هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

تۆڕی نەینەوا نان بۆ ئاوارەکانی موسڵ کۆدەکاتەوە

عەلا حسێن لە بەغدا

ئاوارەکان کۆمەك لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. [خاوەنی وێنە: تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەوا]

ئاوارەکان کۆمەك لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. [خاوەنی وێنە: تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەوا]

تۆڕی پارێزگای نەینەوا بۆ خۆبەخشە مەدەنیەکان ئامانجێکی داناوە بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی یەك ملیۆن پارچە نان بۆ ئاوارەکانی موسڵ.

زیاتر لە 150,000 ئاوارەی موسڵ پەنایان بۆ کەمپەکانی نزیك بە شارەکە بردووە کە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە دامەزرێنراوە، دوای هەڵاتنیان لە ماڵباتی خۆیان لەکاتی شەڕی رزگارکردنەوەی شارەکە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

لەکاتی چاوەڕانیاندا بۆ کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، روبەڕوی دۆخێکی سەخت دەبنەوە، وەك کەشی زستان و کورتهێنانی خواردەمەنی سەرەتایی.

بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی رۆژانەیان، چالاکوانە ناوخۆییەکان کەمپینێکیان بۆ کۆکردنەوەی نان لە خەڵکی ناوچەکە دەستپێکردوە، تا بەسەر کەمپی ئاوارەکاندا دابەشی بکەن.

داوا لە هەموو خەڵکی ناوچەکە کراوە کە بەشداری بکەن بەو نانەی دروستی دەکەن یاخود دەیکڕن، بە ئامانجی ئەوەی یەك ملیۆن نان دابەشبکەن.

بەرپرسی میدیایی موهەنەد عەومەری وتی دەستپێشخەریەکە لەلایەن تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە رێکخراوە، کە تۆڕێکی مەدەنیی خۆبەخشانە.

بە دیارونای وت: "بیرۆکەکە ئامانجیەتی هاوڵاتیان ئاگاداربکاتەوە لە نیگەرانیەکانی ئاوارەکان بە بەشکردنی پارچەیەك نان لەگەڵیان، بە هەموو ئەو مانا زۆرەی نان هەیەتی بۆ خێزانە عێراقیەکان."

عەومەری وتی دەستپێشخەرییەکەی خستۆتەگەڕ دوای بەدەستگەیشتنی چەندین پێشنیاز لەلایەن عێراقیەکانەوە، لە هەموو ئایین و پێگەی کۆمەڵایەتی جیاواز، بۆ بەخشینی نان.

وتی زۆربەی بەخشەرەکان خەڵکی پارێزگای نەینەوان، یاخود هەرێمی کوردستانی دراوسێی.

عەومەری وتی ئەو لەگەڵ بەخشەرەکان کات و شوێنی کۆکردنەوەی نانەکان رێکدەخات، کە دواتر لەلایەن خۆبەخشانەوە بەسەر کەمپی ئاوارەکاندا دابەشدەکرێن.

وتی: "نانەکان بەسەر ئاوارەکانی کەمپی خازر، حەسەن شام و جەدەدا دابەشدەکرێن، کە دەیان هەزار ئاوارەی لێدەژی."

دەستپێشخەری مرۆیی

عەومەری وتی لەگەڵ دابەشکردنی ناندا، تۆڕەکە بەشداری لە هەندێك دەستپێشخەریی دیکەشدا کردووە لە کەمپی ئاوارەکاندا لە نزیك موسڵ.

وتی لە ئێوارەی سەری ساڵدا، تۆڕەکە ئاهەنگێکی لە کەمپی حەسەن شام سازکرد "کە دیاری و خۆراك دابەشدەکرا".

وتیشی تۆڕەکە وانەی سەرەتایی خوێندنی بۆ منداڵانیش ئامادەکردووە لە کەمپەکاندا بۆ ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنگە.

هاوکات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ساڵی رابوردوو رایگەیاند کە بە سەدان هەزار سەبەتەی خواردن و کۆمەكی هاوشێوەی لە کەمپی ئاوارەکانی موسڵ و ناوچە رزگارکراوەکانی موسڵدا دابەشکردووە.

بەڕێوەبەری بەشی هەماهەنگیی وەزارەتەکە محەمەد ناجی بە دیارونای وت: "ژمارەی ئەو کۆمەکەی دابەشکراوە بەسەر ئاوارەکاندا لەلایەن وەزارەتەوە لە 2016دا، بەگوێرەی داتا فەرمیەکان، 630,000 سەبەتەی خۆراك کە چەندین بەرهەمی خۆراکی پێویست و جیاوازیی تێدابووە."

وتی بەڵام دابەشکردنی خۆراك تەنیا یەك رووی ئیشی وەزارەتە لە ناوچەکەدا، بە ئاماژەکردن بەوەی "هەموو ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپەکاندا نیشتەجێکراون کە پێشتر دروستکراون و خزمەتگوزارییان پێگەیەنراوە بەگوێرەی ستاندەرە پێویستەکان".

موهەنەد ساڵح عەبدولڕەحیم کە سەرپەرشتی هەوڵە هونەرییەکانی وەزارەت دەکات وتی پرۆسەی دابەشکردنەکان تەنیا بۆ کەمپی ئاوارەکان نیە بەڵکو نشینگە تازە-رزگارکراوەکانیشی تێدایە کە مانەوەیان هەڵبژاردووە لە شوێنی خۆیان.

بە دیارونای وت: "وەزارەت هەمەهانگی ئەکات لەگەڵ ئاژانسەکانی بەرهەمی خۆراکییدا لەو گەڕەکانە بۆ کۆکردنەوەی کارتی خۆراك بۆ خێزانەکانیان، دواتریش وەزارەت کۆمەك دەنێرێت و بەگوێرەی ژمارەی کارتەکان دابەشیدەکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500