هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی ژنان

ئافرەتە عەرەبەکانی سوریا شەڕی داعش و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن

ئاژانسی فرانس پرێس

دۆزا جیهانی تەمەن 21 ساڵ کە شەڕکەرێکی کچی عەرەبە لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لەناو هاوڕێکانیدا وەستاوە لە نزیك گوندی تۆرشان، لە قەراغ رەققە هەینی 6 ی مانگ. [دەلیل سولەیمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

دۆزا جیهانی تەمەن 21 ساڵ کە شەڕکەرێکی کچی عەرەبە لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لەناو هاوڕێکانیدا وەستاوە لە نزیك گوندی تۆرشان، لە قەراغ رەققە هەینی 6 ی مانگ. [دەلیل سولەیمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەوان شەڕدەکەن دژی ترسناکترین توندڕەوەکانی جیهان، بەڵام سەدان شەڕکەری کچی عەرەب کە دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەجەنگن لە سوریا هەروەها روبەڕوی رەتکردنەوە دەبنەوە لەلایەن خزم و کۆمەڵەکەیانەوە.

باتولی تەمەن 21 ساڵ کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکی عەرەب و کورد بۆ شەڕی گرتنەوەی رەققەی پێگەی بەهێزی داعش وتی.

بەگوێرەی وتەبێژێکی ئافرەت، ئەو یەکێکە لەو زیاتر لە 1,000 ژنە عەرەبەی کە پەیوەندیانکردووە بە شەڕکەرە کوڕ و کچەکانی کوردەوە لە هاوپەیمانێتی ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات.

لەکاتی وەستانی لە بیابانەکە بە دوری نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە رەقە، باتول بە پەرۆشەوە قسەدەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی بۆ جەنگان دژی داعش، کە گوندی تۆرشانی نزیك ناوچەکەی لەژێردەستدایە.

بەڵام ئەو شانازی دەکات بەو بڕیارەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر داویەتی بۆ پەیوەندیکردن بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە، هێزی ژنانی هاوشانی یەکینەکانی پاراستی گەلی کورد، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

باتول وتی: "من پەیوەندیم بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە کرد بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەم، بەڵام بۆ ئازادکردنی ژنانیش لە کۆیلەیی."

"ئێمە نابێت هەر لەناو چوار دیواردا بە داخراوی بمێنینەوە."

'چەکەکەم بەشێکە لە من'

کورد و عەرەبی سوریا دژی داعش دەجەنگن لە کۆتایی 2015 ەوە، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی و پاڵپشتی تر لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گروپەکە.

بەڵام شەڕی ئەمدوایە بۆ گرتنەوەی رەققە یەکەم جارە باتول بچێتە بەرەکانی جەنگ، کە نەڕەی فرۆکە جەنگیەکان دێت لە ئاسمانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی، و هاوەن لە دوری ناوچەکە دەتەقنەوە.

ئەو وتی: "یەکەم جار کە چەکم هەڵگرت، من زۆر دەترسام."

"بەڵام ئێستا چەکەکەم بووەتە بەشێك لە من. ئەو ئازادم دەکات و دەمپارێزێت."

ئەو بە عەرەبی قسەدەکات، بەڵام رستەکانی بە وشەی کوردیش ترش و خوێ کراون کە لە هاوڕێ شەڕکەرەکانیەوە فێربووە.

"پەیوەندی نێوان ئێمە و ژنە کوردەکان باشە. ئێمە بە هەمان زمان قسە ناکەین، بەڵام هەمومان لێرەین بۆ ئازادکردنی وڵات و ژنەکان."

وتەبێژی هەڵمەتی سەر رەققە، جیهان شێخ ئەحمەد، وتی کە ئێستا زیاتر لە 1,000 ئافرەتی عەرەبی لە ریزەکانی هێزەکانی سوریای دێموکراتدا هەیە.

ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەزمونی یەکینەکانی پاراستنی ژنان کاریگەری ئەرێنی هەبووە بۆ سەر کۆمەڵگا."

"تا زیاتر سنور رزگاربکەین، شەڕکەری ژنی عەرەب زیاتر پەیوەندیمان پێوەدەکەن."

لە خێوەتێکدا لە نزیك بەرەکانی جەنگ، شەش شەڕکەری ژنی گەنجی عەرەب یاری دەکەن و نهێنیەکان باسدەکەن لەگەڵ قوملێدانی چادا.

'هەمان ماف وەك پیاو'

هێڤی دیلیرین، کە ژنێکی عەرەبە و نازناوێکی گەریلای کوردی لەخۆی ناوە کاتێك پەیوەندی بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە کردووە، وتی: "ئامانجی من ئەوەیە کە ژن ئازادبکەم لە جەوروستەمی داعش، لەگەڵ جەوروستەمی کۆمەڵگا."

دیلیرین کە چاکەتێکی مغاویری لەبەرە لەگەڵ پێڵاوی سپی و رەساسی وتی: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ژن هیچ قسەیەکی نیە. بەڵام پێویستە کە هەمان مافی هەبێت وەك پیاو."

کوردەکانی سوریا جەختیان لە یەکسانی رەگەز کردۆتەوە لە هەردوو هێزی میلیشیا و دەزگا تازە دامەزراوەکانیاندا.

بەڵام هۆزە عەرەبەکانی ئەوێ زیاتر یەکێکن لە بەشە کۆنخوازەکەی دانیشتوان، و دۆزە جییانی تەمەن 21 ساڵ دەڵێت کە زۆربەی خێزانە عەرەبەکان بیرۆکەی شەڕکەری ژن "بە ئەستەم قبوڵ دەکەن."

جییان کە خەڵکی شارۆچکەی رەئس عەینە لە پارێزگای حەسەکە وتی: "لە کۆمەڵگای ئێمەی سوریدا، شتێکی سەیرە بۆ ژن کە چەك هەڵبگرێت."

بەڵام ئەو بە بڕوابەخۆبوونەوە قسەدەکات کاتێك بارودۆخی سەربازی تاوتوێ دەکات لەگەڵ هاوەڵە پیاوەکانیدا.

وتیشی: "لەمەو بەدوا داعش شتێك نیە نەبەزێندرێت، ئەوان تەنیا بە ماتۆرسکیل شەڕدەکەن و گوندەکان مینڕێژ دەکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەمە فەلسەفەی ئەو پیاوە مەزنەیە، عەبدوڵا ئۆجالان.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