تاوان لە جۆری تائیفی کە لەلایەن ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون کە لە عێراقدان وایانکردووە سەخت بێت بۆ عێراقییەکان ئاسایش و ئارامیی دابینبکەن لەو ناوچانەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراون، بەرپرسان وتیان.
ئهو بهرپرسانه بە دیارونایان وت لەگەڵ ئەوەی هیچ یارمەتیهكی هێزە عێراقییەکانیان نەداوە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی، ئەو تاوانانەی لەلایەن ئەم میلیشیایانەوە ئەنجامدراون، کە کوشتن و ئەشکەنجە و رفاندن لەخۆدەگرێت، بوونەتە رێگەخۆشکەر بۆ هەوڵەکانی داعش بۆ راکێشانی خەڵک بەلای خۆیدا.
وتیان ئەمە لەبەرئەوەی داعش هەوڵدەدات تۆڵە بەکاربهێنێت وەك ئامرازێك بۆ راکێشانی لاوانی سوننە بەرەو ریزەکانی.
تێکدانی سەقامگیریی شارە رزگارکراوەکان
بەگوێرەی پەرلەمانتاری عیراقی حامید موتلەگ، کە ئەندامی لیژنەی پەرلەمانیی ئاسایش و بەرگرییە، ئەو تاوانانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە ئەنجامدراون بەشێوەیەکی سەرەکی مەبەستیانە دیمۆگرافیای عێراق بگۆڕن بەگوێرەی ئاراسته تائیفییەکان.
موتڵهگ بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەربە ئێران شەڕی دژی داعش بەکاردەهێنن وەك پەردەپۆشکردن لەکاتێکدا خەریکی ئەنجامدانی چەندین تاوانن کە سەقامگیریی شارە رزگارکراوەکانی عێراق تێکدەدات.
ئەم تاوانانە ژمارەیەکی زۆر لە رفاندن لەخۆدەگرن لە هەندێك خاڵی پشکنینی نایاسای له دیالە و بەغدا و سەلاحەدین کە لەلایەن چەکدارانی میلیشیا چەکدارەکانەوە دامەزرێنراون بە جلی سوپای عێراقیەوە.
پەرلەمانتاری عێراقی، ئەحمەد سەلمانی، کە ئەندامی هاوپەیمانیی هێزەکان بۆ ئەنبارە، وتی: "ئەم میلیشیایانە چەندین تاوانی تائیفییان لە دژی خەڵکی عێراق ئەنجامداوە."
سەلمانی هۆشدارییدا گەر لەلایەن حکومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە کۆنترۆڵ نەکرێن، زۆر زیاتریش دەبێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامهوانیدای بەمدواییانەدا، سهلمانی وتی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق زیاد لە 6,000 مەدەنییان دەستگیرکردووە.
وتیشی زیاد لە ساڵێك لەمەوبهر 1,600 عێراقییان لە ناوچەی رەزازە رفاند، کە چارەنووسیان هێشتا نادیارە.
ههروهها وتی زیاد لە 700 عێراقییان دەستگیرکردووە لە گەڕەکی سەقڵاویەی فەلوجە، نزیك 70 لە کەرمە، نزیکەی 3,000 لە سامەڕا و زیاد لە 1,000 لە باکوری بابل، سەرەڕای چەندینی دیکەش.
وتی: "تاوانەکان زۆرن و ئەوانەی بەدەستی میلیشیاکان کوژراون زۆرن، هەربۆیە چارەنووسی لاشەکانیان نادیارە."
تۆمەتی تاوانی تائیفی
راپۆرتێکی ساڵی 2016 ی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، میلیشیاکانی سەربە ئێرانی تۆمەتبارکرد بە تاوان لە چەندین بەشی عێراقدا، بشداربوون لە رفاندن و دیارنەمانی خەڵکی لادێ و سوتاندن و دزینی موڵکی تایبەت لەو شارۆچکانەی دەچنە ناوی.
راپۆرتەكه رایگەیاند کوشتن و ئەشکەنجەدان بەرنامە بۆ داڕێژراوبوون بۆ هەندێك لە لایەنەکان.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەی مافی مرۆڤ رایگەیاند بەڵگەی لایە کە ئەم میلیشیایانە تێوەگلاون لە "لەسێدارەدانی هەڕەمەکییانە"وە بە كردنهئامانجی دەیان سوننە لە عێراق.
