ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئامێره‌كانی راگه‌یاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه خراوه‌ته‌گه‌ڕ، شه‌ڕ له موسڵ "بونیادی لاوازی" گروپه‌كه‌ی ده‌رخستووه، به‌رپرسان و شرۆڤه‌وانانی عێراقی به دیارونایان وت.
وتیان له‌كاتێكدا داعش ئیدیعای ئه‌وه ده‌كات ریزه‌كانی یه‌كگرتو و پته‌ون، حاڵه‌تی راسته‌قینه‌ی گروپه‌كه ده‌ركه‌وت و ئاماژه‌شیان به‌وه كرد كه سه‌رلێوه له ناكۆكی شه‌خسیی نێوان سه‌ركرده‌كانی و هه‌ندێك جاریش ململانێی خوێناوی له‌نێوانیاندا.
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، شێخ بنیان جه‌ربا، وتی دڕنده‌یی و بایه‌خنه‌دانی گروپه‌كه به ژیان هه‌ر به‌رامبه‌ر دوژمن نیه، به‌ڵكو له‌نێوان ئه‌ندامانی خۆشی‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
جه‌ربا به دیارونای وت: "هه‌موو رۆژێك زانیاریمان پێده‌گات له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی موسڵه‌وه كه هێشتا له‌ژێرده‌ستی داعشدان كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ناكۆكی و دابه‌شبوونی جددی له‌نێوان ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه خۆیاندا هه‌یه."
وتی ئه‌و ناكۆكیانه به‌زۆری له‌وه‌دا كۆبووه‌ته‌وه كه چۆن ئیداره‌ی شه‌ڕ بكرێت. هه‌روه‌ها وتی دیارنه‌مانی زۆر له سه‌ركرده باڵاكانی گروپه‌كه له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ئه‌و دابه‌شبوونانه‌ی چڕتركردۆته‌وه.
وتیشی زۆر له فه‌رمانده‌كانی داعش "له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان هه‌ڵهاتوون و ژێرده‌سته‌كانیان به‌جێهێشتووه ، هه‌م فه‌رمانده نزمترهكانیان و هه‌م ئه‌ندامه ئاساییه‌كانیان، بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی دیاریان كه له‌ناوچوونه به‌ده‌ستی سوپا و پۆلیس".
جه‌ربا وتی: "ئه‌م پشتتێكردنانه ناڕه‌زایی و توڕه‌یی لێكه‌وتۆته‌وه له‌نێو چه‌كدارانی داعشدا له سه‌ركرده‌كانیان و بووه‌ته‌هۆی ورهبهردانێكی یه‌كجار زۆر."
وتیشی ئه‌م ناكۆكیانه زۆر زهحمهتتری كردووه بۆ داعش تا هانی چه‌كداره‌كانی بدات هێرش به‌رپابكه‌ن و هه‌روه‌ها وتی: "كرده‌ی خۆكوژی بووه‌ته دواهه‌مین هه‌ڵبژارده‌یان بۆ بیرچوونه‌وه‌ی تاڵیی تێكشكاندنیان."
زیادبوونی گرژیوئاڵۆزییە ناوخۆییه‌كان
به‌پرسی راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له موسڵ، سه‌عید مه‌موزینی، به دیارونای وت ناكۆكیی نێوان ئه‌ندامانی داعش ماوه‌ی ساڵێكه له كهفوكوڵدایه.
مه‌موزینی وتی: "شه‌ڕی رزگاركردنی موسڵ ئه‌و لێكترازانه‌ی بهرفراوانتركردووه كه گروپه‌كه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌یناڵاند و له ساڵی رابردووه‌وه بووته‌هۆی مردنی لانیكه‌م 300 تێرۆریستی داعش."
وتیشی: "به‌ده‌گمه‌ن رۆژێك تێده‌په‌ڕێت و هه‌واڵی هه‌ڵهاتنی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعشمان پێنه‌گات له موسڵه‌وه به‌ره‌و شاری ره‌ققه [له سوریا]."
