هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خزمه‌تگوزاریه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌شه‌ رزگاركراوه‌كانی نه‌ینه‌وا

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئۆتۆمبیلی كارگوزاری ئاگر ده‌كوژێننه‌وه‌ و ناوچه‌كە پاكده‌كه‌نه‌وه‌ پێش گێڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزایه‌كان بۆ به‌شه‌ رزگاركراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینەوا. [خاوەنی وێنە: پارێزگاری نه‌ینه‌وا، نه‌وفه‌ل حه‌مادی]

ئۆتۆمبیلی كارگوزاری ئاگر ده‌كوژێننه‌وه‌ و ناوچه‌كە پاكده‌كه‌نه‌وه‌ پێش گێڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزایه‌كان بۆ به‌شه‌ رزگاركراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینەوا. [خاوەنی وێنە: پارێزگاری نه‌ینه‌وا، نه‌وفه‌ل حه‌مادی]

هه‌ر كه‌ سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی چونه‌ ناو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵه‌وه‌، حكومه‌تی عێراق داوای له‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ناوخۆییه‌كانی كرد ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و ئه‌مینكردنی ژێرخانی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا رۆژی 11 تشرینی دووه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای له‌ به‌ڕێوبه‌ر و كارمه‌ندانی هه‌موو فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی پارێزگاكه‌ كرد ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ كاركردن له‌ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا.

عه‌بادی وتی دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌كان له‌ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ ئه‌منیه‌كانی سوپای عێراق زیادده‌كات و یارمه‌تیی ده‌دات به‌ گوڕوتینی زیاتره‌وه‌ به‌ره‌وپێش بچێت و له‌ راده‌ی ئاواره‌بوونی دانیشتوانیش كه‌مده‌كاته‌وه‌ به‌ره‌و كه‌مپه‌ قه‌ره‌به‌ڵغه‌كان.

به‌ڕێوبه‌ری شاره‌وانی نه‌ینه‌وا عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن به‌ دیارونای وت شاره‌وانی یه‌كه‌مین فه‌رمانگه‌ بوو ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ كار له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی باشوری موسڵدا.

ناوبراو وتی سه‌رباری نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی، شاره‌وانیه‌كه‌ به‌ پشتگیریی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و شاره‌وانیه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ده‌ستیكردووه‌ به‌ دورخستنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی و پاشماوه‌كانی شه‌ڕ و داروپه‌ردو و خۆڵوخاشاك له‌ زۆر له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا.

وتیشی كارمه‌ندانی شاره‌وانیه‌كه‌ توانییان له‌ كاتێكی كورتدا ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی باشوری موسڵ پاكبكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ گه‌یاره‌ و حه‌مام عه‌لیل .

به‌ڵام روبه‌ڕوی ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌تر بوونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌شی باكوری ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ به‌عشیقه‌، به‌رتڵه‌ و حه‌مدانیه‌، كه‌ به‌ته‌واوی له‌ دانیشتوانی چۆڵ بوون و پێویستیان به‌ هه‌وڵێكی دووبه‌رابه‌ر هه‌یه‌ بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان.

ته‌حه‌دای زیاتر

قایمقامی قه‌زای موسڵ حسێن عه‌لی حاجم به‌ دیارونای وت له‌پاڵ دورخستنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی و داروپه‌ردووه‌كاندا، جۆری تری ته‌حه‌دا روبه‌ڕوی فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاری و شاره‌وانیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ له‌ كاره‌كانیان له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا.

"ئه‌مڕۆ روبه‌ڕوی ته‌حه‌دای گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی قوربانیانی داعش بووینه‌ته‌وه‌ ," حازم وتی.

وتیشی یه‌كێك له‌وانه‌ گۆڕێك بوو له‌ كۆلێژی كشتوكاڵدا له‌ حه‌مام عه‌لیل دۆزرایه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 150 سه‌ر و جه‌سته‌ی نه‌ناسراوه‌ی تێدابوو.

فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان ناتوانن ئه‌و ته‌رمانه‌ لابه‌رن هه‌تاكو شاره‌زایان ده‌گه‌ن بۆ دیاریكردن و شیكاریی جه‌سته‌كان پێشئه‌وه‌ی بگوێزرێنه‌وه‌ بۆ ناشتنیان به‌شێوه‌یه‌كی شیاوتر.

هه‌روه‌ها وتی: "زۆر له‌ خێزانه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ونن له‌ حه‌مام عه‌لیل و شورا و گه‌یاره‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دان كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و جه‌ستانه‌ ته‌رمی كه‌سوكاره‌كانیان بن كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێندرابوون."

وتی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چه‌كدارانی گروپه‌كه‌ ده‌یان خێزانیان به‌ره‌و شوێنی نادیار برد و گومانده‌كرێت هه‌ندێكیان كوشتبن له‌ حه‌مام عه‌لیل و شوێنی تر.

پلانه‌كانی دوای رزگاركردن

حاجم وتی موسڵ دوای رزگاركردنی دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر هه‌شت کەرتی خزمه‌تگوزاریدا، چواریان له‌ به‌شی راستی روباری دیجله‌ و چواریش له‌ به‌شی چه‌پ.

وتیشی هه‌ر کەرتێك وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه‌ ناوی لێده‌نرێت ناحیه‌.

هه‌روه‌ها وتی به‌شی چه‌پ له‌لایه‌ن جێگری یه‌كه‌می پارێزگاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و به‌شی راستیش له‌لایه‌ن جێگری دووه‌مه‌وه‌، كه‌ پشتگیریده‌كرێن له‌لایه‌ن تیمێكی ته‌واوه‌وه‌ له‌ یاریده‌ده‌ران، هاوشانی به‌ڕێوبه‌رانی فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی پارێزگاكه‌.

كادیرانی هه‌ردوو به‌شی شاره‌كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی پارێزگاری نه‌ینه‌وا نه‌وفه‌ل حه‌مادیدا كارده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویش راپۆرت بەرزدەکاتەوە بۆ عه‌لی عه‌لاق، به‌ڕێوبه‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ چارەسەرکردنی قه‌یرانه‌كان.

وتیشی هه‌ر گروپێك له‌ هه‌شت کەرتەکە ئه‌و زیانانه‌ ده‌خه‌مڵێنێت كه‌ له‌ده‌ره‌نجامی شه‌ڕه‌كاندا هاتوونه‌ته‌كایه‌وه‌ و پێشنیاز و داخوازیه‌كانیان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانی باڵاتر بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌و ناوچانه‌دا.

پارێزگار نه‌وفه‌ل حه‌مادی به‌ دیارونای وت به‌رنامه‌ی گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش پلانی داناوه‌ بۆ دابینكردنی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان بۆ دانیشتوانی موسڵ دوای رزگاركردن.

حه‌مادی وتی: "به‌رنامه‌ی گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 13 ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكردووه‌ بۆ پشتگیریكردنی حكومه‌تی ناوخۆیی له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كاندا بۆ شاره‌كه‌." وتیشی داعش به‌ئه‌نقه‌ست ژێرخان و خزمه‌تگوزاریه‌كانی وێرانكردووه‌ له‌ زۆرێك له‌و شارانەدا کە لێیان ‌هەڵهاتووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500