هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

حەوشەی خوێندنگایەك یادی قوربانیانی داعشی تێدادەکرێتەوە

خالید تائی

گەنجانی حود وێنەیەکی گوللەبارانی کانونی یەکەمی 2015ی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'یان لە حەوشەی خوێندنگەی سەرەتایی حود کێشاوە بۆ هێشتنەوەی یادەوەریی ئەو حەوت قوربانییە لاوە بە زیندوویی. [خاوەنی وێنە: شەڕی رزگارکردنی نەینەوا / میدیای جەنگ]

گەنجانی حود وێنەیەکی گوللەبارانی کانونی یەکەمی 2015ی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'یان لە حەوشەی خوێندنگەی سەرەتایی حود کێشاوە بۆ هێشتنەوەی یادەوەریی ئەو حەوت قوربانییە لاوە بە زیندوویی. [خاوەنی وێنە: شەڕی رزگارکردنی نەینەوا / میدیای جەنگ]

لە رۆژێکی ساردی 2015دا، چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) حەوت گەنجیان گوللەبارانکرد لە حەوشەی خوێندنگەی گوندێك لە قەزای گەیارەی پارێزگای نەینەوا، باشوری موسڵ.

گوندییەکان دەڵێن هەرگیز ئەو رۆژە لەبیرناکەن، 28 کانونی یەکەم، کە بەزۆری چەك ناچارکران بێن بۆ خوێندنگەی حودی سەرەتایی.

لەکاتێکدا گوندییەکان -- لەنێویاندا خێزان و خزمی ئەو حەوت گەنجە -- دەیانڕوانی، چەکدارێکی داعش سزای مەرگی دژی ئەوان خوێندەوە، تۆمەتباریکردن بە "جێهێشتنی خاکی خەلافەت".

بەڕێوەبەری قەزای گەیارە و دانیشتووی حود ساڵح جبوری وتی دواتر رێژنەیەك گوللە لە پشتەوە لە سەری قوربانییەکانی دا.

بە دیارونای وت چەکدارانی داعش رۆژێك پێشتر ئەو گەنجانەیان گرتبوو، لەکاتی هەوڵیاندا بۆ هەڵاتن لە گوندەکە بە رووباری دیجلەدا.

"ئەم تاوانە بووە هۆی کاردانەوەیەکی گەورە دژی داعش لەلایەن دانیشتوانەوە،" وتی: "ئەوە یەکەم پریشکی خەباتێکی جەماوەریی بوو دژی ئەو تیرۆرستانە کە نزیکەی ساڵێك مانەوە، تا گوندەکە ئازادکرا."

هێزەکانی عێراق، بە پاڵپشتیی خەڵکی ناوچەکە، حودیان لە سەرەتای هەڵمەتەکەدا بۆ رزگارکردنەوەی نەینەوادا گرتەوە، کە لە 17 تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد.

یادکردنەوەی ژیانی لاوەکان

لەئێستادا حەوشەی خوێندنگاکە کراوەتەوە یادوەریی ئەو کارەساتە.

جبوری وتی گەنجانی گوندەکە بە پێویستیان زانی وێنەی چیرۆکی دڕندەیی گروپەکە لەسەر لەوحە بکێشن و بە دیوارەکانی خوێندنگاکەدا هەڵیبواسن.

وتی: "هەندێك لە وێنەکان چەکدارانی داعش نیشاندەدەن کە جەستەیان مرۆڤە و سەری گورگی رەشیان پێوەیە و چەکەکانیان لەپشتەوە خستۆتە سەر سەری لاوەکان، کە دەستیان بەسترابۆوە و لەسەر زەوی کەوتن بە جلی پرتەقاڵییەوە."

ناو و تەمەنی هەر یەکێك لە قوربانییەکان لەسەر وێنەکە نووسراوە.

جبوری وتی: "خەڵکی گوندەکە حەوشەی خوێندنگاکەیان پاكکردەوە و گوڵ و داریان تێداچاند و ئاڵای عێراقیان لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا هەڵکرد."

سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای گەیارە مەحمود عەبدولڕەحمان تابور بە دیارونای وت لەڕێی ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشانەیەوە، خەڵکی حود ویستیان خەڵکی جیهان لە یەکێك لە قەسابخانەکانی داعش لەدژی مەدەنییە بێچەکەکان ئاگاداربکەنەوە.

وتی، "ویستیان بەشێکی کەم لە دڕندەیی ئەو گروپە نیشانبدەن،" وتیشی کە "دابڕێندراوە لە مرۆڤایەتیی و بەزەیی ناناسێت".

"لەئێستادا حەوشەی خوێندنگاکە بە مەیدانی شەهیدانی حود ناودەبرێت،" وتی: "ئەم شوێنە لەئێستاوە هەموو ساڵێك و لە رۆژی گوللەبارانکردنەکەدا شایەتی یادکردنەوەی گیانی قوربانیان دەبێت تا یادی ئەو تاوانە و هەموو تاوانەکانی دیکەی تیرۆستان بکرێتەوە."

وتی ئەنجومەنی قەزای گەیارە باخی گشتیی دەروازەی قەزاکە دەگۆڕێت بۆ شوێنی کۆبوونەوەی جەماوەریی کە کاری هونەریی، لەوحە و وێنە بۆ یادی ئەو خەڵکەی تێدادەکرێتەوە کە لەلایەن داعشەوە کوژران.

بۆ هەمیشە دڕندە

تابور وتی گروپەکە بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی تاوان تا دوا رۆژیان لە قەزاکەدا، کە نۆ ئەندامی ئەمنیی عێراقی کوشت، لەنێویاندا ئەفسەرێکی لەکارخراوی پلەباڵا، بە تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاریکردنی هێزە رزگارکەرەکان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا عەبدولڕەحمان وەکاع بە دیارونای وت گوندییەکانی حود زۆر بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا لەکاتی داگیرکاریی داعشدا چونکە ئەوان گروپەکەیان رەتکردەوە و دژی فەرمانڕەواییان بوون.

وتی: "سەرەڕای تاوانی گوللەبارانکردنی [حەوت] گەنج، گروپەکە خەڵکی گوندەکەی دەکوشت و هەندێکی ئاوارەکرد کە ناچاربوون لەو دەشتە بژین بەبێ هیچ پێداویستییەکی ژیان."

وەکاع وتی: "زیاد لە 170 کەس لە گوندی حود مردن و نزیکەی 2,500 خێزان بەزۆر لە شوێنی خۆیان ئاوارەکران."

وتی گوللەبارانکردنی ئەو حەوت گەنجە رەمزی ئازارچەشتنی گوندییەکانە بەدەستی داعش و "ئەو قوربانییانەی داویانە بۆ رزگاربوون لە نادادپەوەریی ئەوان."

وەکاع وتی: "ئەو رۆژی کانونی یەکەم هەرگیز لە یادەوەریی خەڵکەکەدا ناسڕدرێتەوە، وەك رۆژێك بۆ هەموو شەهیدانی گوندەکە و رەمزی خەباتی خەڵکەکە دژی داعش."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500