هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق پاشماوەکانی داعش لە خۆرهەڵاتی موسڵ دەستگیردەکەن

خالید تائی

هێزەکانی عێراق ئەم ئەندامانەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دەستگیرکرد لە خۆرهەڵاتی موسڵ وەك بەشێك لە هەوڵێك بۆ تێکدانی شانە نوستووەکانی نێو شارەکە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی]

هێزەکانی عێراق ئەم ئەندامانەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دەستگیرکرد لە خۆرهەڵاتی موسڵ وەك بەشێك لە هەوڵێك بۆ تێکدانی شانە نوستووەکانی نێو شارەکە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی]

زانیاریه‌كانی خەڵکی ناوچەکە و هەوڵەکانی هەواڵگریی سەربازی بوونە هۆی خستنەداوی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و هاوکارانیان لە خۆرهەڵاتی موسڵی رزگارکراو، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.

بەگوێرەی بەڕێوبەرایەتی نەینەوا بۆ هەواڵگری و دژەتیرۆر، لەوکاتەوەی کە خۆرهەڵاتی موسڵ گەڕێندراوەتەوە ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراق لەمساڵدا، هێزە ئەمنییەکان زیاد لە 250 کەسی داواکراویان دەستگیرکردووە.

جێگری بەڕێوبەری [بەڕێوبەرایەتییەکە] عەقید تەها عەبدوڵا وتی تەنیا لە مانگی ئازاردا، نزیکەی 70 ئەندامی داعش دەستگیرکران بەگوێرەی ماددەی 4 یاسای دژەتیرۆری عێراق.

ناوبراو بە دیارونای وت: "زۆرێك لەوانە شانەی نوستووییان دانابوو و تێوەگلابوون لە چەندین کردەی کوشتن و تاڵانکاری."

وتیشی: "فەرمانی دەستگیرکردنیان دراوە بەپێی لێدوانی ئەو قوربانی و شایەتحاڵانەی کە ناسیویاننەتەوە و زانیارییان دەربارە داون."

تێکدانی شانە نوستووەکان

خەڵکی ناوچەکە بەمدواییانە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانیان داوە تا دەستنیشانی حەشارگەیەكی داعش بکەن لە گەڕەکی زوهور، کە بووە هۆی بەسەردادانی لە 20 ئازاردا و دەستگیرکردنی پێنج کەس لەوانەی ئەو شانە نوستووەی داعشیان پێکهێنابوو.

عەبدوڵا وتی بەڕێوبەرایەتییەکە "زانیاریی بەدەستگەیشتووە لەلایەن ئەو هاوڵاتییانەی کە زانیارییان لەسەر ئەو ئەندامانەی خێزان یان ئەو خزم و کەسانەیان داوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و ئەو زانیاریانەی داویانە یارمەتیی ئێمەی داوە بیاندۆزینەوە و دەستگیریانبکەین".

وتیشی زانیاری لەلایەن خەڵکەوە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی داوە دەستنیشانی ئەو کەسانە بکەن کە یارمەتیی داعشیان داوە یان پشتگیریی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە بە کڕینی موڵك یان شمەکی دیکە لە گروپەکە.

راوێژکاری ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت ئاژانسە هەواڵگرییەکان چالاکانە بەشوێن شانە نوستووەکانی داعشدا دەچن لە موسڵ بۆ سڕینەوەی ئەو هەڕەشەیەی هەیانە.

وتی: "ئەم ئاژانسانە، بە هاوکاریی هاوڵاتیانی عێراق، توانیویانە چەندین ئۆپەراسیۆنی کواڵیتیی بەرز ئەنجامبدەن کە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی تیرۆریستە پلەباڵاکان."

وتیشیی لەنێویاندا "ئەندامێکی مەترسیداری داعش بوو کە بە 'سندوقی رەش'ی نهێنییەکانی گروپەکە، چالاکییەکانی و سامانی لەناو عێراق و دەرەوەدا، دادەنرا.

ئەبو رەغیف "لەبەر هۆکاری ئەمنی" ناوی دەستبەسەرەکەی نه‌وت، بەڵام وتی دەستبەسەرەکە لە ئێستادا لە دەستگیرگەی یەکەی هەڵۆکانی هەواڵگرییە.

زانیاریدان لەسەر خزم

ئەبو رەغیف وتی لە 23 ئازاردا، کەسێکی ناوچەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کە سەر بە داعش بوو.

وتی: "کاتێك پێیوترا بۆچی زانیاریی لەسەر براکەی داوە، وتی براکەی پێشتر لەسەر جگەرەکێشان بە قامچی لێیدەدا و بەرپرسیاربوو لە تۆقاندنی زۆر هاوڵاتی."

وتیشی هەندێك لە دەستبەسەرەکان دانیان ناوە بە کوشتنی ئەندامێك لە خێزانەکانیاندا -- تەنانەت باوکی خۆیان -- بەهۆی فەرمانەکانی داعشەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمڕۆ، خەڵکی موسڵ نایانەوێت هیچ تیرۆریستێك ببینن کە تاوانی دژیان ئەنجامداوە و ئازادیی لێسەندوون." وتیشی بەتەواوی هاوکاری دەکەن بۆ سڕینەوەی هەموو پاشماوەکانی گروپەکە لە ناوچەکانیان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شوبەیب سەبعاوی، بە دیارونای وت: "خەڵکی موسڵ لەنێو شەڕی تیرۆردا گیریانخواردبوو، زۆریشیان ئازار بەدەستەوە چەشت."

وتی: "ئەمە هانیاندەدات لەئێستادا زانیاری بدەن لەسەر ئەندامە تیرۆریستەکان، تەنانەت گەر ئەندامی خێزان یان خزمیان بن."هه‌روه‌ها جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرد كه‌ پێویسته‌ وریابن نەك خەڵکی بێتاوان دەستگیربکەن تەنیا لەسەر بنەمای "زانیاریی زیانبەخش".

وتی ئاژانسە ئەمنییەکان دەبێت بە وریاییەوە لە هەموو زانیاریەکان بکۆڵنەوە، چونکە "رەنگە هەندێکیان بەهۆی دوژمنایەتی یان بەرژەوەندیی تایبه‌تییه‌وه‌ بێت، بەوەش نادادپەروەری بەسەر خەڵکی بێتاواندا دەسەپێنرێت".

وتیشی: "لە بەرامبەردا، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هەمووشتێك کە لە دەسەڵاتیاندا هەیە بیکەن بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکانیاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500