گومانده‌كرێت سه‌ركرده‌ی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له موسڵ هه‌ڵهاتبێت و لایه‌نگرانی به‌جێهێشتبێت به‌ته‌نها رووبه‌ڕووی گورزی قورسی شه‌ڕه‌كه ببنه‌وه له‌كاتێكدا گوریسه‌كه تا دێت زیاتر له ملی گروپه‌كه‌دا توندده‌بێت له شاره‌كه‌دا.
هێزه‌كانی عێراق رۆژی 19 شوبات هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكرد بۆ گرتنه‌وه‌ی خۆرئاوای موسڵ دوای ده‌ستگرتنه‌وه به‌سه‌ر به‌شی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا مانگی پێشووتر.
تائێستا چه‌ندین ناوچه و گه‌ڕه‌كیان گرتۆتهوهدهست، سه‌ره‌ڕای كه‌شوهه‌وای خراپ و چڕیی دانیشتوان و شه‌قامه ته‌نگه‌كان كه رێ له به‌كارهێنانی زریپۆشی گه‌وره ده‌گرن.
په‌رله‌مه‌نتاری عێراقی بۆ نه‌ینه‌وا، عه‌بدولڕه‌حمان لوهیزی، به دیارونای وت به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان دانیشتوانی شاره‌كه قافڵه‌یه‌كی ئۆتۆمبیل و لۆرییان بینیوه به‌ره‌و خۆرئاوا رۆیشتوون بۆ ئه‌و ناوچه بیابانییه به‌رینه‌ی ده‌كه‌وێته نێوان پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و ئه‌نباره‌وه، له ئێواره‌ی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه‌دا بۆسه‌ر به‌شی خۆرئاوای شاره‌كه.
لوهیزی وتی به‌غدادی "ره‌نگه هه‌ر به‌ڕاستی له به‌شی ده‌سته‌ڕاستی موسڵ بووبێت پێش ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه" و وتیشی "به‌ره‌و بیابانهكه هه‌ڵهاتووه بۆ خۆشاردنه‌وه له‌وێ له‌و كه‌مپانه‌دا كه شاره‌زایانه حه‌شاردراون".
شكست نزیكه
هه‌روه‌ها وتی سه‌رچاوه ههواڵگریهكانیش ده‌ڵێن گوایا به‌غدادی گڵۆپی سه‌وزی هه‌ڵكردووه بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شورای داعش كه ده‌ستبه‌جێ له موسڵ هه‌ڵبێن.
به‌وته‌ی لوهیزی ئه‌وانه به‌رپرسیارن له "ده‌ركردنی یاسا ئیسلامیه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا توندڕه‌وه‌كه‌ی گروپه‌كه".
وتیشی به‌غدادی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت بیانكاته قوربانی، چونكه دڵنیایه گرنگن له مه‌ودای دووردا و به‌بێ ئه‌وانه گروپه‌كه ناتوانێت پشتیوانی به‌ده‌ستبهێنێت و هانی په‌یوه‌ندیكردنی چه‌كدارانی زیاتر بدات".
وتی ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی داعش "له كۆتایی نزیكده‌بێته‌وه وه‌ك گروپێكی شه‌ڕكه‌ر و ته‌ركیزی ده‌گۆڕێت بۆ شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی له قۆناغی داهاتوودا".
هه‌روه‌ها وتی كاتێك گروپه‌كه له‌لایه‌نی سه‌ربازییه‌وه تێكشكێندرا، ده‌بێت شه‌ڕه‌كه زۆر توندوتیژانه‌تر ته‌ركیز بكاته‌سه‌ر له‌ناوبردنی ئایدیۆلۆژیای گروپه‌كه.
وتیشی به‌غدادی داوای له لایه‌نگرانی كردووه "شه‌ڕبكه‌ن تا دوا هه‌ناسه‌یان و با یان بكوژرێن یان خۆیانبكوژن".
وتی: "ئه‌مه له رێنماییه‌كی ئایدیۆلۆژی یان ورهبهرزكردنهوهوه نایه‌ت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ترسی [به‌غدادی] پیشانده‌دات له‌وه‌ی تابێت ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌م چه‌كدارانه ده‌گیرێن و زانیاری ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی جموجۆڵه‌كانی گروپه‌كه و نهێنیترین چالاكیه‌كانی."
به‌غدادی كه خۆی به "خه‌لیفه"ی هه‌موو موسڵمانان راگه‌یاند له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی موسڵه‌وه ساڵی 2014، له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌مه‌وه، دوو هه‌فته دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی موسڵ، هیچ وتارێكی بڵاونه‌كردۆته‌وه، ئه‌وكاته‌ی داوای له لایه‌نگرانی كرد شه‌ڕبكه‌ن دژی "بێباوه‌ڕان".
هه‌ندێك راپۆرتی پشتڕاستنهكراوه مانگی پێشوو وته‌ی سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانیان بڵاوكرده‌وه كه گوایا به‌غدادی په‌یامێكی نوسراوی بۆ لایه‌نگره‌كانی ناردووه كه ناونراوه به "وتاری خواحافیزی" و تێیدا دداندهنێت به شكستی گروپه‌كه‌یدا.
نائومێدی له‌ناو لایه‌نگرانی داعشدا
شاره‌زای بواری ستراتیژی و ئه‌فسه‌رێكی پێشووی سوپای عێراق، ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، به دیارونای وت ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه له موسڵ ماونه‌ته‌وه، تادێت نائومێدده‌بن چونكه هێڵه‌كانی به‌رگرییان له داڕماندان.
وتی دیارنه‌مانی به‌غدادی "نائومێدیی ئه‌ندامه‌كانی زیاتركردووه كه چیتر ناتوانن به‌رده‌وامیی به به‌رگری بده‌ن".
وتیشی چه‌كداره‌كان "پرسیار ده‌رباره‌ی 'خه‌لیفه'كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌كوێیه و بۆچی له‌م دۆزه‌خه‌دا به‌ته‌نها به‌جێیهێشتوون و سه‌ریانسوڕماوه له‌وه‌ی بۆچی وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی هه‌ڵسوكه‌وت ناكات و له‌جیاتی ئه‌وه له‌پاڵیاندا شه‌ڕناكات."
هه‌روه‌ها وتی: "زۆر پرسیار هه‌ن كه ئه‌و بارخراپی و نائومێدیه پیشانده‌ده‌ن كه ده‌ناڵێنن به‌ده‌ستیه‌وه."
شه‌ریفی ئه‌وه‌ی ره‌تنه‌كرده‌وه كه ده‌شێت به‌غدادی له موسڵ هه‌ڵهاتبێت بۆ "جێگایه‌كی سه‌لامه‌ت له سوریا".
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، حه‌سه‌ن شوبه‌یب سه‌بعاوی، به دیارونای وت هه‌ڵهاتنی به‌غدادی جۆرێكه له "ددانپێدانانێكی نافه‌رمی به شكستدا".
سه‌بعاوی وتی: "زۆر له چه‌كداره ناوخۆییه‌كان كه سوێندیان بۆ ئه‌م تێرۆریسته خواردووه بۆیانده‌ركه‌وتووه، زۆر دره‌نگ كه له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كه‌یانه‌وه به‌جێهێڵراون و ئه‌وان به‌ته‌نها باجه گرانه‌كه‌ی ده‌ده‌ن. ئازاری خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان و وڵاته‌كه‌یان داوه به په‌یڕه‌وكردنی ئایدیۆلۆژیایه‌كی لهڕێلاداو."
وتیشی ئێستا به‌غدادی و لایه‌نگرانی ده‌بێت روبه‌ڕووی ئه‌و راستییه ببنه‌وه كه "فڕێدراونه‌ته زبڵدانی مێژووه‌وه".
ده‌مانه‌وێت بڵێین داعش له دڵی خه‌ڵكی موسڵدا ده‌مێنێته‌وه هه‌تاكو حكومه‌تێك ده‌بینن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا كاربكات. پاشان ده‌شێت بیروڕایان بگۆڕن و ببنه هاوڵاتیی باش.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت