زیندانیانی پێشووی زیندانه‌كانی سوریا چیرۆكه تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌زمونه‌كانیان بۆ دیارونا ده‌گێڕنه‌وه و ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو كه قه‌ره‌باڵغی، مامه‌ڵه‌ی خراپ، ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه له زیندانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا به‌ربڵاوبووه.
به‌گوێره‌ی زیندانییه‌كی پێشوو، "دۆزه‌خ له زیندانه‌كانی سوریا به‌ڕه‌حمتره".
پارێزه‌ری سوری، به‌شیر به‌سام، كه ئێستا له قاهیره داده‌نیشێت، وتی زۆربه‌یان "ناوبانگیان زۆر خراپە و چه‌ندین بەرامبەر توانایان زیندانیان له‌خۆده‌گرن".
به‌سام به دیارونای وت بهدناوترینیان زیندانه‌كانی ته‌دمور، سه‌یدنایا، مه‌زه، عه‌درا، ئیدلیب و خان ئه‌بو شاماتن.
به‌سام وتی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌نێویاندا لقی فه‌له‌ستین، لقی هه‌واڵگریی فڕۆكه‌خانه، لقی موسه‌نا (لقی 227) و فه‌وجی 555، هه‌ندێك له بیناكانیان گۆڕیوه بۆ زیندان.
وتیشی زیندانی نوێش كراونه‌ته‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی زومه‌یر له ناوچه گوندنشینه‌كانی دیمه‌شق و فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی مه‌زه و زۆربه‌ی لقه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگرییش له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا ژووری زیندانیان تێدا دروستكراوه.
هه‌روه‌ها وتی: "مه‌حاڵه به‌دڵنیاییه‌وه ژماره‌ی زیندانیانی سوریا بخه‌مڵێنرێت، چونكه زیندانه‌كان پڕن له زیندانی و چه‌ندین به‌رامبه‌ری توانایان زیندیانیان له‌خۆگرتووه و چونكه رژێمیش رێوشوێنی یاسایی ناگرێته‌به‌ر بۆ تۆماركردنی زیندانیان."
به‌ستنه‌وه و قامچیلێدان
بازرگانێكی خه‌ڵكی حه‌له‌ب كه ئێستا له قاهیره ده‌ژی، قاسم ئه‌خره‌س، 65 ساڵ، به دیارونای وت ئه‌و كاته‌ی له زیندانی عه‌درا له ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق بردیه‌سه‌ر، "خراپترین ماوه‌ی ژیانم بوو".
وتی: "ناشرینترین شێوازی مامه‌ڵه‌ی نامۆرییانهم له‌گه‌ڵ كرا."
وتیشی مهینهتیهكهی ئه‌وكاته ده‌ستیپێكرد كه لە 4 ئه‌یلولی 2012 ده‌ستگیرا و له‌ماوه‌ی ئه‌و نیوكاتژمێرهدا كه گوازرایه‌وه بۆ ناوه‌ندێكی ئاسایش له دیمه‌شق، "به دار لێمده‌درا و به جۆراجۆر قسه‌ی ناشیرین جنێوباران كرام".
ئه‌خره‌س وتی: "كاتێك له ئۆتۆمبیله‌كه رایانكێشامه ده‌ره‌وه، پاسه‌وانه‌كانی زیندانهكهش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا كه ده‌ستگیریان كردبووم كه‌وتنه لێدانم تا راسته‌وخۆ بردیانمه ژووری لێپێچه‌ره‌وه كه هیچ قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ نه‌كردم و ته‌نها سه‌ری بۆ دهلهقاندم."
وتیشی: "ئه‌مجار بردیانمه حه‌مامێكی یه‌كجار بۆگه‌نه‌وه كه هیچ گڵۆپ یان ههواكێشێكی تێدانه‌بوو." له‌وێ تا ئێواره‌ی داهاتوو مایه‌وه تا چاویان به‌سته‌وه و بردیان بۆ ژوورێكی تر.
له‌وێ ده‌سته‌كانی به‌سترایه‌وه و هه‌ڵواسرا.
وتی: "یه‌كێكیان ده‌یان قامچی له‌پشتم دا تا له ئازاردا بورامه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك چاومكردهوه و خۆم له حهمامهكدا بینییه‌وه."
رۆژی داهاتوو له‌گه‌ڵ چوار زیندانیی تردا گوازرانه‌وه بۆ عه‌درا و یه‌كسه‌ر برا بۆ ژووری لێپێچینه‌وه.
قه‌ره‌باڵغی و ئه‌شكه‌نجه
ئه‌خره‌س وتی بۆماوه‌ی مانگێك لێیدرا و لێپیچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا به‌تۆمه‌تی "كۆمه‌كی دارایی تێرۆریستان" -- تۆمه‌تێك كه بهدرۆیدهخاتهوه و ده‌ڵێت كه چووبوو بۆ دیمه‌شق بۆ په‌یوه‌ندیكردن به بازرگانانی تره‌وه و كڕینی شمه‌ك بۆ دوكانه‌كه‌ی.
وتی دواجار تێكشكا و دانی نا به ئه‌نجامدانی هه‌ندێك شت‌دا كه هه‌رگیز نهیكردبوون چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو ئه‌مه "كۆتایی به ئه‌شكه‌نجه بهێنێت".
وتیشی: "به‌ڵام به‌رده‌وامبوو، هه‌روه‌ها لێپێچهرهوهكه نینۆكی یه‌كێك له په‌نجه‌كانی دهستهڕاستمی ده‌رهێنا و پشتمی به شیشێكی سوره‌وكراو سوتاند، كه ئاسه‌واره‌كه‌ی هێشتا دیاره."
مانگی یه‌كه‌م له ژورێكی ته‌سكدا به‌ته‌نیا زیندانكرا كه ته‌نها پارچه‌یه‌ك نان و كوپێك ئاوی بۆگه‌نی پێده‌درا.
وتی: "ئه‌مجار گواسترامه‌وه بۆ قاوشه‌كان كه زۆر باشترنهبوون له ژوره تاكهكهسیهكه."
وتیشی له ژوره‌كه‌دا 45 زیندانیی لێ‌بوو كه ته‌نها شه‌ش مه‌تر درێژ و چوار مه‌تر پان بوو، به‌زه‌حمه‌ت جێگای 15 كه‌سی تێدادهبووه.
هه‌روه‌ها وتی هه‌ر یه‌كێك له زیندانیه‌كان جێگایه‌كی ده‌گرت كه به‌ئاسته‌م له قه‌واره‌ی جه‌سته‌ی خۆی گه‌وره‌تربوو. وتیشی ئه‌گه‌ر كه‌سێك ههستایهته سه‌رپێ یان بڕۆیشتایە بۆ جێگایه‌كی تر، جێگه‌ی نوستنه‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دا.
وتی به‌زۆری "به‌دانیشتنه‌وه ده‌خه‌وتن و پاڵیاندهدایهوه به‌یه‌كه‌وه. ته‌والێت له‌ژوره‌كه‌دا نه‌بوو، بۆیه زیندانیه‌كان پیساییان له سه‌تڵێكدا ده‌كرد كه هه‌ر به‌یانیه‌ی جارێك خاڵیدهكرایهوه".
ئه‌خره‌س وتی تا 30 كانونی یه‌كه‌می 2013 له‌زینداندا مایه‌وه تا خێزانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كدا له دیمه‌شق رێككه‌وتن له‌سه‌ر 150,000 دۆلار.
وتی دوای ئه‌وه ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له سوریا مایه‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا چوون بۆ لوبنان و دوای ئه‌وه‌ش بۆ قاهیره.
لێدان له‌سه‌ر 'ویلەکە'
بازرگانی سوری، ته‌وفیق ساڵح، 60 ساڵ، كه داوایكرد ناوی خوازراوی بۆ به‌كاربهێنرێت له‌به‌ر سه‌لامه‌تیی، به دیارونای وت ناكۆكیه‌كی ساده له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی ده‌زگای ئاسایشی سوری بووه‌هۆی له‌ده‌ستدانی ئازادیی بۆ ماوه‌ی 17 ساڵ.
ساڵح وتی ساڵی 1994 له به‌یروت ده‌ستگیركرا و گوازرایه‌وه بۆ سوریا و له‌وێ تا ساڵی 2011 له‌زینداندا مایه‌وه. وتیشی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ زیندانبوو له زیندانی به‌دناوی سه‌یدنایا .
وتی هه‌مان شێوه‌ی ئه‌شكه‌نجه ده‌درا "بۆ هه‌ر زیندانێك بگوازرامایهتهوه" .
وتیشی: "سه‌ره‌تا له زیندانی بۆریڤاج زیندانكرام و برامه نهۆمێكی ژێره‌وه و هه‌موو جه‌سته‌میان به‌ر قامچی دا. كاره‌با له په‌نجه‌كانم و هه‌موو شوێنه ههستیارهكانم درا و به‌خه‌ستی لێمده‌درا دوایئه‌وه‌ی دهبهسترامهوه به تایهیهكهوه."
وتی ئه‌م شێوازه ناوده‌برا به "ویلەکە" و روونیكرده‌وه كه قاچه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌به‌سترێنه‌وه كه به‌ری پێكان روو لە حەوا ده‌بن تا بۆ قامچیوهشێنهكه ئاسانتربێت له هه‌ردوو به‌ری پێكان بدات له‌ماوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كه‌دا.
