بە پێگەکەیدا] دەکرێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500