فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ئه‌نبار به‌مدواییه زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی نوێی راگه‌یاند بۆ راگرتنی پێشێلكاریه ئه‌منیه‌كان له ده‌روازه و خاڵه‌كانی پشكنیندا دوابه‌دوای كۆمه‌ڵێك ته‌قینه‌وه به ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له‌لایه‌ن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه.
یه‌كێك له‌و رێوشوێنانه خستنه‌كاری پشكنه‌ری ته‌قه‌مه‌نیه له ده‌روازه‌كانی شاره‌كاندا، قایمقامی ره‌مادی، ئیبراهیم عه‌وسه‌ج، به دیارونای وت.
عه‌وسه‌ج وتی له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا پۆلیس ئۆتۆمبیلی سۆنار ده‌خاته‌كار كه ئامێری پێشكه‌وتوویان تێدایه بۆ پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی.
ئۆتۆمبیله‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ئه‌نبار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ده‌خرێنه‌گه‌ڕ.
قایمقام وتیشی: "فه‌رمانده‌ی پۆلیسی ئه‌نبار، لیوا روكن هادی كه‌سار رزه‌یج، خۆی به‌شه‌خسی سه‌رپه‌رشتیی راهێنانێك ده‌كات له‌لایه‌ن شاره‌زایانی ته‌قه‌مه‌نیه‌وه بۆ ئه‌و پۆلیسانه‌ی ئۆتۆمبیلی سۆناره‌كان ده‌گرنه‌ده‌ست."
هه‌روه‌ها وتی ئه‌مه هاوشانی پرۆسه‌یه‌كی چڕوپڕی پشكنینی بۆمب دێت له ئۆتۆمبیله‌كانی ده‌روازه‌ی شاره‌كانی ئه‌نباردا بۆ رێگری له ئه‌ندامانی داعش بۆ دزه‌كردنه‌ناو پارێزگاكه جارێكی تر.
پێویستی به وریایی پۆلیس
له‌كاتێكدا تا بێت ده‌كه‌وێته‌ژێر فشاری زیاتره‌وه له موسڵ، داعش زنجیره‌یه‌ك هێرشی له ئه‌نبار به‌رپاكردووه كه به‌هۆی زیادبوونی وریایی هێزه ئه‌منیه‌كان و هاوكاریی مه‌ده‌نیه‌كانه‌وه كه‌مبوونه‌ته‌وه، به‌رپرسان وتیان.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، رۆژی 19 تشرینی دووه‌م، سێ ئه‌ندامی هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق كوژران كاتێك هه‌وڵیانده‌دا لۆریه‌كی بۆمبڕێژكراوی داعش پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه و پێیاندا ته‌قیه‌وه له ره‌مادی.
لۆریه‌كی گه‌وره‌ی بۆمبڕێژكراو له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه راگیرا له گه‌ڕه‌كی ته‌ئمیمی شاره‌كه.
موقه‌ده‌مێكی پۆلیس وتی: "سێ ئه‌ندامی تیمی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبی سه‌ر به پۆلیس، كه یه‌كێكیان موقه‌ده‌م بوو، كوژران و به‌رپرسی ره‌هه‌ته‌كه‌ش برینداربوو، له‌كاتێكدا هه‌وڵیاندا لۆریه‌كه پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه."
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق وتی شۆفێره‌كه ده‌ستگیركرا.
فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی خێڵه‌كی له خۆرئاوای ئه‌نبار، فه‌لاح قه‌ره‌قولی، وتی: "ئامانجی تێرۆریسته‌كان ئه‌وه بوو بچنه‌ناو ته‌ئمیمه‌وه و یه‌كێك له پرده سه‌ره‌كیه‌كانی شاره‌كه تێكبده‌ن بۆ دابڕانی ناوه‌ندی ره‌مادی له سنوره‌كانی خۆرئاوای."
قه‌ره‌قولی به دیارونای وت هێزه ئه‌منیه‌كان دوو رۆژ له‌وه‌به‌ر زانیاریی هه‌واڵگرییان ده‌رباره‌ی لۆریه‌كه پێگه‌یشت و چاودێریی هاتنه‌ناوه‌وه‌یان ده‌كرد له ته‌وه‌ری خۆرئاوای شاره‌كه‌وه.
وتی لۆریه‌كه راگیرا و شۆفێره‌كه‌ی ده‌ستگیركرا پێشئه‌وه‌ی بگاته ئامانجه‌كه‌ی، له جێگایه‌كدا كه له گه‌ڕه‌كه خه‌ڵكنشینه‌كانه‌وه دووربوو.
به‌رپرسان وتیان له فه‌لوجه‌ی دراوسێشدا رێوشوێنه ئه‌منیه‌كان توندكراونه‌ته‌وه له‌دوای ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو رۆژی 15 تشرینی دووه‌م.
فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فه‌لوجه، عه‌قید جه‌مال جومه‌یلی، به دیارونای وت: "دوو ئۆتۆمبیله بۆمبڕێژكراوه‌كه له‌لایه‌ن دوو خۆكوژه‌وه لێده‌خوڕدران كه دوای شه‌ڕی رزگاركردنه‌كه له فه‌لوجه هه‌ڵهاتبوون."
وتی كه‌س پشتگیری له داعش ناكات له‌ناو شاره‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش به‌مانای گروپه‌كه ناچاره به هێرشكردن له‌ده‌ره‌وه.
پشتگیری بۆ هێزه ئه‌منیه‌كان
جومه‌یلی وتی داعش به‌رده‌وامه له هێرشكردنه‌سه‌ر شاره‌كانی ئه‌نبار، سه‌ره‌ڕای دۆڕاندنه كوشنده‌كانی له روتبه و فه‌لوجه و ره‌مادی.
وتی به‌ڵام زۆربه‌ی هێرشه‌كان پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه به‌هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئه‌منیه‌وه له پارێزگاكه‌دا. ئه‌مه‌شی گێڕایه‌وه بۆ هاوكاریی زۆری مه‌ده‌نیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌كاندا.
وتیشی هاوكاریكردنی هێزه ئه‌منیه‌كان "گرنگ"ه به به‌خشینی زانیاری له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به هێزه‌كانی پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی تر و هه‌روه‌ها به پابه‌ندبوون به رێنوماییه ئه‌منیه‌كانه‌وه.
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار، كه‌ریم كه‌ربولی، وتی دانیشتوانه ئاواره‌بووكه‌ی فه‌لوجه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌كانیان دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ ناسنامه‌یان كراوه و مۆڵه‌تی ئاسایشیان پێدراوه.
كه‌ربولی به دیارونای وت: "هیچ گومانلێكراوێك نادۆزیته‌وه پشتگیری له تێرۆریزم بكات له شاره‌كه‌دا، جگه له‌وانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن دزه‌بكه‌نه ناوه‌وه."
وتیشی دانیشتوان ئازاری زۆریان چه‌شتووه به‌ده‌ستی داعش. له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌دا زانیاری ده‌ده‌ن به هێزه ئه‌منیه‌كان و پابه‌ندده‌بن به رێوشوێنه ئه‌منیه نوێكانه‌وه، چونكه نایانه‌وێت ئه‌و رۆژانه بگه‌ڕێنه‌وه.