وتیشی: "من به 'شێوازی خێو'یش ئهشكهنجهدرام كه ده‌سته‌كانم به زنجیرێك ده‌به‌سترانه‌وه و به بنمیچه‌كه‌دا ههڵدهواسرام و بهرزدهكرامهوه به‌شێوه‌یه‌ك قاچه‌كانم به‌حاڵ له زه‌ویه‌كه‌یان ده‌دا. بۆ چه‌ندین كاتژمێر له‌و حاڵه‌ته‌دا دهیانهێشتمهوه و به‌خه‌ستی لێیانده‌دام."
هه‌روه‌ها وتی پاسه‌وانه‌كان به شێوازی "فه‌رشی فڕیو"یش ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دا كه به ته‌خته‌یه‌كی ئه‌ندازه‌ی جه‌سته‌ی خۆیه‌وه ده‌به‌سترایه‌وه و له‌هه‌وادا به‌رزده‌كرایه‌وه و لێیده‌درا.
وتی هه‌ندێك له‌م نازناوانه له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانه‌وه داهێنرابوون و هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن زیندانیانه‌وه.
ساڵح وتی سه‌ره‌تا گوازرایه‌وه بۆ لقی فه‌له‌ستین كه "له‌وێ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك لێمده‌درا، بۆنمونه به گۆچانی دار، زنجیری ئاسن، سۆنده‌ی ئه‌ستور و هه‌ندێكجاریش به گوریس، تا ئه‌وكاته‌ی گوازرامه‌وه بۆ زیندانی ته‌دمور كه له‌وێ ساڵه‌كانی تری ماوه‌ی زیندانیهكهمم بەسهربرد".
'هه‌روه‌ك له دۆزه‌خدا بژیت'
ساڵح وتی ژیان له ته‌دمور مه‌ینه‌تی بوو.
وتی: "وه‌ك ئه‌وه وابوو له خودی دۆزه‌خ خۆیدا بژییت. وشه‌ی ناشیرین ته‌نها شتێكه زیندانیه‌كان ده‌یبیستن، له‌پاڵ ئه‌و سوكایهتیپێكردنانهدا كه كه‌س لێی ده‌ربازنابێت."
وتیشی: "جگه له ئه‌شكه‌نجه، قامچیلێدان، تێهه‌ڵدان و كارهبالێدان، پاسه‌وانه‌كان هه‌موو جۆرێك كرده‌وه‌ی سادیستانهیان دژی زیندانییه‌كان ده‌كرد."
وتی ئه‌وانه‌ش بریتیبوون له "ناچاركردنیان به خواردنه‌وه‌ی میز، خواردنی قالۆنچه، جنێودان به‌خۆیان و هوتافكێشان بۆ سه‌رۆكی سوریا". وتی هه‌روه‌ها پاسه‌وانه‌كان جه‌سته‌ی زیندانیه‌كانیان به جگه‌ره و چه‌رخ ده‌سوتاند.
ساڵح وتی به هۆكاری نه‌خۆشی له زیندان ئازادكرا، به بڕبڕه‌یه‌كی خزاوهوه له پشتیدا، رەبو، فشاری خوێنی به‌رز، شه‌كره و نه‌خۆشیی چاویش.
وتی نیشانه‌كانی دهردەسهرییهكهی هێشتا كه له زینداندا بوو ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌ر یان ده‌رمانێكی وه‌رنه‌گرت و كه‌سی تریش ئه‌وانه‌ی وه‌رنه‌ده‌گرت.
وتیشی سه‌ره‌ڕای ئازارچه‌شتنی، خۆی به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانێت، چونكه زۆر له زیندانیه‌كان ژیانیان له‌ده‌ستدا به‌هۆی ئاڵوزبوونی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌وه كه توشیاندهبوو و زۆری تریش ده‌كوژران له‌و له‌سێداره‌دانانه‌دا كه به‌رده‌وام ئه‌نجامده‌دران.
هه‌روه‌ها وتی له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا زیندانی به‌جێهێشت به "یاده‌وه‌ریی ناخۆشه‌وه كه بڕواناكه‌م هه‌رگیز له‌ژیانمدا له‌بیرمبچنه‌وه".
نازانم چی بڵێم ده‌رباره‌ی ئه‌م جۆره ئه‌شكه‌نجه‌دانه نامرۆڤانه‌یه. به‌هه‌رحاڵ، ئێمه هه‌موو مرۆڤین؛ ده‌بێت خۆمان بخه‌ینه جێی خه‌ڵكی تر و هه‌وڵبده‌ین رێگایه‌ك بدۆزینه‌وه تا به‌ته‌واوی ئه‌م جۆره له ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ڕیشه هه‌ڵبكێشین كه به‌ته‌واوی مرۆڤه‌كان تێكده‌شكێنێت وه‌ك ئاژه‌ڵ.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت