دابەشبوونی نوێ لەنێو ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)دا لەکاتێکدایە كه گروپە لەژێر هێرشدایە، شارەزیان و چاودێرانی عێراقی به دیارونایان وت.
وتیشیان ژمارەیەك چەکدارانی داعش پشتیوانیی خۆیان کشاندۆتەوە له سەرۆکی داعش ئەبو بەکر بەغدادی و پهیوهندییان كردووه به ریزەکانی قاعیدە و گروپە چەکداریەکانی دیکەوه، کە هەمان ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ئەوانیان گرتۆتهبهر.
وتیان رووداوەکان پیشانیدەدەن چەند شێوازێکی دابەشبوون هەن کە پەیوەندییان نیە بە بەڕێوەبردنی گروپەکە یان شەڕكردن بۆ "دەستکەوتەکانی جەنگ".
بهڵكو ئەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دڵسۆزی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە بۆ بەغدادی و ئەو بەیعەتەی کە چەکدارانی داعش لەکاتی چوونەناو گروپەکە دابوویان بۆ پشتگیری له بەغدادی تا کۆتایی.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعید مەموزینی، وتی گرژیەکانی ئێستای ناو گروپەکە لە تەلەعفەری رۆژئاوای موسڵ و لە حەویجە لە پارێزگای کەرکوك چڕبوونەتەوە، هەردوو ناوچەکەش تاوەکو ئێستا لەژێر کۆترۆڵی داعشدان.
مهموزینی به دیارونای وت: "لە رۆژانی رابردوودا چەندین چەکداری داعش سەنگەریان گواستۆتە لەو دوو شارە و ناوچەی 17 تەمموز [لە رۆژئاوای موسڵ]. لەوانەیە سهدان ئەندامی داعش گروپەکەیان جێهێشتبێت."
وتی: "زۆربەی بەرهەڵستکارەکان چەکدارە بیانیەکانن کە لە پشتیوانکردنیان بۆ بەغدادی هەڵگەڕاونەتەوە و ئێستا بەیعەتیان بە قاعیدە و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە داوە."
سەرکردایەتییەکی باوەڕپێنەکراو
مەموزینی وتی سەرچاوە ناوخۆییهكان دەڵێن هۆکاری ئەم سەنگەرگواستنەوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی چەکدارانی داعش ئێستا وا بەغدادی دەبینن کە کەسێکی "ترسنۆکە و لە مەرگ دەترسێت" وەك لەوەی "سەرۆکێکی راستەقینە" بێت.
وتی: "مەودای نێوان بەغدادی و شوێنکەوتوانی لە بهرهكانی شەڕ و ئەو شکستانەی هێناونی لە فەرماندەکردنی شەڕەکاندا، هەروەها گومان لە چارهنوسی لهوكاتهوهی له وتاردان راوهستا"، هەموویان هۆکاربوون بۆ ئەم سەنگەرگواستنەوانە.
وتیشی: "دابهشبونەکانی ئێستا دوایین زنجیرەی ئەو شەڕانەن کە بەربڵاو سەرتاپای گروپەکەی گرتۆتەوە کە بۆ یەکەمجار لە گلەییەکردنەوە دەستیان پێکرد لەسەر ئەوەی بەغدادی تاکڕەوانە بڕیار دەردەکات و کۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە بەسەر پارەی گروپەکەدا."
مەموزینی وتیشی گواستنەوهی بەیعەت یان "پەشیمانبوونەوە لە بەیعەت" رهههندێكی تری گرنگ دەدات بە شەڕەکە. ئاماژهی وهش دا كه داعش هیچ رێزێکی بۆ رێکخراوی دایك دانەناوە، كه قاعیدەیه و ههروهها بۆ گروپە توندڕەوەکانی دیکە.
زیاتر لە یەك جار بەغدادی بهئاشكرا هێرشی کردۆتەسەر سەرۆکی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری و تاوانباری کردووە بەوەی كه لایداوە لە رێگای سەرۆکەکەی پێش خۆی، ئوسامە بن لادن.
زەواهیری لە بەرامبەردا چەند جارێك رەخنەی لە رکابەرەکەی گرتووە و ئهو ناسناوی "خەلیفە"یهش کە [بەغدادی] لە خۆی ناوە به بەتاڵ [ناشەرعی] لهقهڵهمداوه.
پهرهسهندنی ناکۆکیی نێوان توندڕەوەکان
ئەو شەڕە بهردهوامهی وشەکان لەنێوان سەرۆکەکانی داعش و قاعیدەدا بەڵگەی زیاتر دهدهن بهدهستهوه لەسەر ئەو ناکۆکیانەی لە نێوانیاندایە، لە کاتێکدا هەردوو گروپەکە دوچاری بەربەرکانێی دەرەکی سەخت هاتوون، لهوانه شهڕی نێوان خۆیان و كێشهی راكێشانی چهكردار و مانهوهیان.
پهرلهمهنتاری عێراقی، ئەسکەندەر ویتویت، کە ئەندامی لیژنهی ئاسایش و بەرگرییە، وتی ئەم دابەشبوونانە "زهبری توندن لە بناغەی داعش و ئەو ستراتیژەی کە هەیبوو بۆ ئەوەی زۆرتر بمێنێتەوە و خۆی لە گروپە تیرۆریستیەکانی تر جیابکاتەوە."
ویتویت به دیارونای وت داعش توشی "لیکترازان" بووە بەهۆی ئەو شکستانەوه كه لە موسڵ توشی هاتووە.
وتیشی: "دواجار هەر لێکدەترازێت" و ئاماژهی دا به زۆربوونی ئەو ناڕەزایەتیانەی لەبەرامبەر سەرکردایەتیی بەغدادیدا هەیە و ئەو هەستەی لەناو چەکدارانی داعشدا هەیە کە بهجێهێڵراون لەلایەن سەرۆکەکانیانەوە .
ویتویت وتی هەتاوەکو داعش شکستی دیکە بهێنێت چەکدارەکانی زیاتر هەستدەکەن كهنارخراون. وتیشی: "ئێستا هیچ بژاردەیەکیان نەماوە ئەوە نەبێت خۆیان بهاوێژنە ناو قاعیدە و گروپەکانی دیکەی هەواداری ئەوانهوه، بۆ ئەوەی خۆیان لەو گێژاوه دەربازبکەن."