وتی له سه‌ره‌تای كانونی یه‌كه‌مدا سه‌ركرده‌یه‌كی داعش، ناسروا به ئه‌بو ئه‌ناس سوری، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵهات بۆ سوریا.
هه‌روه‌ها وتی: "ناكۆكیی نێوان ئه‌ندامانی داعش گه‌یشتۆته لوتكه‌ی. حاڵه‌تی داڕمان و ئه‌و تێكشكانه یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی گروپه‌كه به‌سه‌ری هاتووه، به‌شه‌ڕهاتنی نێوان ئه‌ندامانی گهرمتركردووه."
مه‌موزینی وتی رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر هێڵه‌كانی به‌رگری و بهرهنگاریكردن له‌م هه‌فتانه‌ی دواییدا پێكدادانی چه‌كدارانه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه له‌نێو ئه‌ندامانی داعشدا له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی هێشتا له‌ژێرده‌ستی گروپهكهدان، وه‌ك یه‌رموك كه پێكدادانی خوێناویی لێ روودا.
سه‌ركردایه‌تی پشتگیری له‌ده‌ستده‌دات
زانیاریه هه‌واڵگریه‌كان ئه‌وه پیشانده‌ده‌ن كه "دابه‌شبوونه‌كان گه‌یشتوونه‌ته خاڵێك كه هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی داعش ته‌نانه‌ت داواده‌كه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له سه‌ركرده‌یی لابه‌رن به‌هۆی خراپ به‌ڕێوه‌بردن و به‌رپرسیارێتیی له تێكشكانه‌كان "، مه‌موزینی وتی.
له‌ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق هێرشێك به‌رپابكه‌ن بۆ رزگاركردنی موسڵ، هه‌واڵه‌كان ده‌ریانخست به‌غدادی پلانێكی سهركوتكردبوو بۆ لابردنی له سه‌ركردایه‌تی.
مه‌موزینی وتی ده‌یان له‌وانه‌ی ده‌ستیان تێدا هه‌بوو له ئاودا خنكێنران، له‌وانه "پێنج سه‌ركرده‌ی نزیك له به‌غدادیه‌وه". ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه ره‌نگه كه‌سانی تریش هه‌وڵی ئه‌نجامدانی هه‌مان كرده بده‌ن ئه‌گه‌ر تێكشكانه‌كانی داعش به‌رده‌وام بن.
شاره‌زای ستراتیژی و ئه‌فسه‌ری سه‌ربازیی پێشووی عێراقی، ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، وتی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی دژ به داعش به‌ده‌ستهاتوون، لاوازیی بونیادی گروپه‌كه‌یان خستۆته‌ڕوو.
شه‌ریفی به دیارونای وت كه هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه لاوازه‌كانی نێوان ئه‌ندامانی داعشی ده‌رخستووه كه گروپه‌كه له‌ڕێی پڕوپاگهندهكهیهوه هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی داوه.
وتی: "شه‌ڕه‌كه په‌رده‌ی له‌سه‌ر تێرۆریستان هه‌ڵماڵیوه. هه‌ڵهاتنی سه‌ركرده‌كانی، پێكدادانه دوبارهبووهكان و ئه‌و سه‌رلێشێوان و نائومێدیه‌ی باڵی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌دا كێشاوه، ده‌سكه‌وتێكی تری مه‌یدانیی هێزه‌كانمانه."
وتیشی: "داعش ئه‌زمونی قۆناغی تێك‌شكان ده‌كات كه زۆر له سه‌رچاوه مرۆیی و داراییه‌كانی له‌ده‌ستداوه و ناشتوانێت خۆی بینابكاته‌وه یان تێكهڵببێت به دانیشتوانه‌كه، چونكه هه‌موو ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه."
عێراق به‌ته‌نها ناتوانێت داعش ده‌رپه‌ڕێنێت به‌هۆی به‌هێزییه‌وه. یونس عه‌لوان، مه‌غریب
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت