هەندێك لە قوربانییەکانی ئەو هێرشەی سوریا کە گومانی هێرشی كیمیایی لێدەکرێت نیشانەیان پێوەدیاره کە هاوتایە بە بەرکەوتن به پۆلێکی ماددەی کیمیایی کە گازی دەماریی تێدایە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی چوارشەممە (5 نیسان) رایگەیاند.
رێکخراوی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند هێرشەکەی سێشەممە لە پارێزگای ئیدلیب واپێدەچێت چەکی کیمیایی تێدابەکارهاتبێت، ههروهها ئاماژەشی بهوه كرد كه بە "نەبوونی ئاشکرای هیچ برینێكی دەرەکی لە چەند کەسێكدا کە نیشانەی هاوشێوەیان لێدەرکەوتووە، لەنێویاندا گوشاری توندی سییەکان، وەك هۆکارێكی سەرەکی بۆ مەرگ".
رێكخراوهكه رایگەیاند: "هەندێكی تر له حاڵهتهكان نیشانەی تریان پێوەدیاره کە هاوتان بە بەرکەوتن بە ماددەی کیمیایی فسفۆڕی-ئەندامی، جۆرێك لە ماددە کە گازی دەمار لەخۆدەگرێت."
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند دوای نوێکردنەوەی ئاماری قوربانیان لە هێرشەکەی سێشەممەدا لە خان شێخون لانیکەم 72 مەدەنی، لەنێویاندا 20 منداڵ، کوژران.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیش رایگەیاند هەر کە دەنگۆی هێرشێکی گومانلێکراو بە کیمیایی بڵاوبووهوە، دەستیکرد بە ناردنی دەرمان، لەنێویاندا ئەترۆفین، کە دژەمادەیەكه بۆ هەندێك جۆری ماددەی کیمیایی، لەگەڵ هەندێك ستێرۆید بۆ چارەسەری نیشانە دەرکەوتووەکان، لە کۆگایەکی ئیدلیبەوە.
راشیگەیاند: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەرمانی زیاتر رەوانە دەکات لە تورکیاوە و ئامادەیە شمەکی فریاگوزاریی زیاتر و ئەمبوڵانس بەپێی پێویستی بنێرێت."
تورکیا چوارشەممە رایگەیاند كه دوای هێرشەکە 30 کەسی چارەسەركردووه و دوو کەسیش کە هێنرابوون بۆ تورکیا مردوون.
دوای هێرشەکە، سەرکۆنەکردنەکان بەردەوامبوون بۆ ئەو رووداوەی کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، دەربارەی وتی: "بەداخەوە پیشانی دەدات کە تاوانی جەنگ لە سوریا بەردەوامە".
پاپا فرانسیس، چوارشەممە، هێرشەکەی سەرکۆنەکرد وەك "کۆکوژییەکی پهسهندنەکراو".
سکرتێری کۆمکاری عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیتیش هێرشەکەی سەرکۆنەکرد و وتی کە "بە ئامانجکردن و کوشتنی مەدەنییەکان بەم شێوازه قەدەغەکراوە بە تاوانێکی سەرەکی و کردەیەکی بەربەری دادەنرێت".
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکڵ، چوارشەممە هێرشەکەی بە "تاوانی جەنگ" لەقەڵەمدا و داوای لە روسیا و ئێران کرد گوشاربخەنە سەر رژێمی سوریا، ئاماژهی بهوهش كرد كه لە رابردووشدا بەرپرسیاركراوه بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا، چوارشەممە، رژێمی سوریای بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد و وتی كه "بەرپرسیاری سەرەکیی تاوانكارییهكانه"، ئەوانەش کە پشتگیریی دەکەن "بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسیی"یان لەسەرشانە.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی سوریا لە "کۆگایەکی تیرۆرستان"ی داوە کە "ماددەی ژەهراوی" تێدابووە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چوارشەممە، کۆبوونەوەیهکی نائاسایی ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشەکە.
رەشنوسی بڕێارێك کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکاوە پێشکەشکرا داوای لێکۆڵینەوەی تەواو دەکات لەلایەن رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە.