هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق روبەڕووی شەڕی دەستەویەخەی سەخت دەبنەوە لە خۆرئاوای موسڵ

خالید تائیی

هێزەکانی عێراق کە لێرەدا وێنەکەیان دیارە شەڕدەکەن بۆ راوەدونانی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە دوایین بنکەکانیان. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە-تیرۆری عێراقی]

هێزەکانی عێراق کە لێرەدا وێنەکەیان دیارە شەڕدەکەن بۆ راوەدونانی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە دوایین بنکەکانیان. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە-تیرۆری عێراقی]

دوای رۆژێکی تەواو لە شەڕی سەخت لەنێو شەقامە تەسك و کۆڵانەکانی خۆرئاوای موسڵدا، سەربازی عێراقی عەلی حەمزەی 25 ساڵ لەگەڵ هاوڕێ پڕچەکەکانیدا پشوودەدات پێش ئەوەی هێرشێکی دیکە بکەنە سەر بنکەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

هێزەکانی عێراق شەڕی چەکدارانی داعش دەکەن لە شەڕێکی تەواو ئاڵۆزدا لە بەری راستی دیجلە. ناوچەکە دانیشتوانی چڕە و ماڵەکانی بچوك و تێکترنجاون.

جگه‌ لەوەش، سەربازەکان ناتوانن ئۆتۆمبیلە سەربازیەکانیان بە شەقامە تەسکەکاندا ببەن.

حەمزە بە دیارونای وت كه‌ خۆی و هاوڕێیانی لە هێزە تایبەتەکە باش راهێنراون لەشەڕی دەستەویەخه‌ و ئه‌و جۆره‌ دۆخانەدا.

وتی: "ئێمە نیشانگر بەکاردەهێنین لەدژی دوژمن و لەو شوێنانەوە کە پێشبینی ناکەن و لە ماوەی چەند خولەکێکدا سەرچاوەی تەقەکە تێکدەدەین."

وتیشی: "گەورەترین نیگەرانیمان ئەوەیە رێیان لێبگرین خۆیان لەپشت خەڵکەوە بشارنەوە. هەوڵدەدەین ناچاریانبکەین خۆیان دەربخەن و دواتر لەکاتی دروستدا تەقەیان لێدەکەین."

سێیەکی خۆرئاوای موسڵ گیراوەتەوە

سەرەڕای شەڕە سەختەکە، سوپای عێراق سێیەکی خۆرئاوای موسڵی گرتۆتەوە لەوکاتەوەی کە شەڕەکە دەستیپێکرد لە 19 شوباتدا، بەمەش توندڕەوەکانیان گەمارۆداوە.

حەمزە وتی: "ئێمە شەڕی دوژمنێکی نائومێد دەکەین کە هەموو شتێکی دۆڕاندووە. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن لە مەرگ هەڵبێن."

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، برێت مەکگورك، وتی سەربازانی فیرقەی زرێپۆشی 9 شەوی شەممە (11 ئازار) سەرکەوتنێکی گرنگیان تۆمارکرد.

مەکگورك لە بەغدا بە رۆژنامەنوسانی وت: "هەر چەکدارێك لە موسڵ بەجێمابێت، هەر لەوێش دەمرن، چونکە گیریانخواردووە."

وتی: "ئێمە زۆر پابەندین بەوەی لە موسڵ تەنیا شكستیان پێنەهێنین، بەڵکو دەبێت دڵنیابین لەوەی ئەم کەسانە ناتوانن هەڵبێن."

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دووشەممە سەرکەوتنی زیاتری راگەیاند، بەوەی دەزگای دژە-تیرۆری تایبەت گەڕەکی نەفتی گرتەوە.

فەریق رائید شاکر جەودەت وتی هێزەکانی فیرقەی به‌رپرچدانه‌وه‌ی خێرا، کە یەکەیەکی دیکەی تایبەتە، لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵدا کاریاندەکرد بۆ پشكنین و پاککردنەوەی ناوچەکە لەسەر کەناری به‌شه‌ دێرینه‌كه‌ی شاری موسڵ.

جەودەت لە راگەیەندراوێکدا وتی هێزەکان "ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنین ئەنجامدەدەن لە ناوچە ئازادکراوەکانی باب توب، بۆ تەڵە و مین و تیرۆرست دەگەڕێن کە خۆیان لەناو خەڵکدا شاردۆتەوە".

داعش لە 'دۆخێکی دەروونیی خراپ'دا

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ بە دیارونای وت شەڕی خۆرئاوای موسڵ بەگوێرەی پلان به‌ڕێوه‌دەڕوات.

وتی: "هێزەکانمان چاونەترسانە شەڕدەکەن و سەرەڕای هەموو ئاڵۆزیەکانی شەڕەکە، ئەنجامی باش بەدەستدەهێنن." وتیشی کە پێشڕەوی لەوێ بەردەوامە.

ئەو هێزانەی عێراق کە پێشڕەوی دەکەن لە بەرەی باشوری خۆرئاوای موسڵ لەئێستادا فڕۆکەخانەی موسڵ و بنکەی غەزلانییان گرتۆتەوە، سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی پردی چوارەمی سەر دیجلە.

رەسوڵ وتی لە بەرەکانی باکور و خۆرئاواوە، هێزەکان زنجیرەچیای عەتشانە و گوندی دەمەرجییان گرتۆتەوە لە باشوری بادوش، کە بەمەش گەمارۆی سەر داعش توندتر دەبێت.

وتی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش، لەنێویاندا چەکدارانی بیانی، کوژراون یان لە پرۆسەکەدا دەستگیرکراون، هه‌روه‌ها ئاماژەشی بەوە كرد كه‌ بە دەیان لاشەی داعش لەسەر شەقامەکانی موسڵ کەوتوون.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، بە دیارونای وت چەکدارانی داعش توشی "دۆخێکی دەروونیی خراپ" بوون.

وتی دەزانن شکستیان نزیکە. وتیشی کە ئەوان بەبێ سەرکردایەتی شەڕدەکەن "چونکە زۆربەی فەرماندەکانیان یان کوژراون یان هەڵاتوون و جێیانهێشتوون تا بەتەنیا بمرن".

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەبرا، بە دیارونای وت: "هێزەکانمان هەموو رێگەکانی هەڵهاتنیان بڕیوە. چەکدارانی داعش گیریانخواردووە و لە دۆخێکی دەروونیی خراپدان."

وتی: "چەکداران یان دەبێت خۆیان بەدەستەوەبدەن یان بمرن. چەکدارانی داعش هەوڵدەدەن خۆیان لەپشت مەدەنیەکانەوە بشارنەوە و سوود لە جوگرافیای ئاڵۆزی ناوچەی شەڕەکە ببینن."

وتیشی: "بەڵام ئەمە كۆتاییپێهێنانی شەڕەکە زۆر دواناخات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500