رێکخراوەکە راشیگەیاند ئەم کارانە، کە بەبێ لێپرسینەوە ئەنجامدراون، شەڕی دژی داعش لاوازدەکەن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق داوای "کۆنترۆڵکردن و بەرپرسیار راگرتن"ی میلیشیاکانی کردووە بە شێوازێکی "دادوەرانە و دروست".
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید سەعد مەعن، بە دیارونای وت حکومەت فەرمانێکی بڵاوکردەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی چەکی ئەم میلیشیایانە و دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکان.
وتی: "هەڵگرتنی چەك دەبێت دژی داعش بێت لە بەرەکانی شەڕدا، نەك لەنێو ماڵ و حاڵی هاوڵاتیاندا" و ئاماژهشی بهوه كرد كه میلیشیاکان زییان لە کار و ناوبانگی هێزە ئەمنییەکان دەدەن.
میلیشیاکانی کەتائیبی حیزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، عەسائیب ئەهل ئهلحەق، رێکخراوی بەدر، کە هەموویان راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە ، زۆربەی کوشتار و رفاندنە تائیفییەکانیان ئەنجامداوە، محەمەد عەبدوڵا لە هاوپەیمانێتی هێزە عێراقییەکان بە دیارونای وت.
ناوبراو وتی: "هێرشەکانیان بەمدواییانە گەیشتنە شار و گوندەکانی دەوروبەری پارێزگاکانی بەغدا و دیالە، کە بوونە هۆی قوربانیی مەدەنی."
وتیشی ئەم گروپانە لەژێر ناوی شەڕ دژی تیرۆریزمدا تاوانەکانیان ئەنجامدەدەن دژی مەدەنییەکان و ئێرانیشی بهوه تۆمەتبارکرد كه پشتگیریی ئەم میلیشیایانە دەکات.
زۆرکەس لە میلیشیاکانی سەربە ئێران دەترسن
شێخ حەمید عەگیدی، سەرکردەیەکی خێڵەکی لە سەلاحەدین، وتی ژمارەیەکی زۆر عێراقی کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون دەڵێن ترس لەم میلیشیایانە رێی لێگرتوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
عەگیدی بە دیارونای وت: "تیرۆرستانی داعش جیاوازن و دەناسرێنەوە، بەڵام میلیشیاکان بە جلی سەربازییەوە دێن بە رۆژی روناك بۆ کوشتن و رفاندن بە مەبەستی پارەلێدەرهێنان و تۆڵەکردنەوە."
وتیشی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەیەك كه بارتەقای تیرۆریزمە.
عەگیدی وتی: "بەهیواین حکومەت چارەسەری دۆخەکە بکات وەک چۆن ئێستاکە چارەسەری داعش دەکەن."
پەرلەمانتاری عێراقی، لیقاء مەهدی وەردی، وتی بۆ سێهەمین ساڵ لەسەریەك، میلیشیاکانی سەربە ئێران رێیان لە خەڵکی گوندەکانی جەرف سەخر، بێجی، میقدادیە و موخیسە گرتووە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.
وەردی بە دیارونای وت ئەم میلیشیایانە ماڵی خەڵک بەکاردەهێنن وەك بنکە و بارەگایان، دوای تاڵانکردن و دزینی شتومەکەکەی ناوی.
وتی: "نزیکەی 300,000 لە خێوهتگهدا دەژین و رێیان پێنادرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان بەهۆی هێرش و ئۆپەراسیۆنی تۆڵهسهندنهوه، یان بەهۆی ئەوەی ئەم میلیشیایانە رەتیدەکەنەوە رێیان پێبدەن بگەڕێنەوە." ههروهها جەختیشی لهسهر ئهوه کردەوە كه هەموو هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان شکستی هێناوە.
شێخ محەمەد عەلوانی لە ئەنجومەنی خێڵەکانی ئەنبار بۆ شەڕی دژی داعش میلیشیاکانی حیزبوڵا، نوجەبا، بەدر تۆمەتبارکرد بە کارکردن بە ئەجێندایەکی ئێرانی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی عێراق دەدات.
وتی: "بوونی ئەوان رێ بەوە نادات عێراق ئۆقرە بگرێت."