هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پۆلیسی عێراق داعش راوده‌نێت له‌ ناوچه‌ بیابانیه‌كانی دیاله‌

خالید تائی

ئه‌ندامانی هێزی پۆلیسی دیاله‌ به‌شداریده‌كه‌ن له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا بۆ راوه‌دونانی چه‌كدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) له‌ ناوچه‌ بیابانیه‌كانی پارێزگاكه‌. [خاوەنی وێنە: فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله‌]

ئه‌ندامانی هێزی پۆلیسی دیاله‌ به‌شداریده‌كه‌ن له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا بۆ راوه‌دونانی چه‌كدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) له‌ ناوچه‌ بیابانیه‌كانی پارێزگاكه‌. [خاوەنی وێنە: فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله‌]

له‌سه‌ره‌تای مانگی شوباته‌وه‌ پۆلیسی عێراق كێوماڵی ناوچه‌ بیابانیه‌كانی دیاله‌ ده‌كات بۆ له‌ڕیشه‌كێشانی ئه‌ندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و رێلێگرتنیان له‌ دامه‌زراندنی په‌ناگایه‌كی ئه‌مین له‌ پارێزگاكه‌دا.

فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله‌، عه‌قید غالب عه‌تیه‌، به‌ دیارونای وت ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ته‌ركیز ده‌كاته‌سه‌ر ناوچه‌ بیابانیه‌ به‌رینه‌كان له‌ باكور و خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاكه‌.

وتی ئه‌و ناوچانه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانج بریتین له‌ ئیمام وه‌یس و حه‌مرین و نه‌فتخانه، له‌پاڵ گونده‌ كشتوكاڵیه‌كانی وه‌ك ساده‌ و عه‌بدولحه‌مید و بودجه‌ له‌ ناحیه‌ی عه‌باره‌ و گونده‌كانی به‌نی زه‌ید و ئوم قوتن و غه‌زالی له‌ ناحیه‌ی به‌هره‌ز له‌ باشوری به‌عقوبه‌.

وتیشی ئامانج راوكردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشه‌ كه‌ ده‌شێت خۆیان له‌م ناوچانه‌دا حه‌شاردابێت تا رێیان لێبگیرێت بوونیان هه‌بێت یان هیچ حه‌شارگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنن.

عه‌تیه‌ وتی گروپه‌كه‌ هه‌وڵده‌دات "ناوچه‌ بیابانیه‌كان و دۆڵه‌ ناهه‌مواره‌كان و باخه‌ چڕه‌كان" به‌كاربهێنێت "تا خۆیان بشارنه‌وه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و دانیشتوانه‌كه‌ و ریزه‌كانی خۆیان و تواناكانیان رێكبخه‌نه‌وه‌ و خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی تێرۆریستی".

وتیشی تائێستا پۆلیسی عێراقی چوار ماڵیان روخاندوە کە داعش وەك "حەشارگە" بەکاریاندەهێنا.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ حه‌شارگه‌ی پچوك و داپۆشراون و پڕكراون له‌ ته‌قه‌مه‌نی و چه‌ك و كه‌لوپه‌لی تر كه‌ كۆمه‌كی چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ن تێیدا بژین بۆ ماوه‌یه‌ك، پێش ئه‌نجامدانی هێرشی چه‌كدارانه‌ یان خۆكوژانه‌.

وتی له‌كاتی شاڵاوه‌كه‌ی پۆلیسدا هیچ چه‌كدارێك له‌ حه‌شارگه‌كاندا نه‌بوون، به‌ڵام "ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر تی ئێن تی و ته‌قه‌مه‌نیی كاریگه‌ری سی-فۆر له‌ناو كیسه‌دا دۆزرانه‌وه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ ماڵه‌ ئه‌مینه‌كانیشدا هه‌شت بۆمبی ده‌ستكرد و دوو ماتۆڕمان دۆزیه‌وه‌" له‌پاڵ خۆراك و جلوبه‌رگدا.

