هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خەڵکی خۆرهەڵاتی موسڵ دەگەڕێنەوە تا ژیانی ئاساییان دەستپێبکەنەوە

خالید تائی

image

کوڕە لاوەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ مانگی رابوردوو ئاهەنگی ئازادبوونی گەڕەکەکانیان لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' گێڕا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی زانیاریی نەینەوا]

هەستی ئاسایبوونەوە بۆ خۆرهەڵاتی موسڵ دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی هەزاران کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵو‌حاڵی خۆیان و هەوڵدەدەن ژیانی پێشوویان زیندووبکەنەوە.

کاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە 2014دا هاتە ناو موسڵەوە، ساڵۆنەکەی مەروان حەیالییان داخست بەوەی وتیان لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێت.

حەیالی بە دیارونای وت گروپەکە "ئەم پیشەیەی بە رەهایی قەدەغەکرد" کە ناچاریکرد هەندێك لە شمەکی نێو دوکانەکەی بفرۆشێت بەهۆی پێداویستییەوە.

لەئێستادا کە هێزەکانی حکومەتی عێراق چەکدارەکانیان لە خۆرهەڵاتی موسڵ بەدەرناوە و ئامادەن هێرشبکەنە سەر خۆرئاوای، حەیالی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی زەهرا دوای بەسەربردنی نزیکەی دوو مانگ لە کەمپی ئاوارەکاندا و لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپی حەسەن شام.

وتی: "تا ئەم ساتەش نەمدەتوانی هەست بە خۆشی پشوودان و دڵنیایی بکەم."

"سوپاسی خودا دەکەم بۆ بەرەکەتی ئازادبوون؛ ئێمە زیندووبووین، بەڵام لەڕاستیدا مردووبووین،" وتی: "گەڕەکەکەمان لە ئێستادا ئاسایشی هەیە و دەرگای دووکانەکان کراونەتەوە."

دەستپێکردنەوەی لەسەرخۆی خزمەتگوزارییەکان

"تەنیا خزمەتگوزارییمان پێویستە،" حەیالی وتی: "لەئێستادا بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە و کارەبا بڕانەوە دەناڵێنین، بەڵام هەموو شتێك دەگەڕێتەوە سەر دۆخی پێشووی خۆی چونکە چالاکیی بەرچاو دەبینین لەلایەن بەڕێوەبەرێتییە خزمەتگوزارییەکانەوە."

حەیالی وتی بەمدواییانە پارەی قەرزکردووە بۆ کردنەوەی دووکانەکەی و دەستیکردۆتەوە بە کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکەی.

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عیبار وتی ژیان بەخێرایی دەگەڕێتەوە نێو خۆرهەڵاتی موسڵ.

بە دیارونای وتی کارمەندی بەڕێوەبەرێتییە خزمەتگوزارییەکان بێ ماندووبوون کاردەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەموو خزمەتگوزارییەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی شەڕی داعش سەرەڕای تەحەداکان.

وتی: "لەئێستادا شارەوانی موسڵ تەنیا 30 ئۆتۆمبیلی لابردنی خۆڵ و پاشەڕۆی هەیە چونکە زۆرینەیان لەلایەن تیرۆرستانەوە دزراون یان تێکشکێنراون."

عیبار وتی، "ئاوی خواردنەوەمان گەڕاندۆتەوە بۆ گەڕەکەکانی سومەر، وەحدە و فەلەستین، دوای بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی ئاوی ساهیرون،" وتیشی کە کارکردن بەردەوامە بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر پڕۆژەکانی قوسور و قوببە کەوتوون بۆ پێدانی ئاو بەو گەڕەکانەی کە ماون.

وتیشی بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە سەربازییەکاندا، کاری بنیاتنانەوە بەردەوامە لە بەشە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەك کارەبا، تەندروستی و پەروەردەدا.

عیبار وتی وەك هەنگاوی یەکەم، حکومەتی خۆجێیی یارمەتیداوین لە کارئاسانییکردنی مامەڵەکان بۆ پێدانی موچە دواکەوتووەکان بۆ کارمەندەکانی وەزارەتی پەروەردە، شارەوانی و پیشەسازی.

وتی لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی بنەڕەتییە.

قەرەبووکردنەوەی خەڵکە زیانلێکراوەکە

وتیشی: "دوای ئەوەی دۆخەکە جێگیردەبێت و دادگا تایبەتەکان دەکرێنەوە، لیژنە دەوڵەتییەکان پێکدێن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کار و موڵکیان زیانی بەرکەوتووە بەهۆی تیرۆریزمەوە."

پەرلەمانتاری عێراق لە پارێزگای نەینەوا ئەحمەد مەدلول جەربا بە دیارونای وت داعش بە ئەنقەست زۆر پرۆژەی ژێرخانی تێکداوە لە موسڵ دوای ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە.

وتی: "هەوڵەکانی بنیاتنانەوە بەردەوامن، بەڵام دەبێت هەوڵەکان دووقات بکرێن و کارەکان زیادبکرێن چونکە ناوچەکە تازە لە شەڕ رزگاری بووە و خەڵکەکە پێویستییەکی دەستبەجێیان بە خزمەتگوزاریی و بەرنامەکانی کۆمەكی مرۆیی هەیە."

وتی، "زۆرێك لە هاوڵاتیانی موسڵ زیان بەر موڵکەکانیان کەوتووە و هەندێکیان کار و سەرچاوەی رۆزییان لەدەستچووە". داوای پلانێکی چڕوپڕی کرد بۆ یارمەتیدانی هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی جێگری بەڕێوەبەری ژووری ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاریی لە هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق عەلی عەباس، لەنێوان 17-26ی کانونی دووەمدا، لانیکەم 10,000 ئاوارەبوو گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە ناوچەکانی گۆگجەلی، سەماح، قادسیە و عەدەن.

وتی: "هەموو ئەوانەی گەڕاونەتەوە لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شامدا ئاوارەبووبوون لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەدا و هەر کە گەڕەکەکانیان گیرانەوە، دەستبەجێ بڕیاریاندا بگەڕێنەوە."

عەباس بە دیارونای وت نزیکەی 60,000 ئاوارە هێشتا لەو دوو کەمپەدا دەژین.

وتی پێداویستی گەرمکردنەوە، چێشتلێنان، لێفە و سەبەتەی خواردن بۆ گەڕاوەکان دابینکراوە تا یارمەتیان بدات و کەمێ باری سەر شانیان سووك بکات تا ئەوکاتەی بەتەواوی دەتوانن ژیانی پێشوویان دەستپێبکەنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500