هه‌ڵمه‌تێكی پاكردنه‌وه‌ی گه‌وره به‌رده‌وامه له شاری فه‌لوجه بۆ پاكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی له خۆڵ و خاشاك و داروپەردووی زیاتر له دوو ساڵ حوكمی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
كۆمه‌ڵێك رێكخراوی مه‌ده‌نی و مرۆیی، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشانی لاو له فه‌لوجه، به‌شداریده‌كه‌ن له هه‌ڵمه‌تێكی سێ مانگی‌دا بۆ پاكردنه‌وه‌ی شه‌قام و مه‌یدانه‌كانی شاره‌كه و بۆیه‌كردنی شۆسته‌كان و چاندنی گوڵ و دره‌ختی هه‌میشه سه‌وز.
ئه‌حمه‌د سه‌لام له به‌ڕێوبه‌رێتی شاره‌وانیی ئه‌نبار به دیارونای وت حكومه‌تی ناوخۆیی و شاره‌وانی چه‌ندین ئۆتۆمبیل و كه‌پسكه‌ری خۆڵیان دابینكردووه بۆ گواستنه‌وه‌ی پاشەڕۆکان بۆ سه‌لوێنكه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی شار، له پشتگیرییاندا بۆ هه‌ڵمه‌تی خۆبه‌خشیه‌كه.
وتی: "ئه‌مه یه‌كێكه له گرنگترین هه‌ڵمه‌ته‌كانی لاوان و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنیی هه‌بووه بۆ هاندانی ژماره‌یه‌كی زۆر له دانیشتوانی فه‌لوجه بۆ به‌شداریكردن تێیدا."
هه‌وڵی پێكه‌وه‌یی
یه‌كێك له رێكخه‌رانی هه‌ڵمه‌ته‌كه، محه‌مه‌د راوی، وتی: "ئه‌م هه‌ڵمه‌تی خۆبه‌خشیه به به‌شداریی رێكخراوه مه‌ده‌نی و مرۆییه‌كان و پشتگیریی دانیشتوانی فه‌لوجه ئەنجامدرا و په‌یوه‌ندیی نیه به هیچ پارتێكی سیاسی یان فراکسیۆنێكه‌وه."
راوی به دیارونای وت ئامانجی هه‌ڵمه‌ته‌كه پاكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه و به‌شداریپێكردنی لاوانه له‌م هه‌وڵه‌دا و پشتگیریكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت له‌م رووەوە.
داموده‌زگا حكومیه‌كانیش بێپشوودان كاریانكردووه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان و هێنانه‌دیی ئاسایش دوای ئه‌و وێرانكاریه گه‌وره‌یه‌ی داعش ئه‌نجامیداوه.
وتیشی هێزه‌كانی عێراق ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری تەپۆلکەی خۆڵوخاشاكه‌كانیان ئه‌مینكردووه كه له‌سه‌رتاسه‌ری شاره‌كه‌دا هەن و پشكنیویانن بۆ ته‌قه‌مه‌نی و پاشماوه‌كانی شه‌ڕ پێشئه‌وه‌ی لۆریه‌كان پاشەڕۆکان لابه‌رن.
كارمه‌ندان و كرێكارانی شاره‌وانی له فه‌رمانگه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆش كیسه‌ی خۆڵی تایبه‌تییان به‌سه‌ر ماڵان و دوكانه‌كاندا دابه‌شكردووه و چه‌ندین حاویه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵوخاشاكیشیان له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه داناوه.
رێكخه‌رێكی تری هه‌ڵمه‌ته‌كه، ئیبراهیم عه‌واد جومه‌یلی، وتی: "وه‌ك به‌شێك له هه‌ڵمه‌ته‌كه، شاره‌وانیی فه‌لوجه چه‌ندین ته‌نه‌كه‌ی خۆڵیان دابینكردووه بۆ دانیشتوان، هه‌ندێكیان له پلاستیك و هه‌ندێكیان له كانزان."
وتیشی: "لاوانی فه‌لوجه، پیاوماقوڵان و ته‌نانه‌ت مامۆستایان و خوێندكارانیش هه‌موو به‌شداریده‌كه‌ن له پاكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانیان و قوتابخانه و ناوچه گشتیه‌كاندا به خۆبه‌خش." هه‌روه‌ها وتی هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ چاكردنه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌روازه‌ی تێكدراوی تۆڕه‌كانی ئاوه‌ڕۆ.
جومه‌یلی به دیارونای وت هه‌ڵمه‌ته‌كه هه‌موو فه‌لوجه ده‌گرێته‌وه و به‌زووترین كات هه‌ڵمه‌تی پاكردنه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ی تریش دەستپێدەکات له‌و شارانه‌ی تری ئه‌نبار كه له‌ده‌ست داعش رزگاركراون.
یه‌كێك له خۆبه‌خشه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی فه‌لوجه، ساڵح محه‌مه‌د نوعه‌یمی، وتی بونیادنانه‌وه و خستنه‌وه‌گه‌ڕی خزمه‌تگوزاری و پڕۆژه زیانپێگه‌یشتووه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ فه‌لوجه نابێت هه‌ر ته‌نها به كۆششی حكومه‌ت بێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو هاوڵاتیان تێیدا به‌شداربن.
نوعه‌یمی به دیارونای وت: "ئه‌مڕۆ پێوویستمان به هه‌موو كه‌سێكه كۆببنه‌وه و ناوچه‌كانمان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی له‌وه‌به‌ر تێیدابوون."
سڕینه‌وه‌ی حوكمی داعش
نوعه‌یمی وتیشی: "خه‌ڵكی فه‌لوجه زۆر هاوكاریی كرێكارانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان كردووه و خۆڵوخاشاك و پاشەڕۆیان كۆكردۆته‌وه و كۆمه‌كی ئۆتۆمبیله‌كانیان كردووه لایانبه‌رن و دره‌خت و گوڵیان له مه‌یدان و سه‌رشۆسته‌كان چاندووه."
وتی هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی فه‌لوجه پێكهاتووه له لابردنی ئەو پۆسته‌ر و مۆنیومێنتانەی له داعش به‌جێماون پێش به‌جێهێشتنی شاره‌كه و بۆیه‌كردنه‌وه‌ی شۆسته‌كان كه له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانیه‌وه به بۆیه‌ی ره‌ش بۆیه‌كرابوون.
دانیشتوویه‌كی فه‌لوجه، حه‌سه‌ن داود شه‌عبانی، 44 ساڵ، وتی هه‌ڵمه‌تی پاكردنه‌وه‌كه "زۆر گه‌وره‌یه" و "خۆشحاڵ بووم كه بینیم لاوان و پیاوان كار بۆ لابردنی خۆڵوخاشاك و ته‌نانه‌ت داروپه‌ردووی خانووه روخاوه‌كانیش ده‌كه‌ن و كیسه‌ی خۆڵ دابه‌شده‌كه‌ن و جێگاكان دیاریده‌كه‌ن بۆ دانانی حاویه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵوخاشاك."
وتیشی: "ئه‌م قوناغه‌ی ئێستا پێویستی به هه‌ڵمه‌تی زیاتر هه‌یه بۆ پاكردنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و كردنه‌وه‌ی رێگاكان و چاكردنه‌وه‌ی كونوكه‌له‌به‌ره‌كانی سه‌ر رێگا سه‌ره‌كی و لاڕێكان كه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه ده‌ستكرده‌كان و ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی تره‌وه دروستبوون كه داعش چاندبوونی له چه‌ند ساڵی رابردوودا."
هه‌روه‌ها وتی: "پێویستمان به هه‌ڵمه‌تی خۆبه‌خشانه‌ی تری لاوان هه‌یه وه‌ك ئه‌مه‌ی فه‌لوجه و شارانی تری ئه‌نبار به پشتگیریی حكومه‌تی ناوخۆ تا بتوانن ژیان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ پارێزگاكه."