وتیشی: "ئه‌م حه‌شارگانه‌مان تێكدا و هه‌موو شته‌كانی ناویشیمان له‌ناوبرد."

جێگای خۆشاردنه‌وه‌ نامێنێت

عه‌تیه‌ وتی له‌ كه‌وماڵكردنه‌كه‌ی دیاله‌دا زیاد له‌ ده‌ كه‌سیش ده‌ستگیركران كه‌ داواكرابوون به‌تۆمه‌تی تاوان یان كرده‌ی تێرۆریستی به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 4 ی دژه‌تیرۆر و یاسای سزای عێراقی.

وتیشی: "16 پیاوی داواكراومان ده‌ستگیركرد كه‌ ده‌ستیانهه‌بووه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌ و كوشتاری تێرۆریستی و رفاندندا و فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووبوو."

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌، سادق حوسه‌ینی، به‌ دیارونای وت: "پۆلیسی پارێزگاكه‌ و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ و سوپا هه‌نگاوی گه‌وره‌یان ناوه‌ له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا."

وتی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی پێشوودا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان توانیویانه‌ ده‌یان ماڵی ئه‌مین و حه‌شارگه‌ی چه‌ك و كه‌لوپه‌ل بڕوخێنن، جگه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی زۆر له‌و كه‌سانه‌ی تێوه‌گلاون له‌ تاوانه‌ تێرۆریستیه‌كان و خه‌ڵكی رفێندراویشیان ئازادكردووه‌.

وتیشی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ئێستا پشتگیری له‌و هه‌وڵانه‌ی پاراستنی ئاسایش ده‌كات كه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ "به‌دووی پاشماوه‌ی تێرۆریستان بكه‌ون و هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ نه‌هێڵنه‌وه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌ و خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌".

ره‌واندنه‌وه‌ی ترسه‌كان

حوسه‌ینی وتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی دیاله‌ وه‌ڵامێك بوو بۆ "نیگه‌رانیه‌ به‌جێكان"ی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و به‌رپرسانی تر له‌وه‌ی ئه‌ندامانی داعش بتوانن دزه‌بكه‌نه‌ ناوچه‌كانی باكور و خۆرهه‌ڵاتی دیاله‌.

وتی ئه‌مانه‌ "ناوچه‌ی كراوه‌ن و سروشتێكی جوگرافیی ئاڵۆزیان هه‌یه‌". وتیشی: "به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منیه‌كان ده‌توانێت ئه‌و ترسانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتی: "هیوادارین حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی تری ژێرده‌ستی داعش له‌ باشوری خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك به‌زوترین كات به‌ده‌ستبێنه‌وه‌ تا هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆسه‌ر پارێزگاكه‌مان به‌ته‌واوی نه‌مێنێت."

په‌رله‌مه‌نتاری عێراقی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مان، ئه‌سكه‌نده‌ر ویتویت وتی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منیه‌ گرنگه‌ بۆ "له‌ڕیشه‌كێشانی تێرۆریستان له‌ دیاله‌ و به‌گژاچوونه‌وه‌ی توندی هه‌ڕه‌شه‌كانیان".

ویتویت وتی: "ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ پێویسته‌ بۆ رێگرتن له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی چه‌كدارانی داعش بۆ دزه‌كردنه‌ناو پارێزگاكه‌ له‌ كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی [دیاله‌] و پایته‌خت و پارێزگاكانی دراوسێی بكه‌ن."

وتیشی: "ئه‌م ناوچانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ن" و ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی پشكنینی به‌رده‌وام پێویسته‌ بۆ رێگریکردن له‌ هه‌وڵه‌كانی دزه‌كردن له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌وه‌.

ویتویت داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كرد دوو فیرقه‌ی سه‌ربازیی تر دابمه‌زرێنێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی راده‌ی ئاسایش له‌ دیاله‌ و پارێزگا رزگاركراوه‌كانی تردا.

وتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌هۆی پته‌وكردنی سه‌قامگیری له‌ عێراقدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500