بەرپرسانی عێراق لە پاشماوەی قوربانیانی دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکۆڵنەوە لە روتبە، لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، کە فڕێدراونەتە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە.
فیرقەی 1 ی سوپای عێراق لە 9 شوباتدا و بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە دوو گۆڕی بە کۆمەڵی لە روتبە دۆزییەوە ، قایمقام عیماد میشعەل بە دیارونای وت.
گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شیوێكدا دۆزرایەوە لە گەڕەکی عەسکەریی ناوەڕاستی روتبەدا، کە بۆ فڕێدانی پاشماوەی دەرمان بەکاردەهێنرا، لەکاتێکدا دانەیەکی دیکە لە کەناری باشوری شارۆچکەکە لە ناوچەی وادی دۆزرایەوە.
وتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان جەستەی کارمەندی ئەمنی عێراق و مەدەنییان تێدایە کە لەلایەن داعشەوە لەسێدارەدراون.
میشعهل قوربانیەکانی بە 20 بۆ 30 کەس خەمڵاند، کە کوژراون و بەهەڕەمەکی بە بەرد و داروپەردووی بینا داپۆشراون و لە گۆڕی یەکەمدا بلدۆزەریش بهكارهاتووه.
میشعەل وتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن داعش [خەڵکەکەی] كوشتووه و جەستەکانی فڕێداوەتە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە ماوەیەك دوای دهستگرتن بهسهر روتبەدا لە هاوینی 2014 دا. وتیشی لەئێستادا قورسە رۆژی [کوشتن] و ژمارەی جەستە نێژراوهكان دیاریبکرێت.
هێزەکانی عێراق بەپاڵپشتیی چەکدارانی ناوچەکە لە ئایاری 2016 دا دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ داعش دەستیان بەسەر روتبەدا گرتەوە.
رزگارکردنی روتبە ، کە دەکەوێتەسەر رێگایەکی ستراتیژی کە عێراق و ئەردەن و سوریا پێکەوە دەبەستێتەوە بە لێدانێکی بەزەبر دادەنرێت بۆ داعش، بەوەی بە ملیۆنان دۆلار زیانی مانگانەی لە داهاتی گروپەکە دا.
میشعەل وتی هێشتا زۆر زانیاری دەربارەی قوربانیەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی دەرەوەی شارۆچکەکە نیە لە ناوچەی وادی، "هێشتا بەرچاوڕوونیمان دەربارەی ئەو دانەیە نیە، بەڵام ئەویش چەند قوربانییەکی تێدایە کە بەدەستی داعش کوژراون."
وتی: "دوو گۆڕەکەمان جیاکردۆتەوە و لەوبارەیەوە پەیوەندیمان بە دەزگا پەیوەندیدارە حکومییەکانەوە کردووە، وەك وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ."
وتی: "لەئێستادا چاوەڕێی گەیشتنی تیمێکی پسپۆڕی پزیشکی یاسایی دەکەین بۆسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ههڵدانهوهیان و دەرهێنانی جەستەکان، تا پشکنینی جیناتیان بۆ ئهنجامبدرێت و بزانرێت کەسەکان کێن."
دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق
لە کۆتایی 2015 وە، هێزەکانی عێراق دەیان گۆڕی بەکۆمەڵیان لە عێراقدا دۆزیوەتەوە ، زۆریان لە شاری شەنگالی پارێزگای نەینەوا.
ئەو دوو گۆڕەی روتبە یەکەمین بوون لە قەزاکەدا بدۆزرێنەوە، بەڵام یەکەمین نەبوون لە پارێزگای ئەنباردا.
مانگی نیسانی 2016 حکومەتی ناوخۆ دۆزینەوەی سێ گۆڕی بە کۆمەڵی لە گەڕەکی مەلعەبی باشوری رەمادی راگەیاند، کە پاشماوەی جەستەی 30 سەرباز و مەدەنیی تێدابوو کە لەلایەن داعشەوە لەسێدارەدرابوون.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عهزال فەهداوی، وتی دۆزینەوەی گۆڕی زیاتر لە پارێزگاکەدا "وێنەیەکی روون دەدات دەربارەی قەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی تیرۆرستان لەدژی خەڵکی ناوچەکە ئەنجامیانداوە کاتێك لەژێردەستیاندا بوو".
فههداوی بە دیارونای وت: "[داعش] هیچ بەزەییەکی بۆ خەڵکەکە نەبوو و وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ نەدەکردن." وتیشی ئەگەری ئهوه زۆرە گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە بدۆزرێنەوە.
وتی گۆڕەکان لە روتبە بەگوێرەی پرۆتۆکۆڵێکی جێگیر لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت، کە "سەرەتا هەڵدانەوەیان لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندی تەندروستی و هونەری بۆ زانینی ژمارەی قوربانیان و کات و چۆنێتی کوشتنیان" لەخۆدەگرێت.
دواتر "نمونەی پاشماوەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ بەشی تەندروستی پزیشکی یاسایی لە بەغدا بۆ شیکاریی دی ئێن ئەی تا بناسرێنەوە،" لەدوای ئەوەش جەستەکان "دەدرێنەوە بە خێزانەکان بۆ ناشتنەوەیان".
لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش
پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، حەبیب تەرەفی، جەختی لە گرنگی یارمەتیهكانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردەوە بۆ عێراق بۆ چاودێرییکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، بەتایبەت لە کەیسی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.
تەرەفی بە دیارونای وت: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانییەکی سەربازیی گەورە پێشکەشدەکات و هەوڵی بەرچاوی نێودەوڵەتی هەیە لەو ناوچانەی فریاگوزاری و کۆمەکی مرۆییان پێویستە."
وتی: "بەڵام بەهیواین وڵاتان ئەوەمان پێببەخشن کە پێویستمانە لەڕووی پسپۆڕی و تەکنیکی نوێوە" پەیوەست بە دەرهێنانەوەی تهرمهكان و ئەنجامدانی توێژینەوەی پێویست بۆ ناسینەوەیان.
تەرەفی وتی: "هەر رۆژێك کە دەڕوات، هێزەکانمان پێشڕەویی دژی داعش دەکەن و هەر کشانەوەیەکی گروپەکە چەندین تاوانی قێزەونیان بەدەردەخات."
بڕوخێ ئال سعود، دروستکەر و یارمەتیدەری داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ زایۆنیزم و ئەمریکای شەیتانی گەورە.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت