هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خێڵەکانی سوریا پەیوەندی دەکەن بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە شەڕی داعش دا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سەرکردەکانی خێڵی دەهام لە کانونی دووەمدا رایانگەیاند هێزەکانیان، سەنادید، و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەچنەپاڵ یەك لە شەڕیاندا دژی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

سەرکردەکانی خێڵی دەهام لە کانونی دووەمدا رایانگەیاند هێزەکانیان، سەنادید، و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەچنەپاڵ یەك لە شەڕیاندا دژی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

سەنادید، یەکێك لە گەورەترین خێڵەکانی باکوری سوریا، لەم دواییانەدا پەیوەندیکردووە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە شەڕیاندا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

بەرپرسانی سەربازیی وتیان بە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە عەرەبی-کوردییەوە، خەڵك و خێڵە گەورەکانی باکوری سوریا پیشانیدەدەن کە یەکگرتوون لەدژی داعش.

فەرماندەی سەربازیی سەنادید بەندەر حەمیدی دەهام وتی: "هێزەکانی سەنادید چەند هێزێکی سەربازیین و پێکهاتوون لە کەسانی خێڵەکی، بەتایبەت لە خێڵی شەممەر، کە ژمارەیان 4,500 چەکداری هەمیشەییە و ژمارەیەکی هاوشێوەش لە مەدەنییەکانن کە هەرکات پێویستی کرد دەکرێت بانگهێشتبکرێن."

بە دیارونای وت: "لە 2013دا دامەزرێنران بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆ و ئەو هەڕەشەیەی لە تەشەنەکردنی داعشدا بەدیدەکرا."

دەهام وتی ئەم هێزانە کۆنترۆڵی ناوچەکانی تەل کۆچەر، تەل حەمیس و ژمارەیەك ناوچەی دیکە دەکەن لە پارێزگای حەسەکە.

وتیشی: "لەئێستادا لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کاردەکەن، کە گرنگە بۆ یەکخستنی هەوڵ و هێزەکان بە مەبەستی لەناوبردنی گروپەکە."

وتی گروپەکە پەیوەندییەکی "نایاب"ی هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ناو هاوپەیمانێتییەکەدا، لەناویاندا هێزە کوردی و ئاشورییەکان.

یەکگرتوو دژی داعش

واحید خەڵەف کە خەڵکی گوندی خەڵەف بەگی تازە رزگارکراوی رەققەیە و بەشداری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات دەکات وتی: "پەیوەندیکردنی سەنادید بە هاوپەیمانێتییەکەوە پێشهاتێکی زۆر گرنگە و خاڵی وەرچەرخانە لە شەڕی دژی داعشدا."

بە دیارونای وت ئەوە گرنگە چونکە راستەوخۆ بانگەشەی داعش بۆ بوونی ناکۆکی لەنێوان عەرەب و کورد رەتدەکاتەوە، بە ئاماژەکردن بەوەی گروپەکە ویستوویەتی خێڵە عەرەبەکان لە خۆی نزیکبکاتەوە بە پاساوی پاراستنیان لە کوردەکان.

وتیشی خێڵەکان شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەوەستن، بە هەموو پێکهاتە ئێتنیەکانەوە، کە "لێدانێکی گورچکبڕە بۆ ئەو گروپە" و لە بایەخی هەوڵەکانی کەمدەکاتەوە بۆ چاندنی دووبەرەکیی.

خەڵەف وتی: "یەکخستنی هێزەکان کە شەڕی دژی داعش دەکەن لەژێر چەتری ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا پێویستە و گرنگە بۆ هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ناوچەی رەققە."

وتیشی: "ناوچەکە فراوانە و وا دەخوازێت گشت خەڵکی ناوچەکە کاربکەن تا بەتەواوی رووماڵی بکەن و بیپارێزن."

خەڵەف وتی ئەو خێڵانەی پەیوەندی بە هاوپەیمانێتییەکەوە دەکەن و پاڵپشتی سەرکردە خێڵەکییەکان بۆ ئەم هێزانە دەبێت "پێکهاتەی عەرەبی ناوچەکە دڵنیابکاتەوە"، چونکە ئەمە پشتڕاستیدەکاتەوە کە عەرەب هەڵنەوێردراوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا و "لە داهاتووشدا هەڵناوێردرێت".

وتی ئەم پاڵپشتییە راگواستنی هاوڵاتیان ئاسانتر و خێراتر دەکات لەو ناوچانەی دەشێت ببنە ناوچەی شەڕ لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردندا.

کە دەچنە ناو ناوچەکانی ژێردەستی داعشەوە چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات زۆربەی مەدەنییەکان دەگوازنەوە تا دڵنیابن لە سەلامەتییان و شوێنی داڵدانی کاتییان دامەزراندووە تا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دێت و ناوچەکە لە مین و بۆمب پاکدەکرێتەوە.

زۆر خێڵ پەیوەندیی بە هاوپەیمانێتییەکەوە دەکەن

محەمەد عەبدوڵا کە رۆژنامەنووسێکی سورییە و لە قاهیرە دەژی وتی زۆرێك لە خێڵەکانی ناوچەکە شوێنپێی شەممەریان هەڵگرتووە و رایدەگەیەنن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدان، لەنێویاندا خێڵەکانی نێو هێزی تایبەتی سوریا، باڵی سەربازیی غەد سوری (داهاتووی سوریا).

خێڵەکانی رەققە پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندووە و داوایان لە گەنجانی ناوچەکە کردووە پەیوەندی بکەن بە ریزەکانیانەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش.

ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی 16 کانوونی دووەم هات کە لەلایەن سەرکردەی خێڵی وەلدا شێخ سەعید مەحمود دەبساوە بەڕێوەبرا. وەلدا یەکێكە لە گەورەترین خێڵەکانی رەققە.

وتی: "پاڵپشتیی خێڵەکان لە شەڕی دژی داعشدا زۆر گرنگە، چونکە ئەم خێڵانە بوونیان هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا."

وتی لەگەڵ ئەوەشدا، بوونیان تەنیا لە سوریادا نیە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ عێراق و بەتایبەت موسڵ، بەهەمان شێوەی خێڵی دەهام.

عەبدوڵا وتی کۆبوونەوەی خەڵکی باکوری سوریا لە دەوری هێزەکانی سوریای دیموکرات لەژێر "چەترێکی سەربازیی یەکگرتوودا پشیتوانیی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاددەکات بە ئامانجی لەناوبردنی داعش".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500