زۆرجار تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەدوورەوە و بەکارهێنانی خۆکوژ وەك تاکتیکی هێرشبەرانە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە بەکاردەبرێت لە هەوڵیدا بۆ چاندنی ترس لە نێو خەڵكدا و بەدەستهێنان یان هێشتنهوهی خاك لهژێردهستی خۆیدا.
لە دەستپێکی شەڕەوە بۆ ئازادکردنی موسڵ، گروپەکە سەدان ئۆتۆمبیل و لۆریی بۆمبڕێژکراوی لەنێو شارەکەدا تەقاندۆتەوە و خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی کردۆتە ئامانج.
مازن حەسەن، 46 ساڵ، کە لە گەڕەکی عەدەنی خۆرهەڵاتی موسڵ نیشتەجێیە، ماوەیەکە هەوڵدەدات ئەوەی ماوە لە ماڵەکەی بنیاتی بنێتەوە دوای ئەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو خۆی لێدا لە 9 تشرینی دووەمدا.
ناوبراو بە دیارونای وت خۆی و خێزانەکەی لە ماڵەوە نەبوون کاتێك هێرشەکە روویدا، بەڵام تەقینەوەکە تەواو بەهێزبووە و زیانی سەختی گەیاندووە بە ماڵەکەی و ئەو دەوروبەرە.
ئەو رۆژە، لانیکەم 10 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو عەدەنیان کردە ئامانج. هێزە چەکدارەکان توانییان بەریان پێبگرن و پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان بیانتەقێننەوە، کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە ماڵەکان و ئەو ناوچەیە، بەڵام پاراستنی ژیانی خەڵکەکە.
حەسەن وتی: "کەمن ئەو گەڕەکانەی بەهۆی هێرشی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی داعشەوە زیانیان بەرنەکەوتبێت. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆر کەسی بێتاوانیش."
کەمبوونەوەی توانا
بەگوێرەی زانیاریی فەرمی، داعش لە 17ی تشرینی یەکەمەوە ئەوکاتەی شەڕی موسڵ دەستیپێکرد و لە ماوەی 45 رۆژدا هێرشی کردۆتە سەر هێزە رزگارکەرەکان بە 632 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو.
بەرپرسان رایانگەیاند بە گواستنەوەی شەڕەکە بۆ بەری خۆرئاوای موسڵ، ئەم هێرشانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت شەڕەکە "دوژمنی کەمتوانا کردووە" و چیتر ناتوانێت هێرشی بهرفراوان بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو ئەنجامبدات وەك لە سەرەتای شەڕەکەدا دەیکرد.
وتی چەکدارەکان "دەستیانکردووە بە دزینی ئۆتۆمبیلی خەڵك لە ماڵەکانیان و بۆمبڕێژکردنیان بە تەقەمەنی بۆ كردنهئامانجی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی".
ههروهها وتی ئەوان کەرەڤان و لۆرییش بەکاردەهێنن تا قەرەبووی کورتهێنانی ئۆتۆمبیل و خۆکوژ بکەنەوە بە هەوڵدان بۆ گەیاندنی زۆرترین زیان.
رەسوڵ وتی: "مەدەنییه بێچەكهكان خراپترین دۆخیان هەبووە، چونکە ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان زیاتر لە گەڕەك و کۆڵانەکاندا دەتەقنەوە و دەبنە هۆی وێرانکردنی بینا و ماڵەکان و کوشتنی خەڵکەکەی."
وتیشی بەڵام "ئەم هێرشانە ههموو تازهگهرییهكیان لهدهستداوه و دەتوانین ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان بوەستێنن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان".
پاڵپشتیی ئاسمانی
رەسوڵ وتی هێزەکانی عێراق توانیویانە زۆربەی هێرشی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان تێکبشکێنن، "تەنانەت کاتێك داعش ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی بەکاردەهێنا و قورسبوون بۆ بەئامانجگرتن بە چەکی سوك".
سوپای عێراق پشت بە فڕۆکەی چاودێری دەبەستێت لەگەڵ سیستمی موشەکی بۆ پشکنین و بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان.
وتی: "پاڵپشتی ئاسمانی لە هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانەوە یارمەتیی تێکشکاندنی چەندین شوێنکاری بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیلی داعشی داوە لە موسڵ."
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە 1 تا 17ی نیسان، هێرشەکانی هاوپەیمانان لە موسڵ نۆ شوێنکاری بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیلیان لە موسڵ تێکشکاند، جگه له حەوت ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و چەندین پێگەی جەنگی و حەشارگەی چەكی داعشیش.
لە 3 نیسان، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق 50 چەکداریان کوشت و تانکێکی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاند کە بەرەو بەعاجی خۆرئاوای موسڵ دەچوو.
'بەکارهێنانی کارتی مەدەنییهكان'
غەزوان حەمید کە سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکانە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وتی داعش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بە پێکهاتەیەکی گرنگی ستراتیژی هێرشکردنی دەبینێت.
ناوبراو بە دیارونای وت: "گروپەکە تەنیا سوپا [ی عێراق] ناکاتە ئامانج بەڵکو ئەو گەڕەکانەش کە خەڵکی مەدەنیی تێدا کۆبۆتەوە تا لۆمەی هێزە رزگارکەرەکان بکرێت بۆ مەرگیان."
حەمید روونیکردەوە كه داعش مەدەنی بەکارهێناوە وەك قەڵغانی مرۆیی، هەندێكجار کۆیکردوونەتەوە لە گروپی گەورەدا لەو ماڵانەدا كه نزیك بە بهرهی شەڕ بوون.
وتی ئەم تاکتیکە مەدەنییەکان دەخاتەبەر مەترسیی راستەوخۆ و داڕێژراوەوه بۆ بەرگرتن بە پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان کە ناچارکراون تەقەکردن رابگرن.
وتیشی لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی خۆرئاوای موسڵهوه لە 19 شوبات، نزیکەی 350 مەدەنی کوژراون لە هێرشی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراودا، به نیشانگر، یان بههۆی بەکارهێنانیانهوه وەك قەڵغانی مرۆیی.
لە ناوەڕاستی نیساندا، وەزارەتی بەرگری رێنمایی بڵاوکردەوە بۆ ئەو مەدەنییانەی لە خۆرئاوای موسڵدا گیریانخواردووە و تكای لێکردن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لەو ناوچانە بەدووربن کە چەکدارانی داعش تێیدا کۆبوونەتەوە.
ههروهها رێنمایی كردن كه هەرکات توانییان هەڵبێن، گەر چیتر سەلامەت نهبن لە ماڵەکانیاندا.
بەڕێوەبەری روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ، مستەفا سەعدون، بە دیارونای وت داعش "کارتی مەدەنییەکان بەکاردەهێنێت" بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی و درێژکردنەوەی شەڕەکە.
وتی گروپەکە بەئەنقەست مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج بە بەکارهێنانی چەندین میتۆد لە هەوڵێدا بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەربازی لەسەریان.
سەعدون وتی: "ئێمە ئامێری تایبەتیی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ یاریدەدانی سوپا لە پاراستنی مەدەنییەکاندا بە بڵاوکردنەوەی هۆشداری و زانیاری دەربارەی هەر هەڕەشەیەك کە کاریگەریی هەبێت بۆ سەریان، بەتایبەتی هەڕەشەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو."