هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق بەرپەرچی هێرشەکانی داعش دەدەنەوە بۆ سەر مەدەنییەکانی موسڵ

خالید تائی

هێزەکانی عێراق یارمەتی گواستنەوەی دانیشتوانی گەڕەکی مەئمونی خۆرئاوای موسڵ دەدەن بۆ ناوچەی سەلامەتتر. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە-تیرۆر]

هێزەکانی عێراق یارمەتی گواستنەوەی دانیشتوانی گەڕەکی مەئمونی خۆرئاوای موسڵ دەدەن بۆ ناوچەی سەلامەتتر. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە-تیرۆر]

دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ تادێت زیاتر رووبەڕووی مەترسی کوشتن دەبنەوە بەهۆی هێرشە تۆڵەسێنەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە.

بەهۆی ئەوەی چەکدارەکانی داعش لەنێو شارەکەدا گیریانخواردووە ، هێرشەکانیان چڕدەکەنەوە لەدژی مەدەنییەکان بە بەکارهێنانی سیاسەتی خاپورکردنی زەوی وەك یەکێك لەدوایین هەوڵە نائومێدەکانیان بۆ خۆڕزگارکردن، بەرپرسان وتیان.

لە سەنتەری پزیشکیی کەمپی خازر، برینەکانی مەیادە یاسینی 41 ساڵ چارەسەردەکرا، کە لە 1 ئازاردا دروستبوون کاتێك سەقفی ماڵەکەی بەسەردا رووخا بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە گەڕەکی مەئمونی خۆرئاوای موسڵ.

مەیادە بە دیارونای وت خۆی و خێزانە حەوت کەسییەکەی بەهەزار ‌حاڵ لە مەرگ رزگاریانبوو.

دوای رووداوەکە، ئەوان و چەند خێزانێکی دیکە دەستبەجێ لە گەڕەکەکە گوازرانەوە بۆ کەمپێك کە لەوێ چاوەڕێی ئازادکردنی هەموو موسڵ دەکەن پێش ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.

"ژیانێکی نوێ کرابوو بە چارەنووسمان،" مەیادە وتی: "ئێمە بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ماڵەکەی خۆماندا گیرمانخواردبوو کاتێك زەخیرەی خواردنمان لێبڕا. پێکدادانەکان سەخت بوون، بۆیە بڕیارماندا دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە بڕۆین."

بەڵام دواتر رووداوی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکە روویدا.

"قاچەکانم و دەستەکانم برینداربووبوون، بەڵام ئەوە گرنگ نیە،" مەیادە وتی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێستا هەموومان لە ئاسایش و ئارامییداین."

تاکتیکی نائومێدانە

داعش هەوڵدەدات هەر کەسێك بکاتە ئامانج کە ناوچەکە جێدەهێڵێت بۆ کەمپی ئاوارەکان، بەڵام هێزەکانی عێراق چاودێری دەکەن و وەڵامی هەر هەوڵێك لەدژی مەدەنییەکان دەدەنەوە.

گروپەکە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، مین، بۆمبی دەستکرد و نیشانگر بەکاردەهێنێت بۆ رێگرتن لە هەڵاتنی مەدەنییەکان.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شەبیب سەبعاوی بە دیارونای وت ئەم هێرشە تیرۆرستیانە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج "بەشێوەی تۆڵەکردنەوە"، بە ئاماژەکردن بەوەی تا داعش زیاتر گەمارۆبدرێت، ئەندامانی تاوانکارتر دەبن.

بە دیارونای وت: "مەدەنییەکان لە گەڕەکەکانی خۆرئاوای موسڵ بوونەتە ئامانجی سەرەکیی تیرۆرستان."

"لە گەڕەکی نەبی شییت، هێزە ئەمنییەکان (لە 4 ئازاردا) هێرشێكیان پوچەڵکردەوە کە بە شەش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو کرا و لەلایەن خۆکوژەوە لێدەخوڕدران کە ئامانجیان گردبوونەوەیەکی خەڵکە ئاوارەکە و یەکەیەکی سەربازیی بوو."

سەبعاوی وتی چەکدارەکانی داعش لە گەڕەکی وادی حەجەر چەندین خانو و ئۆتۆمبیلیان سوتاند پێش ئەوەی لەوێ بکشێنەوە.

بەگوێرەی سەبعاوی ئەمە "تۆڵەکردنەوە بوو لە بەرامبەر پشتگیریی خەڵکەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوە."

گروپەکە پێڕەوی " سیاسەتی خاپورکردنی زەوی دەکات لە هەر گەڕەکێکدا کە لەدەستیبدات،" وتی.

"لە ئێستادا داعش نائومێدە،" وتی: "هەموو ئەو ئەندامانەی لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین و دیالە دەرکرابوون دواتر لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە خۆرهەڵاتی موسڵ نیشتەجێکرانەوە، دەبوو دوای رزگارکردنی خۆرهەڵاتی موسڵ هەڵبێن بۆ خۆرئاوای موسڵ و لەئێستادا بەتەواوەتی دەوریان گیراوە."

سەبعاوی وتی: "پێشبینی دەکەین شەڕەکە سەختتر ببێت بە هێرشکردنە سەر ئەو گەڕەکانەی کە دانیشتوانیان چڕترە."

پاراستنی خێزانە هەڵاتووەکان

پەرلەمانتاری عێراقی لە پارێزگای نەینەوا ئەحمەد مەدلول جەبرا بە دیارونای وت کە داعش هیچ سڵناکاتەوە لەوەی کردەی دژی مەدەنییەکان ئەنجامبدات وەك تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر شکستەکانی دا.

وتی: "لانیکەم 600,000 کەس هەن کە هێشتا لە خۆرئاوای موسڵ دەژین و بارمتەی دەستی داعشن."

جەبرا جەختیکردەوە لە گرنگیی چارەسەرکردنی شەڕەکە بەخێرایی و دەرفەتنەدان بە گروپەکە تا زیان لە مەدەنیی بێچەك بدەن.

داواشیکرد کە هەوڵەکان زیادبکرێن بۆ کۆمەكبەخشین و داڵدەدانی خێزانە ئاوارەکان.

وتی: "ژمارەی خەڵکە ئاوارەکە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی خۆرئاوای موسڵ لە 19 شوباتەوە گەیشتۆتە نزیکەی 50,000 کەس و هێواش هێواش زیاددەبێت."

وتەبێژی دەزگای دژە-تیرۆر عەمید سەباح نوعمان بە دیارونای وت مانگی رابوردوو، هێزەکانی دەزگای دژە-تیرۆر 14,000 کەسیان لە خۆرئاوای موسڵەوە گواستەوە "بە سەلامەتی و بەبێ هیچ زیانێك".

وتی ئەو هێزانە هەروەها "توانییان بەرپەرچی هێرشەکانی گروپەکە بۆ سەر مەدەنییەکان بدەنەوە و رێگەی هەڵاتنی سەلامەت نیشانی مەدەنییەکان بدەن".

وتیشی هێزە رزگارکەرەکان تێوەگلاون لە شەڕێکی سەختەوە لەگەڵ ئەندامانی داعش و ئەو شەڕە "وەك پلانی بۆ دانرابوو دەڕوات بەڕێوە".

نوعمان وتی: "ئێمە گەڕەکی گرنگ و ستراتیژییمان رزگارکردووە وەك وادی حەجەر و مەئمون کە بۆتە هۆی ئەوەی زیانی دەیان قوربانی لە دوژمن بکەوێت و چالاکیی هێرشەکانی و بەرگریی سنوورداربێت."

ئەم هەفتەیە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند هێزەکانی عێراق سێیەکی خۆرئاوای موسڵیان گرتۆتەوە و بەردەوامن لە پێشڕەویی گەورە بۆ گرتنەوەی موسڵی کۆن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500